سۆشیال میدیا و منداڵ

10:05 - 2023-08-07
بەنان فاروق
463 خوێندراوەتەوە

سۆشیال میدیا دنیایه‌كی فراوانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، له‌ ئاكامی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیای ئینته‌رنێت و چه‌ق به‌ستوویی میدیای‌ كلاسیك هاته‌ ئاراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی میدیای باو تاكه‌كانی به‌ره‌و بێزاربوون و خۆونكردن و كه‌سایه‌تی و به‌لاڕێدابردنی له‌ كایه‌ مه‌عریفییه‌كانه‌وه‌ بۆ ونبوونی شوناسی راسته‌قینه‌ی میدیا‌ برد، تا له‌ دونیایه‌كی فراوانتردا تاكه‌كان بڕواننه‌ شته‌كان و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیدا ئاوێزان بن و ببنه‌ به‌شێك یان راسته‌وخۆ كاردانه‌وه‌ دروست بکات.
سۆشیال میدیا هەر یەکە لە فەیسبووک (مێتا)، ئینستاگرام، سناپ چات، یوتوب، تیلیگرام، وەتسئەپ، ڤایبەر، ئین و تویتەر،...هتد.  دەگرێتەوە و رۆژ بە رۆژ بەرنامەکانی سۆشیال میدیا روو لە زیادبوون دەکەن و ماوەیەکی کەمە بەرنامەیەک بەناوی Threads هاتۆتە ناو دونیای سۆشیال میدیا و بەرنامەی نوێی تریش دێنە ئاراوە و سۆشیال میدیا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت.

مەترسیدارە بۆ منداڵ
سۆشیال میدیائێستا لە کوردستاندا بەڕێژەیەکی زۆر بەکاردەهێنرێت و هەر لە منداڵەوە تا کەسانی بەتەمەن ئەکاونتیان هەیە لە زۆربەی بەرنامەکانی سۆشیال میدیا، کە چەندین سەعات بەدیار بەرنامەکانی سۆشیال میدیاوە بەسەر دەبەن.
بەکارهێنانی سۆشیال میدیاکان لەلایەن منداڵانی تەمەن کەمدا به‌رده‌وام روو لە زیادبوونە، بێ ئه‌وه‌ی دایك و باوكه‌كان گرنگی به‌وه‌ بده‌ن ‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌ هیچ گونجاو نییه‌ بۆ ئالوده‌بوون به‌ دونیای سۆشیال میدیاوە، بۆ منداڵان مەترسیدارە و رووبەڕووی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستییان دەکاتەوە بە بەڵگەوە سەلمێنراوە و رۆژ لە دوای رۆژ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەلایەن منداڵانی خوار و 10 ساڵەوە روو لە زیادبوون دەکات و بەمەش رووبەڕووی نەخۆشی وەک چاوکزی و خەمۆکی و گۆشەگیری و گەشەنەکردنی مێشک و قسەنەکردن...هتد، بۆ منداڵانی دوو تا پێنج ساڵان دەبنەوە ئەگەری توشبوونی زیاترە کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر منداڵان و پێویستە دایکان و باوکان  ئاگاداری مەترسییەکانیان بن، زۆرینەی دایکانی ئێستا بۆ ئەوەی منداڵەکەیان نەگری و بەهانەیان پێنەگرێت و خۆیان زۆر بە منداڵەکانیانەوە سەرقاڵ نەکەن مۆبایلێکی زیرەک یان ئایپاد و تابلێتیان پێدەدەن و لە کۆڵ خۆیانی دەکەنەوە، لەبری ئەوەی یاری منداڵانەیان بۆ بکڕن و خۆیان یاریان لەگەڵدا بکەن، بەڵام فێری دونیای سۆشیال میدیایان دەکەن.
سۆشیال میدیا بۆ منداڵ دانەنراوە
بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ منداڵ دانەنراوە تەنها ئەو بەرنامانە نەبێت کە تایبەتن بە منداڵ وەک یوتوب کیدس و مەسنجەر کیدس...هتد، کە زۆر بەکارهێنانی ئەم بەرنامانەش گونجاو نییە و باش نییە بۆ تەندروستی منداڵ و بۆ خوار تەمەنی 10 ساڵ باش نییە و گەشەی مێشکی منداڵ دوادەخات و دەبێتە یەکێک لە کەسانی گۆشەگیر و خەمۆک و ترسنۆک کە هیچ ناتوانێت لەگەڵ منداڵی تردا هەڵسوکەوت و یاری بکات، ئەمانە جیا لە نەخۆشی تریش کە منداڵەکە تووشی دەبێت.
بەشێک لە منداڵانی ئێستا لەلایەن دایک و باوکیانەوە ئەکاونتیان بۆ دروست دەکرێت لە سۆشیال میدیاکان، بەشێکیان لەبەر خۆشەویستییان بۆ منداڵەکە و بەشێکی تریشیان، چونکە بۆتە مۆدێل دایدەنێن بۆ منداڵەکانیان و بێ ئاگا لەوەی ئەو تەمەنە هی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا نییە، بەشێکی تری منداڵانیش خۆیان ئەکاونت بۆ خۆیان دروست دەکەن و تەمەنی خۆیان گەورە دەکەن تا رێگەیان پێبدرێت ئەکاونت دابنێن لە بەرنامەکانی سۆشیال میدیادا، پێویستە دایکان و باوکان لەوە تێبگەن و بزانن گونجاو نییە بۆ منداڵ و شتێکی تێدایە کە تایبەت نەکراوە بە منداڵان و منداڵ ناتوانێت ئەکاونت دابنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری دایکان و باوکان دەزانن بەکارهێنانی لەلایەن منداڵەوە باش نییە، بەڵام بەهۆی پێداگری منداڵ و بوون بە مۆدێل لەلایەن منداڵانەوە،...هتد، رێگری لە منداڵەکانیان ناکەن.

