وەكو سەعیكردن

کۆمێنت

11:59 - 2022-04-19
شیرین. ک
572 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(3)

 لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنمدا، هەر لە سەرەتاییەوە تا زانكۆ خوێندكارێكی جدی بووم، وەكو تێبینیم كردووە زۆربەی خوێندكارە جدییەكان لە كاتی سەعیكردندا قەڵەم و كاغەزیان پێیە و بە نووسینەوە سەعی دەكەن، منیش هەروا بووم رەنگە هەر ئەو خووەم  وایكردبێت لە كاتی خوێندنەوەی كتێبەكانی دەرەوەی خوێندنیش تێبینی بنووسم، سوودی ئەم خووەم دوای ساڵانێكی زۆر لە خوێندنەوە بۆم دەركەوت، كە رەنگە بمپارێزێ لە لەبیرچوونەوەی ئەو كتێبانەی دەیانخوێنمەوە، بۆ یەكەمجار لە سەرەتای نەوەدەكاندا ئەو هەستەم ئەزموون كرد، ئەو كاتەی دەستمكرد بە خوێندنەوەی كتێبێكی نێو كتێبخانەكەی ماڵەوە، دوای خوێندنەوەی بیست لاپەڕە ئینجا بۆم دەركەوت كە پێشتر ئەم كتێبەم خوێندۆتەوە، كتێبەكە بە ناوی (ئەوانەی لە خوارەوەن) رۆمانێكی نووسەری مەكسیكی (ماریانۆ ئەسۆیلا)یە.
هەستێكی ناخۆش بوو، بەڵام كە بۆ هاوڕێكانم باسكرد و چەند شتێكم لەبارەی ئەم حاڵەتەوە خوێندەوە بۆم دەركەوت ئەمە شتێكی ئاساییە و كەم و زۆر خوێنەر تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر دەخوێننەوە،  ئەمەش بەو مانایە نییە كە ئیتر واز لە خوێندنەوە بێنین و بڵێن بێسوودە، چونكە ئەو زانیاریانەی وەریدەگرین ئەگەر لە بیریشمان نەمابێت بەڵام لە نووسین و بیركردنەوە و گفتوگۆماندا رەنگدەداتەوە، ئەو كاتە بۆ یەكەمجار تێگەیشتم  ئیشێكی باشم كردووە كە لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەكدا، تێبینی و رای خۆم نووسیووە لەگەڵ  ئەو دێڕانەی سەرنجیان راكێشاوم، چونكە كاتێك دەچینەوە سەر ئەو نووسینانە زۆر شتمان بیردەكەوێتەوە، هەر ئەو خوێندنەوانەیە باكگراوندێكی رۆشنبیریمان بۆ بنیات دەنێن، بەردەوام بوونیش لەسەر خوێندنەوە، ئەو باكگراوندەمان بۆ نوێدەكاتەوە.
بەڵام دواجار لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن و زیاتر جەنجاڵبوونی ژیان و هێرشی ناڕەوای تەكنەلۆژیا، یادەوەریمان كزتر و خوێندنەوەی كتێب كەمتر دەبێتەوە، بۆ من ئەو دەفتەرانە فریادڕەسن بۆ رزگاربوون لە لەبیرچوونەوە، بۆ بەزیندووهێشتنەوەی ئەو یادەوەرییانەی بەشێكی پڕ بایەخی ئەو ژیانەمن كە تێپەڕیوون و نامەوێ لە بیریان بكەم.

وتارەکانی نوسەر