ئەمە وێنەی دکتۆر ئاتیلایە، پاڵەوانی دوو رۆمانی کوردی و عەرەبی و. نامیلکەیەکی ژیاننامەی سەرەتای راپەڕین.
وێنەی رەنگاوڕەنگی شەهید ئاتیلایە کە عاشقی کوردستان و شێتی کەنیشکێکی گەرمیانی و وێڵی دوای بەختەوەری دوارۆژێک بوو کە قەت نەهات.
قەدەر و ماڵە باوان و رژێمی جینۆساید لە شاڵاوی ئەنفالدا کارێکی کرد (یار بۆ گڵ بێ، نەک بۆ دڵ).
ئاتیلا پاڵەوانی دوو رۆمانە کە وێڕای جوانی هۆنینەوەیان هێشتا ئەدگاری راستەقینەی خۆی شیرینترە. کۆچکردوو مەهاباد قەرەداغی لە (فاتێلا) ئاوێتەی ناوی عاشق و مەعشوق دەکاتە هێمای دوالیزمی رۆمانەکە و سەردار عەبدوڵڵاش لە ئاتیلا دواین عاشق رۆمانی فەلسەفە و ئەدەب و پێشمەرگایەتی وا گوڵبژێر دەکات نازانی چۆن فەنتازیا و واقیع لێک هەڵاوێری؟ نووسەر ئەم گێڕانەوەیەی خۆی بە خەیاڵی کوردی تۆمار کردووە و خوێنەری عەرەبیش سەرپشکە لە وێناکردنێکی فەلەستینیانەی موقاوەمەت و داگیرکاری.
ئاتیلای کوردستانی لە گوزارشتی ژیاندا تورکمانێکی هاوڕێی چارەنووس و تەمەنە کە دین و شێتی شاری کفری و کوردستان و فاتێ دەبێت. لە گێڕانەوەی داستانیشدا ناوەڕۆکی درەخشان وەردەگرێت ئەگەرچی، دیسانەوە، هەر روخساری بەرجەستە دڵگیر و نازدارە. ئەگەرچی سەهلی مومتەنیعی چیرۆکەکە رۆمانی نە گەرەکە ئەم بەیتە فلکلۆرییەی ماملێ دەیچڕێت کافی و شافییە؛
(بەختێ لە ئەزەل سیاچارە بێ
دەستی لێ مەدەن با ئاوارە بێ).
لە قوژبنی ئەم شۆڕشە نوێیەدا سەدان حیکایەتی وا خۆی حەشارداوە و ئەمی شانۆی کفری چانسێکی خاترجەمی بوو بۆ شاری وەزیران کە ئێستا گلەیی و گازەندەی رەوای هەیە و قەولە زامی ساڕێژ بکرێت.
قوژبنی دیرۆکەکانی شۆڕش وەک کوچە و دوکان و گوزەرەکانی کفری وایە: ستۆدیۆیەکی عوسمانی دراماکانی رۆژهەڵاتە و هەر دەق و داڕشتنی گەرەکە، دەنا پاڵەوانەکان زیندوون و خۆیان بەسەرهاتان بەسەر دەکەنەوە.
هەندێک جار لە دەفتەری دڕاوی بیرەوەرییەکانی پێشمەرگە یان لە گۆڤار و بەرنامانی تۆماری شۆڕش لێیان هەڵدەگۆزم و جارێکی تر بە تەکنیکی نووسینی رۆژامەوانی دەیانهۆنمەوە، لەبەر ئەوە نا وەک جووی ساجی عەلی بە دەفتەری جاراندا دەچمەوە داخۆ قەرزم لای کێیە؟ نەخێر! چونکە سەردەمی ئەمڕۆمان چی وای تیا بەسەر نییە دڵانی پێ خۆشکەم مەگەر شایەتیم لەسەر ئەم رابردووە دەوڵەمەنەکە نەبێت. خودی خۆم پاڵەوانیان نیم کەشوفشیان پێوە بکەم، بەس حەیفم پێدێ زێڕ و گەوهەری دێرین لەناو تەنەکەی ژەنگاوی مەزاتخانەی ئەمڕۆدا بە نرخی هەرزان بفرۆشرێن.
جا من ئەم رەسمەی شەهید ئاتیلام لە جەنگاوەری دێرین کاک عاسی ئۆمەربلەییەوە پێ گەیشتەوە کە وەعدێکی قەرزارم و دەبێ کارەکەی لای هەڤاڵ سەرکەوت زەکی مەیسەر بکەم.
پێشمەرگە کاک عاسی گوڵبژێرێکی وێنەی بۆم ناردووە کە بەقەولی خۆی ئەوە یاداشەکانی ژیانێتی لە پێشمەرگایەتیدا. ئەم چەپکە وێنەیە هەر گوڵێکیان رووداوێکی شۆڕشی نوێ دەدوێنێت
بۆ ئەوانەی دایمەی خوایە رەخنەیانە گوایە سەرهات و بابەت نییە بۆ رۆمانی کوردی
و بۆ درامای وەک گەردەلوول لە ئەلبومی وێنەکانی کاکی ئۆمەربلەییەوە چەند ئەدگار و دیمەن دەگوازمەوە کە هەر دانەیەکیان حەرفی گەوهەری چیرۆکێکە ئەگەر هیممەتی داهێنان هەبێت. گشتیان روو شیرین و جوانن و هەر بیوگرافیایەک کەرەستەی سەد رۆمانن ئەگەر نووسەری بە جەرگ و ئەدیبی چەلەنگ لەم وڵاتەیدا باقی بێ و ئەگەر داڕشتنی راستی و روون بەقای پێ بکرێت.
ئەمانە رەفیقەکانی شەهید ئاتیلا و کاک عاسین. تیایانە شەهیدی رێی دوورن و تیایانە شاهیدی ئیفادە و مەزبەتەی رۆژگاری دوای راپەڕینن.
بێرە کوردستان عەزیزم گەر تۆ سەیرانت دەوێ.
بچنە گەرمیان رۆحەکەم گەر هون سەرهاتی سەیر دەخوازن.