یەکێتی بڕیارێكی بوێرانەی دا

09:49 - 2023-08-22
سەروەر کەمال رەسوڵ
325 خوێندراوەتەوە

سەروەر كەمال رەسوڵ 


مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای كەركوك کۆبووەوە و بڕیاری بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی دەرکرد.
یەكێتی بەدرێژایی مێژووی خۆی رووبەڕووی چەندین  گرفتی ناوخۆیی و دەرەكی بۆتەوە، لە هەموو ئەو وێزگانە گرە و لەسەر نەمانی كراوە، بەڵام هەمیشە لە گرەوەكانیان دۆڕاون، ئەوەی ئەوان خەونیان پێوە دیوە نەهاتۆتەدی و یەكێتی بەرامبەر چەندین پلان کە لێیگێڕدراوە سەركەوتوو بووە.
ئێستا یەكێتی لەزۆر رووەوە رێكخراوەتەوە و چەندین گرفتی ناوخۆیی هەبوون كە ببوونە کۆسپ،بەڵام بە تێپەڕینی کات زۆریان چارەسەرکران، ئەمە لەكاتێكدا كەسانێك هیواخواز بوون گرفتەكان بگەنە ئاستی مەترسیدار.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی درێژەی دا بە بەڕێوەبردنی یەكێتی، و كاری كرد بۆ نەهێشتنی گرفتی ناوخۆیی كە پێشتر دروستكرا بوون.
لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی بەرامبەر تەواوی هێزە ناوخۆیی و عیراقییەكان و نێو دەوڵەتیش، توانی خۆڕاگرانە بەرامبەر رووداوەكان بوەستێت.
بۆ یەكەم جار لە مێژووی یەكێتیدا، بڕیاری بەستنی كۆنگرە دراوە بەر لە تەواوبوونی وادەی رەسمی خۆی، ئەو بڕیارە وەڵامی هەموو ئەو بیروبۆچوونانەی دایەوە كە پێیان وابوو یەكێتی توانای بڕیاردانی كۆنگرەی نەماوە و بۆ چەندین ساڵی تر ناتوانێت كۆنگرە ببەستێت.
پێویستە كۆنگرەی پێنجەم، كار بكات لەسەر ئاشتكردنەوەی بنکەی حزبیی یەکێتی كە هەزاران ئەندام و لایەنگر لەخۆ دەگرێت كە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی چەندین كەس زویربوون، یەكێتی خاوەنی جەماوەرێکی بە وەفا و دڵسۆزە، دەبێت كۆنگرە رەچاوی ئەو مێژووەیان بکات کە پڕیەتی لە ئازایەتی و قارەمانی لە رۆژە سەختەکاندا.
 جەماوەرو ئەندام و كادیرانی یەكێتی هیواخوازن كۆنگرە هەنگاوی گەورە بۆ بەرەوپێشچوونی یەكێتی بنێت لەسەرجەم كایەكانی پەیوەست بە حزبایەتی و  فروانکردنی پێگەکەی لە عیراق و هەرێم.

وتارەکانی نوسەر