ژن لە سوڵحی عەشایەری و کۆمەڵگە دا

11:28 - 2022-04-18
تاڤان سەرکەوت
499 خوێندراوەتەوە

  لە دێر زەمانەوە  سوڵحی عەشایەری هەبووە  بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتی  کۆمەڵگە  لە کاتێکدا ئەمە خۆی کارێکی نا یاساییە، بەڵام بۆ ئەوەی پەنا نەبرێته بەر دادگا خەڵک کێشەکانیان بەم رێگایە چارەسەر دەکەن، لە کاتێکدا  ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشە سەرەکییەکەیە.
بەڵام   پرسیارەکە  لێرەدایە  ئایا  لە سوڵحی عەشایەریدا  چۆن دەڕواننە کچان و  ژنان؟  یاخود  چۆن  بەکاردەهێنرێن ؟
 بێگومان  لە سەرەتادا کە باسی ئەم بابەتە دەکرێت  خەیاڵمان دەچێتە لای ئەوەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا تەنها پیاوان دادەنیشن و هیچ  ژنێک  بۆی نییە لە مەجلیسی  پیاواندا دابنیشێ  و لە هەمانکاتدا ژنان وەک ئامرازیکی چارەسەر بەکاردەهێنن  بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە،  بەڵام ژنان نابێت خۆیان  ئامادەییان هەبێت، چونکە  دەردی کوردەواری خۆیان دەڵێن  ( پیاو قسەی تیا کردووە!).
 کەیس هەبووە ژنێک کوژراوە بە دەستی هاوسەرەکەی  سوڵحکراوە بە کچێکی 20 ساڵ و لەگەڵ کۆمەڵێک زەوی و پارەدا!.
 ئایا ئەمە سەردەمی پێشکەوتنە؟ ئەمە سەردەمی تەکنەلۆجیایە؟
ئەمە ئەو سەردەمەیە کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ  ژنان  بەتایبەتی دەگیرێت یان  هەر رۆژە و ژنێک بە کۆمەڵێک خەم و ئازارەوە  زیندە بەچاڵدەکرێت بە زیندووی بە بێ ئاگاداربوونی خۆشی.
رۆژانە لە میدیاکان  و رێکخراوەکانەوە  گوێمان  لەم حاڵەتانە دەبێت کە چۆن کچان دەکرێنە  قوربانی  بەڵام ئایا تا ئێستا چی کراوە؟  بۆ ناتوانرێت رێژەی کوشتنی ژنان کەم بکرێتەوە؟
 بێگومان تاکو ئەو ئەقڵیەتە پیاو سالارییە بمێنێ و هەتاکو  بوترێت تۆ کچی نابێت ئەوە بکەی و تۆ کوڕی ئازادی !!!!  ئەوا  رۆژ بە رۆژ  کۆمەڵگە بەرەو لاوازی دەڕوات.
 تەنها  ئیشی  رێکخراو و حکومەت نییە چارەسەرکردنی  ئەم کێشەیە ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە کە  شۆڕشێکی  وا بەرپا بکات کە چیتر  ژنان  وەک کاڵا بەکارنەهێنرێن، وەک داشی دامە یارییان پێنەکرێت.
 بەڵکو  ئەو ئەرک و مافانەی  پیاو  بەبێ ماندوبوون بە دەستی دەهێنێت  بدرێت بە ژنانیش  بێ ئەوەی داوای مافی خۆی بکات  و  بێ ئەوەی رابکات و هەوڵی بۆ بدات.
 لەکۆتاییدا من ئەمجارە ناڵێم ژنان هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێانی مافەکانتان!
 بەڵکو  دەڵێم  تۆ ئەی پیاو  ژینگەیەکی وا بڕەخسێنە  بۆ کچەکەت و بۆ ژنەکەت بۆ دایکت بۆ خوشکەکەت بۆ هاوڕێ کچەکەت کەوەک تۆی پیاو بژی و بیربکاتەوە و خاوەن بڕیار بێت و ئازاد بێت. کوڕەکەت وا پەروەردەبکە کە پێویست نەکات ژنان و کچان لە ماڵ زیندانی بکرێن، کوڕەکانتان پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی کچان ئازاد بن.

وتارەکانی نوسەر