تا ئەبەد یادی دەمێنێت، چونكە قەرارە تا ئەبەد كورد بمێنێت. تا ئەبەد ئاگری لەدڵدا خامۆش نابێت، چونكە هیچ توێژینەوەیەكی جیۆلۆجی، با زۆریش بەدبین و رەشبین بێت، زاتی نەكردووە بڵێ ئاگرەكەی كەركوك خامۆش دەبێت و ناوی باوەگوڕگوڕ لە ناوا نامێنێت.
جارێ ژیان وەك بیرە نەوتەكانی ئەڵقەی خێر و بێری خێرلەخۆنەدیوی كەركوكن، قوڵپ دەدەن و چەندی بۆ ئایندە سەریان قەپات بكەیت، هێشتا فوارەی دێ و لێوڕێژە لە سامان و هەر مان و هەر ژیان.
بەدیلی نییە ئەم سامانە ژێرزەوییە، مەگەر دوڕڕ و مەرجانی سامانی سەر ئاوەدانییەكەی نەبێت. مەگەر ئینسانە هەنییە بەرزەكانی ناو كوچە و كۆڵانەكانی نەبێت. مەگەر ئازادەكەی، كە هەورامانی فێنك و سەختی بۆ گەرمەسێری تەختی كەركوك بەجێهێشت، نەبێت.
یادی هەر بوژاوەیە ئازاد هەورامی، مادامەكی خەم و خولیای كەركوك ئەزەلییە و داناسەكنێت.
یادی ماوە ئازادەكەی كەركوك، وەختێك گیتار لەجێی خاوەنەكەی هێشتا هەروا سرود دەچڕێ و هەروا (جێناهێڵین) وێردی سەرزمان و وێردی درود و رازی دڵیەتی.
ئاب؛ هەر مانگی ئابڕوچوونی نیشتمان و هەر مانگی گەرمی بێمانای كەشوهەواكەی نییە. ئاب مانگی گوڵی خوێناویی شەهادەتی شانازیی ئازاد هەورامیشە و ئەو سەروەرییە هەر سەروەریی بیرئانینی هەمیشەیی دەبێت.
ئاب؛ مانگی باڵابەرزی هەڵوێستەكان و مانگی مەنگی دەریای سەبری شۆڕشگێڕیی كوڕە ئازا و ئازادەكەی پایتەختی ویلایەتی شارەزوورە.
ئەی تەقویمی رۆژان و ئەی موفەكەرەی گیرفانی چەپی سەردڵی زەمان پێی بێژە تۆ هەر لە یادی تا ئەو رۆژەی یاد و بۆنە و رێوڕەسمی شەهیدبوون دەكرێتەوە، كە ئەم میللەتە شەهیدپەروەرەش قەت مەراسیمی شەهیدی لێ نابڕێت.
ئەی دەفتەری ناو باوڵی قەدیمی شاری گڕ، بە ئازاد هەورامی بێژە تۆ هەر سندوقی رازی چیرۆكەكانی داپیرەی وەختێك مێژوو بۆ دواڕۆژی دەگێڕێتەوە. وەختێك گۆرانیبێژانی میللی بۆ یەكتری دەسێننەوە و دەمێك پۆستی نامەبەر نەوە لە دوای نەوە ئەمانەتەكە بە یەكتری دەسپێرن.
ئەی گشت ئەسبابی بیركەوتنەوە و خەیاڵكردن، بە ئاشقەكەی دەنگی فەیروز بڵێن باعیسی مەژغەڵەتی دنیاپەرستی نییە كە جاروبار ئابی كارەساتەكان سەرقاڵی باسوخواسی ترە و سوارچاكەكەی ئارابخا ناهێنێتە زمان، دەنا هەر دێڕێكی چیرۆكی مارف بەرزنجی بە خاڵ و نوقتە و فاریزەی تۆوە مانا پەیدا دەكات و هەر فەسڵێكی رۆمانی (هەڵكشان بەرەو لووتكە)ی عەبدوڵڵا سەراج بە ئەدگاری باسی تۆوە ستاتیكای جوانی دەنوێنێت و هەر بەیتێكی غەزەلی شێخ رەزا بە موعەمای رازی تۆوە لە هەجوەوە وەك فەلسەفەی ژین و دین دەدرەوشێتەوە.
لە قاموسی ئەعلامی مێژوو كە محامی دیفاعی نەتەوە، مام جەلال، لە مورافەعەكەی كەركوك بڕگەی لێ ئەزبەر كردبوو، لە چاپی تازەیدا ناچارە بۆ پەیداكردنی مسداقیەت لە ناوەرۆك و لە پێرست و لە فەرهەنگكۆكەكەی پشتەوەشی ناوت بێنێ و خەریتەی ئیمپراتۆریای عوسمانی دڕاو و سواو و فەوتاو دەبێت ئەگەر نەخشەی ماڵی تۆی تیا نەبێ.
بێی بێژە، بەو ئازادە بێژە تەعریب چەند بخایەنێت زۆران لە هەورامانی تۆ ناباتەوە و تەهریب چەند دیاردەبێت لە نەمری و هەرمانی تۆ ناباتەوە. تەرحیل و تەئجیل و تەئویل چەند ئاسمانی رەشی كەركوك داگیربكات قەت دەرەقەتی جاویدانی مێژین نایەت، كە تۆماری زیندەگانی بێ بڕانەوەیە.
ناوەكەت و نازناوەكەت و نازەكەت تا ئەبەد لە ئاوەز و ئەندێشەیە، چونكە ماكی چارەسەری كێشەیە و چونكە رۆحی یەدەك و زیندووی سەرفرازییە.
تا ئەبەد سامانی زێڕین و نەبڕاوەی كەركوكە، تا دواچۆڕ نەوتی بیرەكانی شۆڕشی نوێیە و تاسەر گازی سروشتی كوردایەتییە.
ئەمە باقییە، چونكە ئەمە خوداییە، ئەمە گەنجی سەربەمۆرە و ئەمە سەروەتی راستەقینەی كۆرمۆرە.
ئەم یادگارە شیرینەی رێی خەبات، وەك نەوتەكەی جاران ماشێن و مەكینەی نەگەرەكە و بە سەتڵ و بێڵیش و عەرەبانەی گوێزانەوەش، ماڵی هەژاران رووناك دەكاتەوە.
تا ئەبەدی ناوت هەیە و تا ئەبەد كەركوك ئازادئابادە.