جیهان بەرەو دووبەرەیی دەچێت

10:24 - 2023-11-01
رێبین عومه‌ر‌
184 خوێندراوەتەوە

 جەنگی لە غەزە، جارێکی تر جیهان بەرەو دووبەرەی جیاواز دەبات و دابەشدەکات. بەرەی پشتگیریکردن لە ئیسرائیل کار بۆ ئەوە دەکات هاوشێوەی هاوپەیمانیی دژبە داعش، دژ بە حەماس کاربکات و خۆرئاواش لەو چوارچێوەیەدا کار دەکات. لەبەرامبەردا دەسەڵاتی سیاسی عەرەب بێدەنگە و هەر پەنجە رادەوەشێنێت و بێ کردەوەیە و زیاتر وەک بینەر ماوەتەوە.
 بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگە و خەڵک و جیهانی ئیسلامیدا وردە وردە خەریکە ئاست و شێوازی جەنگەکە دەگۆڕێت، بە خۆپیشاندان و بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگەی جووەکان لە جیهاندا، پەلاماردانیش لە سەرتاسەری جیهان خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە لەلایەن هەردوولاوە.
بەرکەوتنی دوو ئاینی جیاواز و دوو کۆمەڵگەی خاوەن شارستانی، ئەم جەنگە بە قووڵی رۆدەچێت.
 ئێستا ئاسایشی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەبەردەم شڵەژان و ناجێگیریدایە، عەرەب لە ئاستی حکومەتەکاندا دەستیان بە کڵاوەکەیانەوە گرتووە، سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح سیسی کە دراوسێی جەنگەکەیە، زۆر بە روونی ئاماژەی بە پەرەسەندنی جەنگەکە کردووە و ناشیەوێت دەروازەی  رەفح بەڕووی هاووڵاتیانی غەزەدا بکاتەوە.
 میسر نایەوێت خەڵکی غەزە بێنە ناو خاکی عەریشەوە لە سینا و دەیەوێت بەربە پلانەکەی ئیسرائیل بگرێت کە دەمێک ساڵە چاوی لێیەتی. 
پلانەکەش بەو جۆرەیە، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی بەریتانی لە ساڵی 1971. ئیسرائیل پلانی کۆچی ناچاری بۆ خەڵکی غەزە هەیە؛ بەرەو  زەوی عەریش لە سینای میسر، دوای نیشەجێبوونی هاووڵاتیانی غەزە؛ بەهەمان شێوە ئاگری جەنگ زیاتر پەرەدەستێنێ و داگیرکاری زیاتر دروستدەبێت، بەم رێگەیەش ئیسرائیل دەستی بە زەوی سینا دەگات.
ئیسرائیل دوای غەزە چاوی لە زەوی سینایە و دەشیەوێت لە ئایندەدا هەژموونی زیاتری بەسەر دەریای سووردا بسەپێنێت، کە ناوەندێکی گرنگی ئاڵوگۆری بازرگانیی ناوچەکەیە و ئیسرائیل لە سەردەمی (شیمۆن پێرێز) سەرۆکی پێشووتری ئیسرائیلەوە دەیەویت دەست بەسەر کەرتی غەزەدا بگرێت و وەک شارێکی بازرگانی و گەشتیاریی لێبکەن. ئەو شارە فەلەستینییە بکەنە سەنگافورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیلییەکان دەمێکە چاویان لەسەر غەزەیە و دەیانەوێت داگیرکارییەکانیان فراوان بکەن و دۆزی فەلەستینیش بچووکتر بکەنەوە.
بەوەش جەنگەکە فراوانتر دەبێت و ئەگەری هەیە ناوچەکانی ژێر هەژموونی گروپە چەکدارەکانی دۆستی ئێران لە سوریا و لوبنان بگرێتەوە، کە جاروبار لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج دەگیرێن، لە ئەگەری فراوانبوونی ئەو جەنگە بەوەکالەتەشدا، جەنگی راستەوخۆ نزیکتر دەبێتەوە کە مەترسیی جدی بۆسەر  ئارامی ناوچەکە دروستدەکات.
 لەم جەنگەدا کە خەڵکی مەدەنی غەزەی تێدا کراوەتە ئامانج، «وا لە جیهانی عەرەبی دەکات کە دووبارە بچێتەوە سووڕی بەهێزی رەوت و بەرەی ناسیۆنالیستی»یەوە کە ئەوەش زیاتر سوتەمەنی جەنگەکە بەهێز دەکات و نائارامیی زیاتر دەخوڵقێنێت.
شرۆڤەکارانی سیاسی پێیانوایە حەماس پاساوێکی بەدەستەوە دا بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی ئیسرائیل، چونکە بەهۆی ئەم جەنگەوە خەڵکی خاوەن زەوی فەلەستینیش بێ زەوی دەبن و دەربەدەر دەکرێن. 
ئەم جەنگەش نە سەنگافورە دروست دەکات، نە ئارامیی ناوچەییش دەهێنێتە گۆڕێ، بەڵکو نەهامەتی و نائارامی و دەربەدەری بۆ گەلانی ناوچەکە زیاتر دەکات و ئەم جەنگە جیایە و دۆخە سەقامگیرەکە قووڵتر و درێژتر دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر