چەند ساڵێکە بەهۆی ئەو هەلومەرج و بارودۆخە ئاڵۆز و پڕ قەیران و ناهەموارییەی دووچاری هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، رەوشی خوێندن و پەروەردە و پێگەیاندن و فێرکردن بەشێوەیەکی مەترسیدار رووەو گلۆربوونەوە بەرەو خوار دێت، خەریکە دەوام و خوێندن بێجگە لە قاڵبێکی رووکەش لەڕووی ناوەڕۆک و بنەما زانستی و مەعریفی و فێربوونییەکانەوە شتێکی وانامێنێتەوە متمانەی کوالیتی بکرێتە سەر، لە نووسینەکانی پێشوترماندا لە زۆر رووی پلانی نیوەوناچڵ و رێنمایی نادرووست و گۆڕانکاری بەردەوامی رێنماییەکان و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پەرەپێدانی پەروەردەیی و…زۆر لایەنی تر دوواوین، هیچ یەکێکیش لەوانە نە بەشێوەی ریشەیی چارەسەر کراون، نە پلانێکی تۆکمە و ستراتیجیش هەیە بۆ چارەسەربوونیان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئێستا گرفتی نەبوونی مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەک و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە، نرخی سووتەمەنیش رۆژانە زیاد دەبێت و مووچەش لەکاتی خۆیدا دابەش ناکرێت و زۆرێک لە مامۆستایان باروگوزەرانیان بەرەو تێکچوون و نادروستی دەروونی و ژیانێکی ناڕەحەت دەچێت، بەو هۆیەشەوە ناچار دەبن دەوام نەکەن، ئەوەی واقیعە بە هەموو شێوەیەک دەبێت هەموو ئەو حەقیقەتە بزانن، نەبوونی مووچە و باشنەبوونی رەوشی ژیانی مامۆستا، سەرجەم پرۆسەی پەروەردە دەخاتە ژێر مەترسی و دابەزینی ئاستی کوالیتیەوە، چونکە ئاشکرایە مامۆستایەک لە بارودۆخ و تەنگژەیەکی دەروونیی و مادییدا، مامۆستایەک بە سەرقاڵبوون بە دابینکردنی بژێوی ژیان رەنگە نەشتوانێت هێشتا ئەو بژێویە دابین بکات کە شایستەی شان و شکۆی مامۆستاکەیە، هەرگیز ناتوانێت لە پۆلدا وانەیەک بڵێتەوە دڵنیایی و ئاستی فێربوونی بەرزی لێ بەرهەم بێت، ئەوە حەقیقەتێکە هەرکەس و لایەنێک لەژێر هەرناو و واتایەکدا نکوڵی لێ بکات، نە لە مامۆستایەتی گەیشتووە و نەدەشتوانێت لە حەقیقەتی مامۆستایی تێبگات، بۆیە ئەگەر خەمی پەروەردەیی و خەمی ئایندەی منداڵانی وڵات و خەمی دڵسۆزی بۆ خاک و خۆشەویستی نیشتمان هەبێت و بمانەوێت بە جدی هەستی نیشتمان پەروەری و ئینتیما بۆ رۆڵەکانمان و دواڕۆژی نەوەکانمان بگێرینەوە، پێش هەموو شت دەبێت مامۆستا لەو تەنگژە و قەیرانە جۆربەجۆرانە دەرباز بکرێت کە لە هاتنی هەر بارێکی ناهەمواردا پێش هەموو کەس یەخەی مامۆستا دەگرێت، بایکۆت و قبوڵکردنی بایکۆت چارەسەر نییە، کەمکردنەوەی دەوام و پینەوپەڕۆکردنی وانەوتنەوە بە نیوەوناچڵ چارەسەر نییە، بایکۆت لە زۆنێک و دەوامکردن لە زۆنێکی تر چارەسەر نییە، ئەمانە بێجگە لە خراپترکردنی دۆخی پەروەردە و فێرکردن لەم کاتەدا هیچی تری لێ بەرهەم نایەت، باجی گرانی ئەم هەلومەرجەش پێش هەموو کەس ئەو منداڵانە دەیدەن، کە وەک پێویست پەیامی پەروەردە و فێربوونی درووست و ئاست بەرزیان پێ ناگات، دەرئەنجام وازهێنان لە خوێندن و دوورکەوتنەوە لە پرۆسەی پەروەردەی لێ دەکەوێتەوە، ئایندەی ئەو منداڵانە لە ئەستۆی هەمووانە، ئەگەر بیر لەچارەسەری زانستی و بابەتی لەسەربنەمای توێژینەوە و دیراساتی مەیدانی و واقیعی نەکرێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە چارەسەرییە رووخسارییەکان هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی