(7)
لە رۆژانی رابردوودا باس لە بوونی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نیوان (موقتەدا سەدر ــ سەرۆکی رەوتی سەدر) و (نوری مالیکی ــ سەرۆکی دەوڵەتی یاسا) کرا لەبارەی ناوی کاندیدێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە (محەمەد جەعفەر ئەلسەدر)ی ئامۆزای موقتەدا سەدرە.
لەسەر ناوی ئەم کاندیدە لێکدانەوەکان دوو لایەنەن، بەرەیەک پێیوایە سەدر لەپێناوی ئامۆزاکەیدا ناچاربووە پەیوەندیی بە نوری مالیکی-یەوە بکات، بەرەیەکی دیکەش پێیوایە سەدر بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز کە بتوانێت دەسەڵاتی بەسەر بڕیارەکانیدا بشکێت و حکومەتێکی بەهێز بێت، دەیەوێت کەسێکی نزیک لە خۆی بکاتە سەرۆک وەزیران، بەڵام بە گشتی دوای ماوەیەکی زۆر ناکۆکی نێوان هەردوولا، خودی پەیوەندییەکە بۆ خۆی گۆڕانکارییەکی ئەرێنییە بۆ نزیکبوونەوە لە قۆناغی پێکهێنانی کابینەی نوێی عیراق و تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسیی نێوان هێزە شیعە سیاسییەکانی عیراق.
ئەم پێشهاتە سیاسییە ئەگەر ویستی دەرەکی نەیوەستێنێت و کێشەی بۆ دروست نەکرێت، لە چوار ساڵی ئایندەدا سوودی دەبێت بۆ شێوازی حکومڕانی و حکومەتێکی خزمەتگوزار، چونکە خودی سەدر هێزی پشتەوەی جووڵاندنی حکومەت و بڕیاری کاریگەر دەبێت لەپێناوی حکومەت و کابینەیەکی جیاوازی بەهێزی سەدرییەکان. بەمانایەکی دیکە تەلەفۆنەکەی سەدر بۆ مالیکی ئەگەر ئامانجەکە لە ئێستا بپێکێت، ئەوا کاریگەریی ئەم تەلەفۆنە بۆ چوار ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت و موقتەدا سەدر لە رووی سیاسی و خوێنییەوە بەرپرس دەبێت لە کاندیدەکە، لە رووی سیاسییەوە نایەوێت دڵخوازەکەی شکست بهێنێت و ئۆباڵی شکستەکە بکەوێتە ئەستۆی خوی خۆی، لە رووی خوێنیشەوە، هەر گەندەڵی و ناپاکییەک و خراپەیەکی محەمەد سەدر لە حکومڕانیدا لێدانە لە بازنەی خێزانی سەدرییەکان و کاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆسەر پێگەی سەدر و بنەماڵەکەشیان لە شەقامی شیعەدا.
کاندیدکردنی کەسێک لە خێزانی سەدرییەکان، بۆ شیعەکان دوو لایەن لە خۆ دەگرێت، لەلایەک ئەگەر کاندیدەکەیان سەرکەوتوو بێت، رەنگە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ماڵی شیعە یەکبخات و شیعە لەسەر یەک هێڵ بەرەو نموونەیەکی جوانی حکومڕانی ببینرێت، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەگەر نوێنەرەکەی سەدر شکست بهێنێت، ئەوا سەبارەت بە سەدرییەکان رەنگە وەک رابردوو بە خاوەن قسە و بڕیاری بەهێزی عیراق و بازنەی شیعی نەمێننەوە، چونکە لە راستیدا «محەمەد سەدر» تەنها کاندیدێکی سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو وەک کاندیدێکیش کە سەدر پێشنیازی کردووە و لەسەر سەدر هەژمار دەکرێت، لێی دەڕوانرێت.
بە مانایەک لە ماناکان، ئامۆزاکەی سەدر زیاترە لە کاندیدێک، نابێت تووشی شکست ببێتەوە و دەبێت بەردەوام نموونەیەکی جوان پێشکەش بکات.
ئەگەر نوێنەرەکەی سەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت، کابینەی زۆرینەی سەدری و سەرۆک وەزیرانێکی سەدری، دەتوانن جیاوازبن لە کابینەکانی پێشووی عیراق و لە کابینەکانی پێشوو نەچێت. تارمایی موقتەدا سەدریش لە پشت (محەمەد سەدر)ەوە، گوڕوتینێکی گەورە دەبێت کە زەمینە خۆشدەکات کابینەی سەدرییەکان دەستکراوەتر و خاوەن بڕیاری بوێرانە و بەهێزیش بێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە محەمەد سەدر رەتیکردۆتەوە ئەو پۆستە وەربگرێت، لەکاتێکدا کازمی-ش لە تویتێکدا پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە کە بۆنی ماڵئاوایی لە پۆستەکە لێدێت لەکاتێکدا زۆرینەی چاودێران و شرۆڤەکاران پێیانوابوو کە کازمی دووبارە دەبێتەوە بە کۆلکەی هاوبەشی ماڵی شیعە.