باکگراوند

درۆی کۆن بە تەکنیکی نوێ

10:16 - 2023-08-13
جەمال ئارێز
371 خوێندراوەتەوە

(6)

گەندەڵیی و دۆخی جەمسەرگیریی ئیقلیمی و ململانێی سیاسیی و تایفیی نێوان لایەنە عیراقییەکان و پەرتبوونی کۆمەڵایەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە دوای رووخانی رژێمەوە، ژینگەیەکی لەباری خوڵقاندووە بۆ رەواجدان بە جۆرە میدیایەکی چەواشەکارانە، بەتایبەتی کە عیراقی دوای رووخانی رژێمی پێشوو کرانەوەیەکی گەورەی لە رووی میدیا و تۆڕەکانی پەیوەندیی بەخۆوە بینی  کە جیاوازبوو لەو میدیا یەک دەنگ و رەنگەی  پێشوو.
ئەو چەواشەکارییانەی لە ماوەی (20) ساڵی رابردوودا لە رێی رەخنە گرتن لە دۆخی عیراقی دوای رژێمەوە دەدرێت بەگوێی نەوەی ئەم (20) ساڵەدا، ستایشکردنی رژێم و سەدامی سەرۆکی ئەو رژێمەیە کە گوایە گوێی بە گوشاری نێودەوڵەتیی و ئیقلیمی نەداوە و هەمیشە (جوامێرانە!) رووبەڕوویان بۆتەوە و بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئیقلیمی کردوویانە بە پاڵەوانێکی بێوێنە!
ئەگەر باکگراوندی رووداوەکانی ساڵانی حوکمڕانیی نێوان (1968 - 2003)ی ئەو رژێمە و بەتایبەتی سەرۆکە (پاڵەوانە!) شەن و کەو بکەن و بەراوردی بکەن بە دۆخی دوای 2003، دەگەنە ئەو راستییەی کە زۆربەی کێماسییەکانی دۆخی دوای حوکمڕانیی 35 ساڵەی ئەو رژێمە، پشکی شێری بەر ئەو رژێمە و سەرۆکە کارتۆنییەکەی دەکەوێت.
رابردووی ئەو رژێمە پێمان دەڵێت: ئەوەی حکومەتە لەرزۆکەکانی پێش 1968 لە پاشایەتییەوە و لە پەیماننامەی سەعد ئابادی 1937 و رژێمی قاسم و عارفەکانیشدا و بەوانەی دوای 2003 بوێرییان نەبووە بیدەن بە ئێران، ئەو رژێمە لە 1975 داو لە رێکەوتننامەی جەزائیردا لەسەر سینییەکی زێڕ (6000) کیلۆمەتر چوارگۆشە زەویی و نیوەی (شەتولعەرەب)ی پێشکەش کردن. هەر ئەوەش نا بەڵکو لە 1990دا دوای هەشت ساڵ جەنگ و زیاتر لە ملیۆنێک قوربانی لە کوژراو و بریندار و دیل و 438 ملیار دینار قەرز، لە نامەیەکی سەدامدا بۆ هاشمی رەفسنجانی دووبارە هەمان ئەو زەوی و ئاوانەی پێشکەشی ئێران کردەوە، ئەوە وێڕای ئەوەی بە نیازی پاراستنیان لە بۆردومانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رزگارکردنی کوێت، زیاتر لە 148 فڕۆکەی جەنگی و مەدەنی رەوانەی ئەو وڵاتە کرد و تایەیەکی ئەو فڕۆکانەشی وەرنەگرتەوە.
ئەوە جگە لەو خاکانەی خۆرئاوای عیراق بە ئوردنی فرۆشت لە سنووری ترێبڵ و ئەو خاکانەی لە سنوورەکانی باشووری خۆرئاوا کە خاکی عیراق بوون فرۆشتنی بە سعودیە، لەولاشەوە لەبەرامبەر تورکیادا بۆ نەگرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات، بە ناچاری بۆری نەوتی کەرکوک جیهانی پەسەندکرد و سەرەڕای ئەوەش بە رێکەوتنی 1984 و 1990 رێگەی بە ئەنقەرە دا کە بۆی هەیە بە قووڵایی 30 کیلۆمەتری ئاسمانی و 15 کیلۆمەتری زەمینی بێتە ناو خاکی عیراقەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکانی خۆی. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە دۆخی دارایی و ئابووری، قەرزەکانی سەر عیراق، دەستبڕین و گوێبڕین و زمان بڕین و تاوانە زۆرەکانی تر کە هەموو نەوەکانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانیش شایەتحاڵی ئەو تاوانانەن، ئەگەرچی ئەو تاوانانە نابنە شفاعەتکار و پاساو بۆ هیچ تاوانێک کە هەنووکە و لە 20 ساڵی رابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە بەرامبەر بە عیراقییەکان کراون.

وتارەکانی نوسەر