ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و جیهانی عەرەبی بەگشتی، بە شێوەیەكی بەرچاو باش بوون و نزیكبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام مەترسیی زۆر خۆی مەڵاس داوە و ئەگەری هەیە لەهەر چركەساتێكدا بێت، سەرلەبەری ئەو رێكەوتنانە بگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
ئەو نزیك بوونەوە و ئاشتەواییەی لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا هاتۆتە ئاراوە، بە شێوەیەكی لاواز و بە دوودڵی و نەبوونی متمانە بەیەكتریی، هۆكارە سەرەكییەكەی بۆ گومانکردنە لە پابەندبوونی ئەمریكا سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە، لە كاتێكدا ئێستا ئەمریكا سەرقاڵی ململانێ و كێبڕكێكانێتی لەگەڵ چین و روسیا بە پلەی یەكەم، ئەمە سەرەڕای ئارەزوو بۆ رەخساندنی هەل و بواری وەبەرهێنانی بازرگانی لەسەر ئاستی ئابووریی جیهان.
لەلایەكی ترەوە پەیوەندییەكانی عەرەب و ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل لە كۆی (22) وڵاتی عەرەبی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ (6) وڵاتیاندا هەیە كە بریتین لە (میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن، مەغریب و سودان)، ئەوەش ئەگەری هەیە لە هەر چركەساتێكدا بێت، داری بەسەر بەردییەوە نەمێنێت، بەهۆی هەڵكشانی هێرشە سەربازییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەكان لە غەززە و کەناری خۆرئاوا، یان بە پێچەوانەشەوە پەلاماری فەلەستینییەكان بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها داڕمانی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل كە بۆی هەیە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عەرەب - ئیسرائیل خاوبكاتەوە.
سەبارەت بە سوریاش لە 19/5/2023 بەشار ئەسەد بەشداریی كۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی كرد، دوای ئەوەی ئەندامێتی سوریا لەو كۆمەڵەیەدا سڕكرابوو لە 2011، بەهۆی رووداوە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەوە، بەڵام مەترسیی گەورە بۆسەر ئەم ئاساییبوونەوەیە، بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەری (كابتجون)ە، كە لەوێوە بۆ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی كەنداو هەناردە دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵكشانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی حكومەتی سوریایە دژ بە گروپ و میلشیاكان لەو وڵاتە، ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە ئاساییبوونەوەكە خاوبكاتەوە لەبەر كاریگەری ئەو جموجووڵە سەربازییانە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی عەرەبیی دراوسێی سوریا.
سعودیە و ئێرانیش لە 10/3/2023 بە ناوبژی حكومەتی چین رێكەوتن و هەر لە پەكین رێكەوتننامەیەکیان ئیمزاكرد و پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانیان ئاسایی كردەوە، مەترسی دیار بۆ سەر رێكەوتنی ئەم دوو وڵاتە، بەر یەككەوتنی هێزە ركابەرەكانە كە پێشتر بەوەكالەتی هەردوو وڵات لەشەڕدا بوون، لە یەمەن و لوبنان و عیراق و سوریا، هەروەها بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، یان هەر هێرشێكی سایبرانی و ئەلیكترۆنی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر یەكتریی كە ئەگەری هەیە دۆخەكە بباتەوە خاڵی سفر.
توركیا و وڵاتانی عەرەبیش لە دوای بەهاری عەرەبی لە 2011، بە تایبەتی لەگەڵ میسر و تونس و سعودیە و ئیمارات و عیراق و سوریا گرژییەكی زۆر لە پەیوەندییەكانیان دروستبوو بەهۆی پشتیوانی ئەنقەرە لە ئیخوانەكانی ناو ئەو وڵاتانە، ئەمە چ جای دەستوەردان لە كاروباری عیراق و سوریا و قەیرانی ئاویش، بەڵام لە 2019 بەدواوە توركیا بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەموو ئەو كەناڵ و كەسایەتییانەی دەركرد، بۆ ئەوەی وڵاتە دەوڵەمەندەكانی كەنداو ئاشت بكاتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت بۆ راستكردنەوەی باری لاری، بەڵگەش سەردانەكانی ئەردۆغان بوو لە 2023 بۆ هەریەک لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر.
مەترسی گەورەش بۆسەر ئەم رێكەوتنە، گەڕانەوەی توركیایە بۆ پشتیوانی لە ئیسلامی سیاسی.