کۆڕا و کۆنگرە

پەروەردە و پێسپاردن

10:18 - 2023-09-06
ئاریان محەمەد
303 خوێندراوەتەوە

ئاریان محەمەد

3

دوای بەخشینی تیكەنان، نۆبەتی بەخشینی پەروەردەیە، ئەمە كڕۆكی ئامۆژگارییە دێرینەكەی گوتاربێژ و یەكێك لە پێشڕەوانی شۆڕشی فەرەنسی (جۆرج دانتۆن)ە بۆ خێزان و دەوڵەت و لەوێشەوە بۆ كۆی كایەكانی دیكە، لەناو ئەو فەزا گشتیەشدا حزب لە هەموان زیاتر حەوجەداری پەروەردەیە، لەبەرئەوەنا بوونیادی كادر بۆ جوگرافیای حزب بكات و هاوسەنگی نێوان نەوەكان بپارێزێت، بەڵكو بەرمەبنای دیدی دانتۆن بۆ ئەوەی سەركردە و رابەر بۆ داهاتووی وڵات و نەتەوە بخاتەوە، كەوابێت هاوشێوەی هەڕەمەكەی ماسلۆ پێویستییەكانی دەوڵەت بە سەركردە و حزب ‌و یاسا بەدی دێن و حزبیش بە بێ پەروەردەكردنی كادر چانسی ئەو رۆڵە باڵایەی نابێت.
ولیام تۆماس نووسەری كتێبی (پارتە سیاسییە ئینگلیزەكان و سەركردەكانی دەورانی پادشا ئان)، پەروەردە لەناو كایەی سیاسەت و حزبسازیدا بە خاڵی بنەڕەتی دەبینێ‌ بۆ بەرهەمهێنانی فیكریی و لێوەشاوەیی ئەندام، هەروەك لە پێناو بەدیهێنانی هاوسەنگی نەوەكان و دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سەركردەی نیشتمانیی، ئەم تێڕوانینە هاوشێوەیە لەگەڵ دیدی زۆرێك لە زانایانی بواری سیاسەت، كە هەموویان لەسەرئەوە كۆكن، كە كوالێتی دروست بۆ كادری حزبی خۆی لە پەرۆشی بۆ پرەنسیپەكان و نزیكی لە جەماوەر و توانای بڕیاردانی دروست و پابەندی بە دیسپلیندا دەبینێتەوە، خەمی غیابی پەروەردە بەر لە هەر جوگرافیایەكی دیكە، كوردستان دەگرێتەوە و پارتە سیاسییەكان لە خەوشییەكی گەورەدا دەژین، لەوتارێكیشدا مام جەلال لە ژێر ناونیشانی (ژنان بۆ كەسیان لێ هەڵنەبژێردرا بۆ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)، كە 22 ساڵ پێش ئێستا نووسیوێتی و وەڵامێكە بۆ تێكۆشەر (عومەری شێخمووس) رەخنە لەخۆی و پاشان لە یەكێتی دەگرێت، كە لە پەروەردەكردن و راهێنان كەمتەرخەمبوون.
وتارەكەی سەرۆك مام جەلال رەوایەتی ئەوەمان دەداتێ‌، كە جارێكی تر رەخنە لە میتۆدی پێگەیاندنی كادر و پەروەردەی حزبی بگرین و هەر بە زمانە شیرینەكەی خۆی بڵێین: رۆژگارێك دێت بە چرای گەنەگەرچەك بەدوا كادردا بگەڕێین، ئەمە نەك هەر بۆ یەكێتی، بەڵكو قەیرانی كۆی هێزە سیاسییەكانە كە دامەزراوەكانی خۆیان بۆ پێگەیاندن باش ئەركدار نەكردووە. راستە كەرەستەی مرۆیی یەكێتی بۆ كۆنگرەی پێنجەم شایان بەوەیە سەركردایەتی سنوورداری لێ هەڵبژێردرێ و بۆ داهاتووی سیاسی و تا كۆنگرەی شەش كاروان و قۆناغەكە تاوبدەن، بەڵام گرنگیشە كۆنگرە كایەی پەروەردەیی بكاتە خەمێكی هەمیشەیی، بەتایبەتی كە دیداری یەكێتی یەكێك لە پاكێج و نەخشەڕێگاكانی لەژێر ناوی (پەروەردەی حزبی) گەڵاڵەكردووە و تەنها جێبەجێكردنی دەوێت.
ئەگەر پەروەردە و پێگەیاندن (پ)ی یەكەمی ناو پیتەكان بێت، ئەوا دووەمیان پێسپاردنە، كە دیسانەوە بە میتۆدە هەمیشە لەسەر زارەكەی سەرۆك مام جەلال پشت ئەستوورە لە دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو، كەوابێت كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت لە پێسپاردنی ئەركەكانی داهاتووی دوای كۆنگرە و دیاریكردنی سەركردایەتی بەجۆرێك بیربكاتەوە و بڕیاربدات، هیچ هەڤاڵێك بەبێكار و هیچ ئۆرگانێكیش بێ ئەرك نەهێڵێتەوە و پێسپاردن ببێتە تایتڵی قۆناغی نوێ.

وتارەکانی نوسەر