کۆڕا و کۆنگرە

بەرپرسیاریەتی و باڵایی

10:38 - 2023-09-05
ئاریان محەمەد
330 خوێندراوەتەوە

2

باڵایی پارتی سیاسی تەنها گوزارشتێكی بەكارهێنراو نییە بۆ پێوانەكردنی هێزی جەماوەریی و قەبارەی حزب لە ناو خەڵكدا، هەروەك تەنیا ئاماژەی سەنگ و سەدای هێزێك نییە لە هەڵبژاردن و وێستگە دیموكراسییەكان، بەڵكو لێوەشاوەیی و توانستی پێشڕەوی و سەركردایەتیكردنە، بەگوێرەی راڤەی (كاسپار . ف. ڤان دیبرگر) لە كتێبی (پلانی ستراتیژیی لە پارتە سیاسییەكاندا)، ئەو حزبانە پێشڕەو و باڵان، كە لێهاتوویی لە پلاندانانی ستراتیژیدا نیشاندەدەن و دەتوانن لەسەرووی هەڕەمەكەدا بمێننەوە، هەڕەمی دەنگ و مێژوو، ترۆپكی بیر و لووتكەی باوەڕ، هەر هێزێك چەندیش لە قۆناغێكی مێژووییدا بەهێز بێت، ئەگەر پارێزگاریی لە باڵایی نەكات دەپوكێتەوە، مێژووش هەر ئەوەمان پێدەڵێ و ئەزموونی زۆر پارتی بەناودەنگمان بیردێنێتەوە كە ئێستا تەنها بە ئەدگارێكی شیرین لە یادی شوێنكەوتووانی ناوەكەی ماوەتەوە.
تێكستێكی بەناوبانگی شاعیر و رۆماننووسی ئەمریكی (جای جی هولاند) هەیە دەڵێت «بەرپرسیاریەتی، شانبەشانی توانا و هێز و باڵایی دەڕوات»، كەوابێت چەندە هێز و پارت و نەتەوە و بوونەكانی دیكە باڵا بن، ئەگەر بەرپرسیارییەتی لەگەڵدا نەبێت، لەجێگەی بوونێكی ئەرێنی دەبنە مۆتەكە و مەترسیدار، رابردووش هەر ئەوە دێنێتەوە یاد و چیرۆكی ئەو حزبانە بە تۆماركراوی دەهێڵێتەوە، كە لەوپەڕی باڵاییدا نەك هەر خاڵی كۆتاییان بۆ خۆیان داناوە، بەڵكو نەتەوە و كۆمەڵگەشیان بە سەرگەردانی و هەلاكەت گەیاندووە، سەرۆك مام جەلالیش لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فۆڕمێكی تر هەمان پەیامی دوپاتكردۆتەوە كە یەكێتی چونكە هێزێكی گەورە و كاریگەرە، بە بەرپرسیاریەتییەوە رەفتار دەكات و حزبەكە و ئەزموونی كوردستان و ئازادیی دەپارێزێت.
یەكێتی رووە و كۆنگرەیە و پێنجەمین كەرنەڤاڵی دیموكراسی خۆی لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەبەستێت. گرنگی وێستگەیەكی تری شەرعیەت و دیموكراسی، لە گۆڕانكاری سیستم و پەیكەر و پەیڕەو نییە، بەڵكو لە دووپاتكردنەوەی باڵایی و چەسپاندنی پێشڕەوییە، بەو مانایەی ئەگەر دیوێكی سازدانی كۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بێت بە رێكار و ستراتیژی حزبدا و لە ڕێگەی گۆڕینی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆوە یەكێتی بۆ داهاتووی سیاسی تاوبدات، ئەوا دیوەكەی تری لەمانا سیمبولیەكەیەوە واتا وەردەگرێت، كە بریتییە لە مانەوەی باڵایی و هێزی سەركردایەتیكردنی كوردایەتییەكی سەنگینی بێ هاش‌ و هوش و دەمارگیری. دەی خۆ هەر بڕیاری بەستن و بە بنەماگرتنی كەركوك وەك جوگرافیای بڕیاری یەكێتیانە بۆ كۆنگرە، سێ وانەی باڵایی تێدایە، خاوەنداریەتی كەركوك، پووچەڵكردنەوەی شەڕی چەواشەی نەیار و سەربەخۆیی سیاسی یەكێتی لە بڕیاردان.
كۆنگرە دەكرێ و یەكێتی خۆی تازەتر و باڵاتر دەكاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەڵكشان، بەرپرسیاریەتی یاسایی و ئاكاری و سیاسی و دەستووری خۆی بیرناچێتەوە و لە پێناوی پاراستنی قەوارە و قەبارەی كوردستان و بۆ فەراهەمكردنی ئازادی و ژیانێكی شایان، هەر پێیەكی لە كوردستان و یەكێكی لە بەغدا دەبێت، چیتریش گوێ بە تەنگەتاوی ركابەرەكانی نادات، ئەوانەی رەنگە بە تەزویر جەستەیەكی گەورەیان هەبێت، بەڵام دڵێكی بچووك و رەفتارێكی بچووكتر، كەوابێت هەموومان لە چاوەڕوانی باڵایی و بەرپرسیاری، لە چاوەڕوانی كۆنگرەی پێنجەمداین.

وتارەکانی نوسەر