لەبارەی ناوبانگەوە

10:18 - 2023-10-29
بەنان فاروق
399 خوێندراوەتەوە

ناوبانگ ئەوەی زۆرینەی هەوڵی بۆ دەدەن كاتێك نییانە و ئەوانەشی ناودارن لێی رادەكەن، ناوبانگ بریتییە لەوەی كەسێك لەناو هەموو كەسەكانی تر دیاربێت و ناوی ناسراو بێت، خەڵكی ئەو كەسانەی كە ناودارن واتە ناویان دیارە لەناو كۆمەڵگەدا دەیناسنەوە ئەمەش پێی دەوترێت ناوبانگ.

ناوبانگ ئەوەی زۆرینەی هەوڵی بۆ دەدەن كاتێك نییانە و ئەوانەشی ناودارن لێی رادەكەن، ناوبانگ بریتییە لەوەی كەسێك لەناو هەموو كەسەكانی تر دیاربێت و ناوی ناسراو بێت

جۆرەكانی ناوبانگ
یەكێك لە ئارەزووە سەرەكییەكانی زۆرینەی مرۆڤ ناوبانگە و بەشێكی زۆری خەڵكی هەوڵی بۆ دەدەن و بەدەستی دەهێنن بە ویستی خۆیان، بەڵام بەشێكی تری ناوبانگ بێ ویستی كەسەكە روو دەدات و بە بۆنەی شتێكەوە بەناوبانگ و ناودار دەبێت.
ناوبانگ بە گشتی دوو جۆرە، ناوبانگی ئەرێنی و ناوبانگی نەرێنی، ناوبانگی ئەرێنی ئەو جۆرە كەسانە دەگرێتەوە كە یاسا و رێساكانی كۆمەڵگەیان پێشێل نەكردووە و كۆمەڵگە رێگەی پێداوە و خەڵكی رێزی لێدەگرن و خزم و دۆست و نەوەكانی داهاتووی شانازی پێوەدەكەن و ناویان دوای كۆچی دوایشیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە، هەندێ جار ئەم جۆرە ناوبانگە بە ویستی خۆیان ناودار دەبن و هەندێ جاریش بێ ویستی خۆیان ناودار دەبن، هەندێكیشیان بەهۆی زۆریی خزمەت بە چوار پارچەی كوردستان و قارەمانییەتی ناوداربوون و شایانی بەناوبانگبوون بوون وەك: شێخ مەحمودی حەفید، حەپسە خانی نەقیب، قازی محەمەد، یەڵماز گۆنەی، ئەحمەد كایا، و شاعیران نالی و سالم و كوردی، مەحوی و مەولەوی و چەندین كەسایەتی ناسراوی تریش كە نووسینیان چەندین لاپەڕە پڕدەكاتەوە.
بەشێكی ئەو كەسانەشی كە بەناوبانگی ئەرێنی دوای بەناوبانگبوونیان لە خۆیان دەگۆڕێن و خۆیان لە خەڵكی بە گەورەتر دەزانن، بەڵام خۆیان دەرناخەن لای خەڵكی، تا لە نزیكەوە نەیانناسی و تێكەڵیان نەبی، نازانی چ جۆرە كەسانێكن.
دووەم جۆریان ناوبانگی نەرێنی ئەم جۆرە ناوبانگە رێك بە پێچەوانەی ناوبانگی ئەرێنییەوەیە و ناوبانگێكی خراپیان هەیە و خەڵكی رقیان لەم جۆرە كەسانە دەبێتەوە و لەلایەن كۆمەڵگەوەشەوە بە كەسانی بێڕێز لە قەڵەم دەدرێن و دەبنە جێی جنێو و سووكایەتی خەڵكی، ئەم جۆرە كەسانەش وەكو جۆری یەكەم هەندێكیان بە ویستی خۆیان ناوبانگ دەردەكەن و خۆیان بە شتی بێ بنەما و قسە و تانە و توانج لە خەڵكییەوە بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە ئابڕوو و كەسایەتی خۆیان لەكەدار دەكەن و بڕە پارەیەك بەدەست دەهێنن بە قسە و كردنەوەی لایڤ لە سۆشیاڵ میدیاكاندا بەتایبەتی تیك تۆك، هەندێكیشیان بەبێ ویستی خۆیان بەناوبانگ دەبن و ناوبانگەکەیان دەچێتە ژێر پرسیاری خەڵكەوە و خەڵك بەشێوازێكی كەم و بە قسە پێوتنیان و جنێودان پێیان ناوبانگێكی نەرێنی بۆ خۆیان پەیدا دەكەن، ئەم جۆرەیان ناویان هەمیشە بە خراپی دەمێنێتەوە و دەبنە مایەی شەرمەزاری بۆ دۆست و خێزان و خانەوەداكەیان.

