لەناو رووداوەکاندا

كورد و سوننە، هەڵكشان و داكشان لە عیراق

10:16 - 2023-09-25
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
173 خوێندراوەتەوە

سێ وێستگەی ناچونیەك لە چیرۆكی سوننە و كورد لە عیراقدا هەیە، یەكەمیان: پێش ساڵی 2003یە كە سوننە لە ترۆپكی دەسەڵات و كورد لە دۆخی ماڵوێرانیدا بوو، دووەمیان: دوای ساڵی 2003 یە كە شیعە گەیشتنە دەسەڵات و كورد بەهێزبوو و سوننە لاوازبوو، سێیەمیان: دوای ساڵی «2014» دەركەوتنی داعش لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە ریفراندۆمی باشووری كوردستان لە»2017»وە بۆ ئێستا، جارێكی دیكە هاوكێشەكە بۆ كورد روو لە داكشانە و بارودۆخی سیاسی سوننە لە كورد باشترە.
هەوڵی سوننە لەدوای ساڵی 2003ەوە بۆ رزگاربوون لەم عیراقە، زۆر كەمتر نەبوو لەگەڵ هەوڵی كورد لەژێر ناوی ریفراندۆم و جیابوونەوە لە عیراق، تەنانەت زۆرینەی سوننە رۆژانێك داوای هەرێمێكی وەك هەرێمی كوردستان، یان چوونە پاڵ هەرێمی كوردستانیان دەكرد لەلایەک، لەلایەكی دیكەشەوە بەشێكی دەسەڵاتدارانی عیراق، سوننەیان تۆمەتبار دەكرد بە هاوكاری داعش و هەوڵدان بۆ گۆڕینی نەخشەی عیراق و لاوازكردنی پێگەی شیعە لە عیراقدا، كەواتە پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: بۆچی سەرەڕای ئەو جووڵە نهێنی و ئاشكرایانەی سوننە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە لە دوو دەیەی رابردوودا تێیكەوتن، ئێستا بابەتی مووچە و دۆخی سیاسی و ئەمنی و جوگرافی سوننەكان لە كورد باشترە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوە نییە كە بڵێین سوننە لە ناوخۆدا یەكگرتوو بوون بەرامبەر شیعە و دەسەڵاتی ناوەند، ئەوەش نییە بڵێین سوننە نەچەوسێنرانەوە وەك كورد، هاوكات هیچ پەیوەندیشی بە بیری ناسیۆنالیستی و یەك نەتەوە و یەك خوێنی عەرەبی شیعە و سوننەوە نییە، چیرۆكی نێوان شیعە و سوننە ئەوەندە جوان نییە ئاگاداری نەبین و لەپێناوی دژایەتی كورد هەموو شتێك بەلاوە بنێن، راستی بابەتەكە ئەوەیە سوننە لاوازبوونی عیراقیان لەدوای داعش نەقۆستەوە و هەرزوو دەستیان نەبرد بۆ كردەی ریفراندۆم و حیساب نەكردن بۆ بەغدا، هەناردەی نەوتیان نەكرد و  نەبوون بە بەشێك لە وتارێكی پڕ دژایەتی بەرامبەر بەغدا و دەستی وڵات و لایەنی بیانییان نەگرت بۆ سەر خاكی عیراق، بەپێچەوانەوە سوننە پێش داعش و پاش داعشیش، بەهێزەوە گەڕانەوە بۆ شەراكەتی راستەقینە لە دەسەڵات و تەواوی هەوڵەكانیان خستە خزمەت عیراقێكی بەهێز و یەكگرتووەوە، ئەوەی ئێستا سوننە كردوویەتی، كورد لە دوای ساڵی 2003 كردی، بەڵام لە 2014 و 2017دا، لە دەستدرا.
سەرەڕای ئەوەی سوننەی عیراق، بە ئاشكرا لەسەر هێڵێكی سوننی نوێ لە ناوچەكەدا یاریدەكات، بەڵام بە مانایەك لە ماناكان ئەوان عیراق بە قووڵایی ستراتیژی خۆیان دەزانن، هەرچەندە ئەمڕۆ سوننە پێیوایە هەموو ئەو خاڵانەی لە رێكەوتنی كابینەكەی  محەمەد شیاع سودانیدا هەبووە، بۆ سوننە و ناوچە سوننییەكان جێبەجێ نەكراون، بەڵام وتاری دژ و هەڵچوونی لایەنی سوننە نابینرێت دژی یەكپارچەیی عیراق، ئاراستەی سیاسەتیان روو لە دەرەوە و وڵاتانی ئیقلیمی نییە، ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی هەندێك لە سەركردەكانی كوردە كە بۆ مووچە و بودجە بەغدایان دەوێت، بەڵام دڵیان لە شوێنی دیكەیە!


وتارەکانی نوسەر