هەڵبژاردن و مەترسییەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان

10:33 - 2023-08-17
مستەفا محەمەد
402 خوێندراوەتەوە

ماوەیەکە لە عیراق، شانە نوستوو و پەرتبووەکانی داعش لەهەوڵی خۆرێکخستنەوەن، لەهەموو بارێکیشدا دوای کوژرانی قوڕەیشی پێشوو و دەستنیشانکردنی «ئەبو حەفصی هاشمی» وەک سەرۆکی نوێی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەکە، ئامانجیانە بەهەندێ کردەوەی تیرۆریستی رێکخراو، جوڵە و هێزی خۆیان لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق و بەتایبەتیش لەجێناکۆکەکان نیشان بدەنەوە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ خۆڕێکخستنەوە، هاوکات لەسەروبەندی هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا کە وابڕیارە لە «18-11-2023» بەڕێوەبچێت، ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێت مەترسی گەورە و بەربەستی جددی دەبن لەئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە و تێکدانی ئارامی ئەو ناوچانە.
هەڵبژاردنی ناوچەکانی تەماسی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ خۆحەشاردان و جموجۆڵیان لە سنووری پارێزگای کەرکوک، ئامانجەکەی روونە کە جگە لە ئاسانی هاتوچۆیان، مەبەست لێدانە لە هەر هەوڵێک بەئاراستەی یەکلایی بوونەوەی دەنگی ئەو ناوچانە بۆ لایەنی کوردیی، ئەمیش بە دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ساردکردنەوەی هاووڵاتیانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ پیادەکرنی مافی خۆیان لە دەستنیشانکردنی نوێنەرانی خۆیان لەناو ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، کە بەداخەوە لایەنە شۆڤێنیەکانیش لەم رووەوە بێ قسور یارمەتیدەریانن.
بەداخەوە لەگەڵ بوونی ئەم هەموو مەترسییانەدا، هێشتا لایەنە کوردییەکان یەکتر ناخوێننەوە، بگرە لەپێناوی دەسکەوتی حزبیدا هەندێ لایەن بەپێی بەرژەوەندییەکانیان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن، هیچ کات ئەمن و ئارامی و پاراستنی روانگەی ژیانی پێکەوەیی ئەو ناوچانەیان لەبیر نییە! لەجیاتی ئەوە خەریکی سەنگەر لەیەک گرتن و تەنانەت لەگەڵ لایەنە شۆڤێنیەکانیشدا سەرگەرمی دروستکردنی لیستی جیاجیان.
خۆ ئەگەر ئەم گەڕەش نەتوانرابێت گوتاریی سیاسی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان یەک بخرێ و هەموو هێزە کوردییەکان لە یەک لیستدا بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمان بن، دەکرێ لەسەر ئاستی باڵای حزبەکاندا هەماهەنگی بکرێ و رێگر بن لە قەبەبوونی مەترسییە ئەمنیەکان، کە دواجار هەموو لایەک و پێش هەمووانیش هاووڵاتیانی رەسەنی ئەو ناوچانە لێی زیانمەند دەبن.بۆیە گرنگە پێش ئەوەی ئەو شانانەی داعش خۆیان زیاتر رێک بخەنەوە و ببنەمایەی سەرئێشە بۆ هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە، هەرێم و ناوەند لەئاستی باڵادا پەیوەندییە سەربازییەکانیان پتەوتر بکەن، وە بۆ هەڵتەکاندنی ئەو گروپە پەرتبووانە و تێکشکاندنیشان لەڕووی لۆجستیەوە هەماهەنگی ئاڵوگۆڕی زانیارییان لەنێواندا بەهێزبێ و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەپەیوەندی بەردەوام دا بن، وە رێککاری توند و تۆڵیش بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی سنووری عیراق لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ لەو خاڵە سنووریانەی کە جموجۆڵی مەشبوهی ئەو شانانەی لێوە دەکرێ، بەم هەنگاوانە پێشوەختە دەتوانرێت زەمینەیەکی لەبار بۆ ژیانی پێکەوەیی و برایەتی لەکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بسازێنرێت کە بێگومان بۆ ئەم هەڵبژاردنەش رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت.

وتارەکانی نوسەر