لە تورکیا بانگەشەی هەڵبژاردن دەمێک زووتر دەستپێدەکات، ئێستا کە زۆر بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا تێنەپەڕیوە، دەبینی رووداوی جیاواز روودەدەن، پارتەکان بە کورد و تورکەوە کەوتوونەتە سازکردنی کۆنگرە و گۆڕانکاری کردن لە ستراتیژ و سەرکردایەتییان، پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە کۆنگرەی سازکرد، پارتی داد و گەشەپیدان- ئەکەپە بڕیاریدا مانگی 10ی 2023 کۆنگرەی نائاسایی سازبکات، یەکێک لە بابەتی گرنگی ئەو هەموو گۆڕانکارییانە خۆ ئامادەکردنیانە بۆ چۆنێتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.
مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی لە کۆبوونەویەکی فراوانی ئەندامانی پارتەکەیدا وتی "پارتەکەمان دەرگای بۆ هەموو کەس کراوە نییە، بۆ نموونە بەڵێ بۆ ئەو کەسانە ناکەین کە دوژمنی مستەفا کەمال ئەتاتورکن. بەو کەسانەش دەڵێین نەخێر کەوا نرخی کۆمارەکەمان نازانن. هەروەها بەوانەش دەڵێین نەخێر کە بە سوێندی تورکبوون (ئاندیمیز) ناڕەحەت دەبن".
چیرۆکی ئاندیمیز (سوێندەکەمان) لە 10ی ئایاری 1933 و بەپێی دەستووری تورکیا چەسپێنراوە و هەموو بەیانییەک بۆ ماوەی 80 ساڵ خوێندکارانی تورکیا بە تورک و کورد و چەرکەس و ئەرمەن و عەرەبیشەوە دەبوایە بەدەنگی بەرزەوە بیانووتبایە "من تورکم". لای تورکەکان، بەتایبەتی نەتەوەپەرستەکانیان ئەو سوێندە بەشێکە لە یادەوەریی و پیرۆزییەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک، بۆیە نەوتنەوەی وەکو هەڵگەڕانەوە لێی ناودەبرێت.
ساڵی 2013، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە چوارچێوەی هەندێک چاکسازیدا بە ئاڕاستەی کرانەوە بە رووی کورد و دیموکراستیزەکردندا ئەو سوێندخواردنەی لە قوتابخانەکاندا لابرد و وتی "ناکرێت خوێندکارێکی کورد، چەرکەز، جۆرجی هەموو بەیانییەک بڵێت: من تورکم".
ئەو بڕیارەی ئەردۆغان لەلای نەتەوەپەرستەکان هەڵگەڕانەوە بوو لە کۆمار، عەلمانیەت و ئەتاتورک، بۆیە بەتوندی دژی وەستانەوە، بەتایبەتی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی کەوا زۆر نەتەوە و رەگەزپەرستن و هەموو کرانەوەیەک رەتکەنەوە.
پرۆفایلی مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی پڕە لە لێدوان دژی کورد، رەتکردنەوەی دۆزەکەی، بە تیرۆریست ناساندنی هەدەپە و پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ داخستنی، بۆیە ئێستا کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیکدەبنەوە، دنەدانی بیرەوەریی ئەتاتورکیانە کەلایەکی باشە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و سەنگەرگرتن لە ئەردۆغان و کورد و کارکردن لەسەریان.
ئاکشنەر لە مەهەپە دەرکراوە یان بابڵێین جیابۆتەوە، بەڵام فکری توندڕەوانەی باخچەلی هەیە، باڵانسی بیری توندڕەوانەی دژی کورد یەکجار بەرزە، سوێندنەخواردنی خوێندکارانی لەسەر تورکبوونیان کردۆتە بابەتی گەرم و دەیەوێت دەنگی زۆری پێ کۆبکاتەوە، تەنانەت ئاکشنەر لەسەر ئەو بابەتە سەرکۆنەی مەهەپەش دەکات کە لەگەڵ ئەردۆغان هاوپەیمانە، لەکاتێکدا ئەردۆغان دژی ئەتاتورک و شانازیکردن بە تورکبوونەوە ئەو بڕیارەی داوە.
گەرمکردنەوەی بابەتی سوێندەکە سوودی زۆری بۆ ئاکشنەر نابێت و بابەتێک نییە دەنگی زۆری پێ کۆبکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی روونە رەتکردنەوەی سوێندەکە لە بڕوابوونی تەواوی ئەردۆغانەوە نەبوو بە دیموکراسی و ئەویش هەر بۆ کۆکردنەوەی دەنگی بوو، بەڵام دوایین هەڵبژاردن دەریخست ئەردۆغان لە راکێشانی دڵی دەنگدەرە نەتەوەییەکاندا سەرکەتوو بووە و بۆ خۆشیان دەتوانن لە دڵەوە بەیانیان بڵێن من تورکم.