ئاگاداربوونی منداڵان
منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی سۆشیال میدیالە تەمەنێکی کەمدا تووشی کێشە دەبن و بەهۆی قسەکردنیان لەگەڵ کەسێکی خراپ و لە خۆیان گەورەتردا تووشی زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بۆ ئەو دایک و باوکانەشی منداڵەکانیان ئەکاونتیان هەیە لە سۆشیال میدیا پێویستە ئاگاداری منداڵەکەیان بن و بزانن چی دەکەن و لەگەڵ کێ قسە دەکەن و بەردەوام چاودێرییان بکەن، چونکە گەر چاودێرییان نەکەن رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە کە دواتر چارەسەر ناکرێن و دایک و باوکان پەنجەی پەشیمانی دەگەزن.
پێویستە دایکان و باوکان لەبری پێدانی مۆبایل و ئایپاد و تابلێت بە منداڵەکانیان وەکو ساڵانی پێشتر منداڵەکانیان بنێرنە دەرەوە تا تێکەڵی منداڵی تر بن و کۆمەڵایەتی بن، و یاری منداڵانەیان بۆ بکڕن بەتایبەتی ئەو یارییانەی مێشکی منداڵەکانیان دەجوڵێنێت و جار جار خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیان یاری بکەن و بۆ ئەو منداڵانەشی چوونەتە خوێندنگە کتێبی تایبەت بە منداڵان بکڕن و فێری خوێندنەوەیان بکەن و بیاننێرنە پەیمانگایەک بۆ فێربوونی زمان تا منداڵان چیتر سەرقاڵی دنیای سۆشیال میدیان نەبن و ببنە کەسێکی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتوو.
*رۆژنامەنووس

بەکارهێنانی سۆشیال میدیاکان لەلایەن منداڵانەوە روو لە زیادبوونە

وتارەکانی نوسەر