بەپێی یاسا هەركەسێك تاوانێکی فێڵكردن و تەڵەكەبازی بکات لە رێگەی درۆكردن و هەڵگرتنی چەند سیفەتێكی ناڕاستەقینە بە ئامانجی فریودانی خەڵكی بە بەندکردن سزا دەدرێت
جادو بە مانا دیارەکەی سیحر، بریتییە: لە کۆمەڵێک گرێ کە دوعای خراپی پێدەکرێت و کاریگەریی دەبێت لەسەر جەستە و دڵی کەسێک، بەوهۆیەوە کەسەکە تووشی بەڵا و ناڕەحەتی و کێشە دەبێت و هەندێکجاریش نەخۆش دەکەوێت.
لە کۆندا و ئێستاش جادوکردن هەیە، بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە رێژەیەک خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و چەندین خێزان و کەس بە بۆنەی جادو لێکردنەوە دەناڵێنن و کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانیان.
ئەو کەسانەی جادو دەکەن دوو جۆرن یەکەمیان، کەسانێکن بە راستی جاودوگەرن، دووەمیان کەسانێکن لەژێر ناوی جادو کردندا خەڵک فریو دەدەن بۆ پەیداکردنی بڕێک پارە، یاخود دوای دەستکەوتنی زانیاری تایبەتیی کەسەکە، بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی داوای پارە یاخود پەیوەندی ناڕەوا لە کەسەکان دەکەن و بەجۆرێک دەیانکەنە کۆیلەی خۆیان، لەپێناو ئەوەی زانیارییە تایبەتەکەیان پارێزراوبێت.
بەپێی بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو کەسانەی جادو دەکەن زیاتر لە رەگەزی نێرن و بەشێکی کەمیان لە رەگەزی مێن، هاوکات زۆرینەی ئەو کەسانەی گیرۆدە بوون ژنانن و بەشێکیان سکاڵایان تۆمارکردووە و کەیسەکانیان لە دادگایە.
لە ئایینی ئیسلامدا جادوگەری حەرامە، ئەو کەسەی جادو دەکات و ئەوەشی بەو مەبەستە سەردانی دەکات گوناهبار دەبن و ئەگەر پەشیمان نەبنەوە سزادەدرێن.
هاوکات بەپێی یاسا جادوگەری و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی تاوانە و سزای هەیە، لەم بارەیەوە چەندینجار هۆشیاری دراوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك (پەرلەمان، وەزارەتەكانی ئەوقاف، ناوخۆ و رۆشنبیریی) بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویستی كارگێڕی و قانوونی سەبارەت بەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن.
لە رووی قانوونییەوە هەرچەند هەرێمی كوردستان خاوەن قانوونێكی تایبەت و سەردەمیانە نییە تەنها ئەوەندە نەبێت بە پێوانەكردنی تاوانەكە لەسەر مادەكانی تایبەت بە فێڵكردن لەوانە مادەی 456 لە قانوونی سزادانی عیراقی ژمارە 111ی 1969 ئاماژەیداوە بەوەی کەسەکە سزادەدرێت بە بەندكردن، هەركەسێك تاوانێکی فێڵكردن و تەڵەكەبازی بکات لە رێگەی درۆكردن و هەڵگرتنی چەند سیفەتێكی ناڕاستەقینە بە ئامانجی فریودانی خەڵكی و بەهۆی گۆڕینی راستییە زانستییەكان، ئەمە یەكێكە لە گەورەترین هۆكارەكانی تەشەنەسەندنی دیاردەكە و گەورەیی قەبارەی زیانەكان.
پێویستە خەڵکی هۆشیار بکرێنەوە، چیتر باوەڕ بەو جۆرە کەسانە نەکەن کە جادو دەکەن و خەڵکی هەڵدەخەڵەتێنن، بۆئەوەی لە فێڵکردن پارێزراوبن و تووشی کێشە نەبن.