لێم دەپرسن

10:11 - 2023-09-05
پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس
345 خوێندراوەتەوە

(12)

*خاڵی لێکچوون و جیاوازی نێوان بەشە زانستییەکانی راگەیاندن و تەکنیکی میدیا چییە؟
-لە هەرێمی کوردستان جیاوازی گەورەی نێوان خوێندنی بەشە زانستییەکانی راگەیاندن لە زانکۆ حکومییەکانی سلێمانی، سەڵاحەدین و هەڵەبجە لەگەڵ بەشەکانی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگە و کۆلێژەکانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک وەک جیاوازی نێوان پێپسی و کۆکاکۆلا وایە، هاوکات لەیەکچوونیشیان وەک ئەو ریکلامە تەلەفزیۆنییانەی بۆ جۆرەکانی برنج دەکرێن، چوونیەکن و لەڕووی چەندایەتییشەوە تاڕادەیەکی زۆر جمکن!
بەشە زانستییەکانی راگەیاندن لە بنچینەدا بۆ لایەنە تیۆری و فەلسەفییەکانی زانستەکە تەرخانکراون پاش تەواوکردنی چوار ساڵی خوێندنی بەکالۆریۆس، خوێندکاران دەتوانن ببنە خاوەن بڕوانامە لە فەلسەفە و تیۆرەکانی راگەیاندندا. ئەوەش بە دیارترین خاڵی جیاکەرەوە لەگەڵ بەشە زانستییەکانی تەکنیکی میدیادا دادەنرێت کە زۆرتر بۆ بەشە کردەیی و تەکنیکییەکانی نووسین و بەرهەمهێنانی میدیایی تەرخانکراون و پاش دوو ساڵ خوێندنی دبلۆم و چوارساڵ خوێندنی بەکالۆریۆس، خوێندکاران لە تەکنیکی میدیادا بڕوانامە بەدەستدەهێنن. بڕوانامەیەک خۆبادان و لەنجەولاری خاوەنەکانی زیاد دەکات، بەڵام مەرج نییە ساردی گیرفانەکانیان گەرمبکاتەوە، هەربۆیە خاوەندارێتی بڕوانامە لە خوێندنی راگەیاندن یاخود تەکنیکی میدیادا لە هەموو سات و سەردەمێکدا، نابێتە پاسپۆڕتی پەڕینەوە لە جیهانی بێکارییەوە بۆ جیهانی پڕ کار. کەواتە ئەگەر خوێندنی تەکنیکی ئامانج لێی فێربوونی کارامەییە تەکنیکییە ئاڕاستەکراو و تایبەتمەندەکان بێت، ئەوا ئاڕاستەی خوێندنی نا تەکنیکی زۆرتر ئەکادیمییە و ئامانج لێی پێدانی زانیاری زیاتری تیۆرییە سەبارەت بە بابەتێک یان چەند بابەتێکی چڕ.
بەدڵنیاییەوە هەردوو جۆرەکەی خوێندن، پێویستی بە سەرچاوەی مرۆیی بەهێز، سەرچاوەی زانستی بەپێز، ژینگەی لەباری خوێندن و خوێندکاری بەپەرۆش هەیە بۆ بواری خوێندنەکەی، خاوەن بەهرەی خۆڕسک و خۆشەویستی بێمەرج بێت. خۆشەویستییەک بە خوێندنەوە سەری نەئێشێت و بە کارکردن و گەڕان بەدوای سەرئێشەدا کۆڵنەدات. بەداخەوە ئێستا چوار پایە سەرەکییەکەی سیستمی پەروەردە (خوێندکار، پڕۆگرامی خوێندن، ژینگەی خوێندن و مامۆستا) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستانی بندەستی عیراقدا درزیان بردووە و وەک پێویست هەماهەنگی و پردی بەهێزی پەیوەندی لەنێوانیاندا نییە یاخود زۆر کەم و دەگمەنە. بۆنموونە، لە شوێنێکدا مامۆستای پسپۆڕ و ژینگەی لەبار هەیە، خوێندکاری بە پەرۆش و سەرچاوەی زانستی بەپێز نییە یاخود بەپێچەوانەوە. ئەوەش وایکردووە دەرچوانی هەردوو جۆرەکەی خوێندن لەنێو دەزگا میدیاییەکاندا بە گەرمی پێشوازییان لێنەکرێت و تاڕادەیەکیش بەهۆی غیرە و غروری هاوپیشەکانیانەوە دژایەتی بکرێن!
چارەسەری بنچینەیی بۆ بازاڕی کاری میدیایی ئەمڕۆی کوردستان، هەڵوەشاندنەوەی بەشە زانستییەکانی تەکنیکی میدیا و دابڕاندنیان لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان و نزیک خستنەوەیانە لە بەشە زانستییەکانی راگەیاندن و بەرفراوانکردنیانە لەچوارچێوەی کۆلیژێکی سەربەخۆی تایبەتمەند بە خوێندنی تیۆری و کردەیی ژانرە جیاوازەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەری، بازاڕگەری و پەیوەندییە گشتییەکان، نەخشەسازی و بەرهەمهێنانی میدیایی. بۆ هەریەک لەوانەش پێویستە تاقیگەی میدیای تایبەتمەند بەخۆیان بۆ دابینبکرێت، تاوەکو دووریی نێوان نێوەندە زانستی و پیشەییەکان کەمتر ببێتەوە و لەبری لەیەک خوێندن و دژایەتی، پەرە بە پلان و پڕۆژە و پرۆگرامی هاوبەشی نێوانیان بدەن!

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا

وتارەکانی نوسەر