لێم دەپرسن؟

10:20 - 2023-09-19
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
241 خوێندراوەتەوە

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

(15)

*ئەو هۆکارانە چین وا لە رۆژنامەوانان دەکەن داوای لێبووردن لە هەڵەکانیان نەکەن؟

-بێباکی لە «هەڵەی پیشەیی» و کەمتەرخەمی میدیاوان و میدیای کوردی لە داوای لێبووردن و روونکردنەوەی پێویست بۆ وەرگر، زیاد لە پاڵنەر و هۆکارێکی هەیە. ناکارایی کەلتوری لێبووردەی و کاریگەریی ئەو شێوە ژیان و ژینگەی کارکردنەی تێیدا دەژین پشکی شێری پاڵنەر و هۆکارەکان پێکدەهێنن، بەڵام ناشبێت لەژێر کاریگەری هیچ بارودۆخێکدا ئەو متمانەیەی وەرگر بە پێویستی مانەوە و بەردەوامی پەیامی میدیایی هەیەتی، لەق و لەرزۆک بکرێت و وەک خۆی بمێنێتەوە، چونکە دواتر نە رۆژنامەوان متمانەی دەمێنێت، نە ئەو دەزگایەی پەیامەکانی لێوە دەگوازێتەوە!
هەڵبەتە مەبەست لە هەڵەی پیشەیی، پێشێلکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندنە زۆرجار درێژەدان بە پێشێلکردنیان، دەبێ بە بەردی بناغەی درووستبوونی پایەکانی: مادی، مەعنەوی، شەرعی و ئاشکرایی تاوانەکانی راگەیاندن، چونکە سەرچاوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەدەن هەموو یاسایەک لەسەر بنەمای رێسایەک دادەنرێت. هەربۆیە رێسا دەبێت چوار رەگەزی سەرەکی بگرێتەخۆ لەوانە: بنەمایەکی رەفتاریی هەبێت، پەیوەندی نێوان کەسەکان رێکبخات، گشتگیر و بێلایەن بێت، لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنیدا سزایەکی هەبێت.
لەو سۆنگەیەوە، دەروونناسان جەخت لەو راستییە زانستییە دەکەنەوە هیچ بیرکردنەوە و گوفتار و رەفتارێکی مرۆڤ لە کاریگەری و کاردانەوە دەروونییەکان بێبەش و دابڕاونین زۆرجار لێکەوتەی بارودۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانن. لە دەرئەنجامی ئەوەشدا میدیاوان و میدیای کوردی لە گرێ دەروونییەکانی خۆبەکەمزانین، خۆبەزلزانین و شکستە خۆیی  دابڕاو نین و نابن، بەتایبەت لە کەلتوری خۆرهەڵاتی کۆمەڵگەی کوردیدا بە دەگمەن نەبێت، جیاوازی لەنێوان کەسەکان و چالاکییەکانیاندا ناکرێت. زۆرجار «رەخنەگرتن» لە کار و چالاکی کەسێک، بە رەخنەگرتن لە کەسێتی و کەسایەتی کەسەکە دەبەسترێتەوە و هەڵدەسەنگێنرێت. هەربۆیە کەسێک هەندێکجار بە مەبەست یان بێ مەبەست دەکەوێتە هەڵەوە یاخود هەڵەیەکی بەسەردا تێدەپەڕێت، هێندەی دەیەوێت پاساو بۆ هەڵەکەی بهێنێتەوە و رەوایەتی پێبدات یان کورد وتەنی دەستە چەورەکانی بەم و بەودا بسڕێت، نیو هێندە نایەوێت دانیپێدابنێت داوای لێبووردن لە هەڵەکەی بکات و دواتر هەوڵ و هەنگاو بۆ راستکردنەوەی بدات!
نموونەی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵی هەڵە و پشتڕاست نەکراوە، بە هەڵە نووسینی ناو یاخود ناونیشان و پێگەی کەسەکان، دانانی وێنە و ڤیدیۆ و گرافیکی ناڕاست و نەگونجاو و زۆر هەڵەی بچووک و گەورەی دیکەش رۆژانە لەسەر روپەڕی چاپکراوەکان و پەخشی تەلەفزیۆنەکان و لەنێو شەپۆلی رادیۆکان و پێگەی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکاندا دەکرێن و بە ئاشکرا دەبینرێن و دەبیسترێن، هەندێکیان لە دەرەوەی خواست و ویستی رۆژنامەوان و دەزگاکەی دەکرێن و هەندێکیشیان بە مەبەست و بەپیلانی پێشوەخت بیرلێکراوە دەکرێن. ئەوەش بە ئامانجی گەیاندنی پەیامێک رەنگە نەویسترێت یاخود نەتوانرێت راستەوخۆ بە کەسی بەئامانجگیراو بگەیەنرێت، بەتایبەت لە سەروەختی ململانێ و قەیرانەکان یان لە ساتەوەختی جەنگی سارد و هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
باشترین چارەسەرێک بۆ رۆژنامەوان و ئەو دەزگا رۆژنامەوانییەی کاری تێدا دەکەن، پێگەیشتن و تێگەیشتنە لەو راستییەی هەڵەی پیشەیی مەرج نییە هەڵەی کەسێتی کەسێک بێت و بەهۆیەوە کەسایەتی لەکەدار بێت.
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا

وتارەکانی نوسەر