غـازی فەیسەڵ
بێجگە لەوەی مافێکی رەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هاوکات بڕیارێکی بوێرانە و سەردەمیانەشە کە لەناو جەرگەی شاری کەرکوک، مەکتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە بار و دۆخ و پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەکانی هەرێم و عیراق کرا، لەپاڵ ئەوانەشدا بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پێنجەم لە 27/09/2023 درا.
یەکێتی لەدوای ئاشبەتاڵی 1975، بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێیدا، ئەمە لەکاتێکدا بوو دوژمنان وایاندەزانی ئاشبەتاڵ کۆتایی بە کوردایەتی دێنێت، نەیانزانی گەلی کورد خاوەن شۆڕەسواری وەک رەوانشاد سەرۆک مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و سەدان فەرماندە و پێشمەرگە پێکەوە هەرەس بە هەرەس دێنن و لەکاتێکدا بڕیار دەدەن کە بڕیارەکان بڕ بکات و جێبەجێدەکرێن، بۆیە ئەم بڕیارەی سەرۆک بافڵ، هەمان بوێری و ئازایەتی سەرۆک مام جەلال-ی پێوە دیارە، لەبەر ئەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق و هەرێمی کوردستان لەناو چەقی گۆڕانکاری و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندایە و دەیان کێشەی ئاڵۆز هەن.
سەدان گیروگرفتی ئەمنی و ئیداریش کەڵەکە بوون و شەقامیش نیگەرانە لەم جۆرە حوکمڕانی و دەوڵەتدارییەی هەرێم کە خەریکە خوێن و خەباتی شەهیدانمان و دەستکەوتەکانی بکەونە مەترسییەوە، بۆیە یەکێتی بێجگە لەوەی چوار ساڵ جارێک کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت، بەڵام لەبەر گرنگی و پێویستیی خەبات و توانای زیاتری یەکێتی، سەرۆک بافڵ بڕیارێکی حەکیمانەی دا بۆ خۆڕێک خستنەوە و بەهێزتر کردنی یەکێتی بۆ خزمەتی زیاتری هەرێمی کوردستان و چارەسەری کێشە کەڵەکە بووە سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەکان و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان و قووتی خەڵک و سنووربەزاندنەکانی وڵاتانی ئیقلیم و کۆمەڵێک گیروگرفتی تری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە، پێویست بوو یەکێتی لە بواری رێکخراوەیی حزبی و پێشمەرگایەتیشدا، خۆی ئەبدەیت بکاتەوە.
من وەک و فەرماندە و پێشمەرگەی دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستخۆشی لە سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم بۆ هەنگاوە کردارییەکان و بڕیاری بوێرانەیان.