عەتا تەها
چەند ساڵێكە پڕۆسەی پەروەردە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و زیاتر لە هۆكارێك لەخۆدەگرێت كە دیارترینیان قەیرانی تەندروستی و دارایی لە رابردودا بووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە. پێنەدانی مووچە بە مامۆستایان و فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا، گەورەترین گرفتی بۆ كەرتی پەروەردە و پڕۆسەی خوێندن دروستكردووە، هەڵبەت گرفتەكە دەرەنجامی پێنەدانی مووچەیە لەبەرامبەر بەجێگەیاندنی ئەرك و پیشەی مامۆستا، سەرەنجام لەبارەی پێشلكردنی مافەڕەواكانیان لەلایەن حكومەتەوە، ئیتر بە ناچارییەوە هەڵوێستیان وەرگرتووە، ئەمەش بۆتە هۆكاری داخستنی بەشێكی زۆر لە خوێندنگەكان.
ئەمە راستەوخۆ كاردەكاتە سەر خوێندكار و پڕۆسەی خوێندن و لاوازی دەكات، ئەگەر كاریگەرییەكانی ئێستا بەدینەكرێت، ئەوا لەئایندەدا بەدڵیناییەوە لێكەوتەی نەرێنی دەبێت.
ئەوەی جێی نیگەرانی خوێندكارانە لەئەگەری درێژەدان بەم شێوازە لە كەمتەرخەمی حكومەت و بەردەوامی هەڵوێستی مامۆستایان، ئەوا خوێندكاران لە نێوان هەردوو بەرداشی هەڵوێستی مامۆستایان و كەمتەرخەمیی حكومەتدا دەهاڕدرێن، تەنها چارەسەر بۆ ئەو بارودۆخە و دەربازبوون لێی، پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین كات هەڵوێستی مامۆستایان بە هەند وەربگرن و بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچن، چونکە مافی خۆیانە و تەواو یاسایی و ئاساییە.