رۆڵی میدیا لەناوبانگدا 
بە گشتی میدیا رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە بەناوبانگكردنی كەسایەتییەكانی كوردستان و جیهان، چونكە ئەگەر میدیاكان نەبن كەس ئەو جۆرە كەسانە ناناسێت و بەناوبانگ نابن.
لە جیهاندا و لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بەدەستهێنانی ناوبانگ هیچ ئاسان نییە و بگرە زۆریش قورسە، بە گشتی لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا كەسانی هونەرمەند و كەسانی میدیاكار و كەسانی بەهرەمەند و پڕۆفیسۆرەكان ناودار دەبن و هەرگیز رێگە بە كەسێكی ئاسایی و بێ ئەزموون و بێ بەهرە و توانا نادرێت بەناوبانگ بێت و لە میدكاكاندا دەربكەوێت و هەموو میدیاكانیان سانسۆر كراون و كەسانی ناوداری جیهان بەزۆری خۆیان لە میدیاكان دەشارنەوە و خۆیان لە میدیاكان بەدوور دەگرن، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان لە كوردستان كەسانی بێ بەهرە و هیچ لەبارانەبوو و زۆرجار هەندێک لە كەسانی فاشیل و دواكەوتوو بەناوبانگ دەبن و بەشێكی میدیاكانیش رۆڵی سەرەكی دەبینن لە گەورەكردن و بەناوبانگكردنی ئەم جۆرە كەسانە و پێویستە ئەو جۆرە میدیایانە سانسۆر بكرێن و چیتر رێگە بە گەورەكردنی كەسانی لەو شێوەیە نەدرێت، سنووریان بۆ دابنرێت و هیچ وێنە و لێدوانێكیان بڵاونەكرێتەوە بەتایبەتی لە سۆشیاڵ میدیاكاندا، چونكە ئەو جۆرە كەسانە دەبنە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و تێكدانی خوڕەوشت و ئەخلاق و ئاكاری هەرزەكاران و گەنجان.

رێگری لە ناوبانگی نەرێنی بگیرێ
پێویستە دەزگاكانی ئاسایش سزای ئەو جۆرە كەسانە بدەن كە ناوبانگی نەرێنیان هەیە و دەبنە هۆی تێكدانی شیزازەی خێزان و خوڕەوشت و ئەخلاقی هەرزەكار و گەنجەكان و سانسۆر ئەو میدیایانە بدەن كە رۆڵیان هەیە لە گەورەكردن و ناوداركردنی ئەو جۆرە کەسانەدا و پێویستە هاووڵاتیانیش هۆشیار ببنەوە و چیتر نەچنە ناو لایڤی كەسانی ناوداری نەرێنی و بۆ ئەوەی ئەوان بە مەبەستی تایبەتی خۆیان نەگەن و هیچ بڕە پارەیەكیان بە لایڤەكانیان دەستنەكەوێت تا واز لەو كارە بهێنن و كۆتایی پێ بهێنن.
بە زۆری ئەو كەسانەی بەناوبانگ بوون بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە ناوبانگی نەرێنیان هەیە و بەشێكی ئەوانەشی ناوبانگی ئەرێنیان هەیە بەهۆی ناوبانگەوە لە خۆیان دەگۆڕێن و خۆیان لە خەڵكی بە گەورەتر و بە گرنگتر لە خەڵكی دەزانن كە ئەمەش ئەو جۆرە كەسانەن كە هیچ نەدیوو هیچ نەزانن و ئەوانەشی كە ناوبانگی بەبێ ویستی خۆی بووە و لە خۆیی گۆڕاوە هەنگاو بەرەو ناوبانگی نەرێنی دەنێن و بە تێكەڵبوونیان لەگەڵ خەڵك، خەڵك بە كەسانی دواكەوتوو و نەزانیان لە قەڵەم دەدات چونكە بەناوبانگی راستەقینە هەرگیز ناوبانگی بەلاوە گرنگ نییە، لای عاریفانیش ناوبانگ لە دنیادا گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە لەو دنیادا چۆنە.
هەروەكو مەحوی دەڵێ: بەبێ نامی ژیام و نامەوەر چووم.

یەكێك لە ئارەزووە سەرەكییەكانی زۆرینەی مرۆڤ ناوبانگە

وتارەکانی نوسەر