كۆنگرەی پێنجەم، دەرفەت و چارەسەر

10:22 - 2023-09-17
وتار
282 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەسەن 

حزبی بە ئەزموون و لێهاتوو بەوە دەناسرێتەوە، كە بەستنی كۆنگرە و هەنگاوە دیموكراسییەكانی خۆی نابەستێتەوە بە بارودۆخەوە و نایكات بە پاساوی خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنیان، بەڵكو لەژێر هەر حاڵێكدا بێت رووداوەكان دەكاتە پۆینتی بەهێزكردنی حزب. 
كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاریگەریی كێشە و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كوردستان، بەسەریەوە نابێت. بە پێچەوانەوە ئەنجامەكانی كۆنگرە دەبنە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردن و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ كێشەكان، بەتایبەتی كە بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەكێتی توانیویەتی رۆڵێكی گەورە ببینی لە دۆزینەوەی دەرچەی چارەسەرییەكان. 

کۆنگرەی پێنجەم، درێژەپێدەری خەباتی مام-ی رابەر و هەڤاڵەکانییەتی

 كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، یاسای نەوت و غاز، بڕیارە سەپێنەرەکانی دادگای فیدراڵی، كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، لە كێشە سەرەكییەكانی هەرێمن. 
زۆرێك باوەڕیانوایە ئەم ئاستەنگانە دەتوانن رێگا لە سەركەوتنی كۆنگرەی پێنجەم بگرن، كەچی پێچەوانەكەی راستە و بە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو و هەڵبژاردنی تیمێكی تازە بۆ سەركردایەتی، یەكێتی دەتوانێ‌ رۆڵەكەی لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر ببینێ‌ و بۆ ئاریشەكانی تریش خاوەن نەخشەڕێی خۆی بێت. 
بە ئەزموونیش ئەوە سەلمێندراوە هەر كاتێك یەكێتی بەهێز بێت و ئامادەیی لە گۆڕەپانەكەدا هەبێت چارەسەركردنی كێشەكان ئاسانتر دەبن، ئەمەش حوكمی مێژووە نەك هەڵسەنگاندن و گریمانە. 
 هەموو حزبێك لە ژیانی سیاسی خۆیدا دەرفەت و چانسی زۆری دێتەپێش، گرنگ ئەوەیە سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت، بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كۆنگرەی پێنج دەرفەتە گەورەكەیە بۆ ئەوەی بە سەرکردایەتییەكی نوێوە بە شوێن هەنگاوەكانی سەرۆك مام جەلال-دا جارێكی تر خۆی لەناو كایەی سیاسەتی ناوخۆیی و هەرێمیدا بسەلمێنێ و نیشانی هەموو هێز و پارتە سیاسییەكانی بدات كە ئەو چانسە لەدەست نادات، چونكە خەڵكی كوردستان رابەرایەتی و پێشڕەویی یەكێتییان قبووڵە و نایانەوێت بە سیاسەتی پەرتكردن، چیتر یاری بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە بكرێت، لەبەرئەوەشە سەركردایەتی یەكێتی لەو ئەركەی داهاتوودا بە تەواوی تێگەیشتووە و ناهێڵێت ئەو دەرفەتەی لەدەست بچێت و بە كۆنگرەی پێنجەم و ستراتیژێكی روون و پتەوەوە ئامادە دەبێت بۆ داهاتوو.

وتارەکانی نوسەر