یەکێتی و ویستی گەل سەردەکەوێت

09:58 - 2023-08-10
سەروەر کەمال رەسوڵ
381 خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك ھێزێكی ھەڵقوڵاوی ناو جەماوەر، چۆن لە رابردوودا تێكۆشاوە بۆ یەكڕیزیی كورد و بەدەستھێنانی مافەڕاوەكانی، لەم قۆناغەی ئێستاشدا ھەموو ھەوڵێكی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، بە یەك لیست بەشداریی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق بكات.
بۆیە لە رابردوودا داوای لە سەرجەم لایەن سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستانی كردووە، بۆ ئەوەی بەیەكەوە پارێزگاریی لە دەنگی كورد بكە، بەڵام بەداخەوە دەست پێشخەریی یەكێتی بەھەند وەرنەگیراو هەندێک لایەنی دیاری گۆڕەپانی سیاسیی ھەرێم ئامادە نەبوون پارێزگاری لە دەنگی كورد بكەن لە ناوچە دابڕاوەكانی ھەرێم.
یەكێتی لەسەنگ و پێگەی خۆی لەناو جەماوەری كورد لە كەركوك زۆر دڵنیایە، ئەوێ بۆ یەكێتی قەڵایەكی گەورە بووە. ئەوانەی نایانەوێت لەگەڵ یەکێتی یەک لیست بن، تەنیا یەك ئامانجیان ھەیە، ئەویش لێدانی پێگەی یەكێتییە، دەیانەوێت یەكێتی و جەماوەرەكەی لێكدابڕێنن، ئەمەش ئەستمە بۆیان بچێتە سەر. ھەرچەندە جەماوەری یەكێتی لە پارێزگای كەركوك گلەییان ھەبووبێت لە حزبەكەیان، بەڵام لە ھەڵبژاردنەكان پشتی حزبەکەیان لە بەرامبەر دوژمنانی یەكێتی و كورد بەر نەداوە.
دەبێت جەماوەری كوردستان ئەو راستییە بزانن، یەكێتی داوایكرد ناكۆكی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەكان لە ھەرێم نەبێتە ھۆی فەوتانی رێژەیەكی زۆری دەنگی كورد لە كەركوك، بەڵام بە دەنگ یەكێتییەوە نەھاتن، دەبێت ھەق بدەنە یەكێتی كە تاكە ھێزە لە ھەرێم کە داوایكرد دەنگی كورد زیانی بەر نەكەوێت، شەڕی حزبایەتی و گواستنەوەی ناكۆكییەكان بۆ ئەو ناوچانە زیان لە پێگەی كورد دەدات.
گرەوكردن لەسەر ئەوەی یەكێتی بخەن لە كەركوك گرەوێكی دۆڕاوە، چەندجار تاقییانکردۆتەوە،بەڵام هەر بێهوودە بووە. لەناو ھێزە سیاسییە كوردییەكان رێژەی زۆرینەی دەنگەكان و كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام ئامانجی سەرەكی ئەوە بووە كە كورد پێگەی لاواز نەبێت، بە دڵنیاییەوە پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەكان بەوجۆرە زیانی لێدەكەوێتەوە.
جەماوەری دەنگدەری كورد لە دەرەوەی هەرێم، دەبێت ھەموویان ئەو راستییە بزانن، دروشمی بریقەداری ھەندێك لایەنی سیاسی سوود بە خەڵكی كورد ناگەیەنێت. دوا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەو راستییەی سەلماند کە كورد بە پەرتەوازەیی ھیچ سوودی نەبینی و رێژەیەكی زۆری دەنگدەرەکانی لەدەستدا.
لە داھاتوودا ھەر لاوازییەك لە پێگەی كورد بێتە پێش ئەوانە لێیی بەرپرسن، كە ئامادە نەبوون لەناو لیستێكی كوردیی یەكگرتوودا بەشداریی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق بكەن و پارێزگاریی لە پێگەی كورد بكەن.
خەم خۆریی یەكێتی بۆ پارێزگاریی لە دەنگ و پێگەی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكانی ھەرێم، شایستەی رێز و لە بیرنەكردنە و ھەقە دەنگدەرانی كورد ئەو ھەڵوێستە لەبیرنەكەن لەکاتی دەنگداندا وەک وەفایەک بۆ ئەم هەڵوێستە کوردانەیە دەنگ بە کاندیدەکانی یەکێتی و ئەو هاوپەیمانییە بدەن کە یەکێتی تێدا دەبێت.

یەک لیستی، بژاردەی سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان دوور دەخستەوە

وتارەکانی نوسەر