کۆنگرەی پێنجەم وەک ماکێک بۆ بەرەو پێشچوونی رێکخراوەکان

09:59 - 2023-09-18
ژیار حسێن
613 خوێندراوەتەوە

رێکخراوە دیموکراتییەکان پێکدێن لە سەندیکا، کۆمەڵە یان رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان کە ئامانجیان نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندی پیشەییە لە چەند بوارێکی دیاریکراودا، لەهەمان کاتدا بە پابەندێتییەوە  و لەژێر رۆشنایی پڕەنسیپە دیموکراسییەکاندا کارەکانیان دەکەن، وە رۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ داکۆکیکی لە ستانداردە پیشەییەکان، پێشخستن و گەشەپێدانی توانا و دابینکردنی سەکۆیەک بۆ هاوکاریکردنی پیشە جیاوازەکان.
یەکێتیی وەکو پارتێکی سۆشیال دیموکرات
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو پارتێکی سیاسی کە دروشمی سۆشیال دیموکراتی وەکو ناسنامەی بیر و فەلسەفەکەی، راستەقینانە هەڵگرتووە، هەمیشە باوەڕێکی زۆر و پتەو و نەگۆڕی بە کاری رێکخراوەیی و سەندیکایی هەبووە، لەم نێوەندەدا سەرنجتان رادەکێشم بۆ بڕوای جێگیریی سەرکردەی هەمیشە لە دڵدا زیندوو هەڤاڵ "مام جەلال" کە هەر لە تەمەنی لاویەوە ، لەخەباتی رێکخراوەییدا دەستی پێکرد، تا پلەیەکی باڵای لە رێکخراوی "یەکێتیی قوتابیانی کوردستان "ی ئەوکات بڕی و  هاوکات وەکو یەکێک لە ئەندامانای دەستەی دامەزرێنەری ئەو رێکخراوەش ناوزەند کرا و سکرتێریشی بووە، لەسۆنگەی گرنگیدانی بە کاری رێکخراوەیی لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و جۆشدانەوەی شۆڕشی نوێ لەلایەن ( ی.ن.ک)ەوە رێکخراوی "کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان"ی دروستکردووە، کە شان بە شانی هەڤاڵانی پێشمەرگە لەناو شاردا لەڕێگەی قەڵەمەوە شانەی نووستوویان دروستکردووە، ئەوەندەش ئەم رێکخراوە گرنگ بووە، هەردەم وەک وێستگەی بەگەرخستنی توانای کادر و پێگەیاندنیان سەیرکراوە و مێژووەکەشی پڕە لەدەسکەوتی زۆر و لەم پێناوەشدا چەندین سکرتێر و ئەندامی هزرکراوە و خەباتگێڕی شەهید بوون و لەلاپەڕەی پڕ شکۆی بزاڤی نوێی شۆڕشدا ناوەکانیان دروەشاوەن، پرسیارەکە ئەوەیە یەکێتی پێویستە چی بکات بۆ درێژەدان بەو ڕێڕەوە و دووبارە بەهێزکردنەوەی رێکخراوەکان ؟
هەڤاڵ "مام جەلال" لە وتارێکی مێژووییدا دەڵێت  "ئێستا سەردەم سەردەمی رێکخراو و سەندیکا پیشەیی و دیموکراتییەکانە "، هەر بۆیە پێویستە لیژنەی باڵای ئەنجامدانی پێنجەمین کۆنگرە ئەو وتەیەی مام  بەسەنگ و هەند وەربگرن، چونکە رێکخراوەکان هەبوونیان زەروریەتە لەبەر چەند هۆکارێک :
1-بەگشتی هەموو کادرێکی یەکێتیی ئیلتزاماتی ئۆرگانەکانی سەر بەو حزبەیان هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو پیشەوەرێک هەست و سۆزی حزبی بۆ یەکێتیی هەبێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەتوانێت مافەکانی خۆی لەڕێگەی رێکخراوەکانەوە بەدەست بهێنێت و مافخوراو نەبێت.
2- پڕەنسیپی کارکردنی رێکخراوەکان و رێکخستن دوو مەهامی کارکردنی جیاوازن لە یەکتری،  پیشەوەران و رێکخراوەکان دەتوانن بەشداری کۆڕ، سیمینار، خول و... هتد بکەن بەجۆرێک هیچ باکگراوندێکی حزبیان رێگرنەبێ لەبەردەمیاندا و تادەکرێ  پەرەی زیاتر بە تواناکانیان بدەن.
3- گونجاوی کارکردنی رێکخراوەکان لەگەڵ دروشم و روئیایاکانی یەکێتیی، بە تایبەتیش بەرجەستەکردن و پاکیزەکردنی دیموکراسی بەجۆرێکە کە تێیدا ئەندامانی ناو رێکخراو و سەندیکا و کۆمەڵەکان خۆیان نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئەمەش بە تەواوی ئامانج و دروشمەکانی یەکێتیی پەیڕەو و دەسازێنێ.
4- رێکخراوەکان دەرفەت دەدەن بە دروستکردنی تۆڕی هەماهەنگی لەنێوان ئەندامانیاندا، ئەمەش وادەکات سوود لە کاری پێکەوەیی و تواناکانی یەکتر و گۆڕینەی راو و بۆچوونەکانیان وەربگرن بە ئامانجی زیاتر پێشخستن و برەودان بە پیشە جیاوازەکانیان.
5- لە توانایاندا هەیە کادری پێگەیشتوو و تێگەشتوو پێشکەش بە کۆمەڵگا و حزب بکەن، نموونەی روونیش بەشێک لەو لێپرسراو و ئەندام پەرلەمانانەی حزبن کە لە "کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان"ەوە پێگەیشتوون و ئێستا لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا نموونەیەکی باڵا و جوانی دونیای سیاسەتن. 
لە کۆنگرەدا رۆح بەبەر کاری رێکخراوەییدا بکرێتەوە
ئەم هۆکارانە و چەندان هۆکاری تریش بە ئومێدین هاندەری سەرەکی بن، تا لەپێنجەمین کۆنگرەدا بەکردار رۆح بەبەر کاری رێکخراوەییدا بکرێتەوە و بتوانرێت نموونەیەکی هەرە باڵای تێگەیشتنی کاری حزبی و  جیاواز لەدوای کۆنگرەوە پیادە بکەین، کە لەدەرەقەتی دەربازکردنی ئەم چەق بەستوویەی ئەمڕۆمان بێ.

رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی لە کۆنگرەدا

وتارەکانی نوسەر