باکگراوند

هەرێم و عیراقی نوێ

10:35 - 2023-09-17
جەمال ئارێز
289 خوێندراوەتەوە

(11)

بیست ساڵمان لە عیراقی نوێ بەڕێکرد، دەبوو چی بکەین و نەمانکرد، دەبوو عیراق چی بکات و نەیکرد؟
مەرج نییە هەرێم لە رووی سیاسی و کەلتوریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و دادوەرییەوە سفر بکەینەوە، بەڵام هاوکات دژی ئەوەشم کە هەموو شتێکی عیراق سفر بکرێتەوە.
لە باکگراوندی رووداوەکاندا ئەو دەستەواژەیەمان لە بیرە کە دەوترا « با ئەزموونی هەرێم بگوێزرێتەوە بۆ بەغدا»، رەنگە ئەمە بە پێوانەی ئەو رۆژگارە راست بووبێت، بەڵام ئێستا دەکرێت ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان بکەین.
نە عیراق و نە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی (ئازادیی سیاسی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، پێکەوە ژیان، ئارامی و ئاسایش و ...هتد)، لە ریزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا شوێنێکی شایستەیان نییە، بەڵام دیارە باکگراوندی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عیراق جیاوازە لە باکگراوندی سیاسیی ئەو کەس و سەنتەرانەی راپۆرتەکان ئامادە دەکەن.
هەندێک هەڵە هەیە کە دەکرا عیراقی نوێ ئەزموونی لە هەرێم وەربگرتایە تا دۆخەکەی بەو جۆرەی 20 ساڵی رابردوو نەبوایە، بە پێچەوانەشەوە دەکرا هەرێم لە دوای رووخانی رژێمی سەدام-ەوە هەندێک ئەزموونی عیراقی بگواستایەتەوە تا بارودۆخمان بەم جۆرەی ئێستا نەبوایە.
رابردوو هەندێک ئاماژەی بۆ هەڵەی سیاسی تێدایە کە نابێت نە هەرێم و نە بە‌غدا پێی قەڵس ببن. 
*کورد لە دوای راپەڕین کارێکی باشی کرد کە ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی راگەیاند، خۆ ئەگەر قۆناغی شەڕی ناوخۆی لێدەربکەین، زۆرترین دەستکەوتی سیاسیی هەرێم تا ساڵی 2003 و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بەری ئەو ئاشتەواییە کۆمەڵایەتییە بوو، بەڵام بەغدا هەڵەی کرد کە سەرەتا ئەو هەنگاوەی نەنا و دواتر لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمییەوە و کۆمەڵێک بەعسیی لەژێر ناو و ناونیشانی جیاجیادا سەپێنرا بەسەریدا، شەڕی تایفی دوای 2003 تا 2017-ش و بگرە تائێستاش بەرەنجامی ئەو سیاسەتە بوو. 
*راستە عیراق دەوڵەتە، بەڵام هەرێم تا هەنوکەش وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا رەفتاری کردووە و ئەگەر (ئابووریی سەربەخۆ و ریفراندۆم) نەبوایە، تائێستاش وا دەمایەوە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە، عیراق توانی بەر لە یەکەم هەڵبژاردن، دەستوور بنووسێتەوە و بیخاتە راپرسیشەوە و لەسەر ئەو بنەمایە پلانی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی داڕشت، بەڵام هەرێم سەرەڕای رێگەپێدانی بۆ داڕشتنی دەستووری تایبەت بەخۆی، لەدوای 31 ساڵ لە بوونی پەرلەمان و حکومەت، دەستووری نییە و هێشتا دەسەڵاتەکانی تێکەڵە و حزب لەسەروو هەموو دامەزراوەکانەوەیە.
*سەرەڕای ئەوەی عیراق  83 ٪ی داهاتی عیراقی لەبەردەستدا بووە، نەیتوانیووە چارەکی ئەو ئاوەدانییە بهێنێتەدی کە لە هەرێم بە (17 ٪)ی بودجە کراوە.
*عیراق لەماوەی ئەم 20 ساڵەدا دەستاودەستی چەند پۆستێکی سەرۆکایەتی و چەند کابینەیەکی حکومەتی کردووە، بەڵام هەرێم لەوەدا کۆڵەوارە و هێشتا سەروەریی دەسەڵات بۆ حزبە.
*دەزگای دادوەری و دەستەی نەزاهە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەرەڕای پانتایی جوگرافیای عیراق لەوێ زۆر کاراتر و بەهێزترن، وەک لە هەرێم.
بە خوێندنەوەی ئەو باکگراوندە، دەتوانین بڵێین با لەجیاتی دژایەتیی یەکتری، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان بکەین و ئەوەی لای ئێمە باشە لەوێش پیادە بکرێت و ئەوەش کە لەوێ باشە  بگوێزرێتەوە بۆ هەرێم.

وتارەکانی نوسەر