مەسەلەکە هەرچۆن بێت

جەهەپەی نوێ و کورد و شارەوانییەکان

10:47 - 2023-11-07
خەڵەف غەفور
306 خوێندراوەتەوە

خەڵەف غەفور

 

رۆژی شەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023، بە بەشداریی 1368 ئەندام و بە دروشمی "کۆنگرەی دیموکراسی و یەکگرتوویی لە دووەم 100 ساڵەی تورکیادا"، لە شاری ئیستانبوڵ دەستی بە کارەکانی کرد، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، ئۆزگور ئوزەل، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ لە کەمال کڵیچدار ئۆغڵوی بردەوە کە توانی 536 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەوەش لەماوەی ساڵێکدا کڵیچدار ئۆغڵو لە دوو کێبڕکێی سەرۆکایەتیدا (سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی جەهەپە) دۆڕا، ئیتر تەمەنیشی بەشی ئەوەی نەماوە جارێکی دیکە بچێتە کێبڕکێکانی سەرۆکایەتییەوە، چونکە دۆڕانەکانی دەرەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی جەهەپە و ئەو ئۆپۆزیسۆنە بەهێزەیە کە بەتایبەتی لەنێو پارتەکەیدا بەرامبەری دروستبوو.

سەرۆکی نوێی جەهەپە لەبەردەم بەڕێوەبردنی سێ دۆسێیی قورسدایە کە بریتین لە:
یەکەم: یەکخستنەوەی ریزەکانی، چونکە لە ماوەکانی رابردوودا دووچاری ترازان و ناڕازیبوونی زۆر لەیەکتر بوونەوە، یەکلانەبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی گشتیی پارتەکە لە گەڕی یەکەمدا دەرخەری ئەوەیە کە جیاوازیی زۆر لە ریزەکانیاندا هەیە. 
ئەرکی یەکەمی ئۆزگور ئوزەل ئەوەیە جیاوازییەکان یەکبخات و پێکەوەیی لە کارکردن دروستبکات، ئەوەش ئەرکێکی قورسە.
دووەم: مانگی سێی ساڵی 2024، هەڵبژارنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، جەهەپە چاوی لە سەرکەوتن و پارێزگاریکردنە لە گەورە شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە، ئەوەش ئاسان نییە و ململانێی توندی لەسەر دروستدەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆغان.
سێیەم: دۆزی کورد و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵی، یەکێکی دیکەیە لەو دۆسێیانەی پێویستیی بە هەڵوێستی روونی ئۆزگور ئوزەلە، راستە لە وتارەکەیدا ئوزەل سڵاوی لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە کرد کە چەند ساڵێکە زیندانیکراوە، بەڵام ئەوە هەڵوێستێکی روون نییە بەرامبەر دۆزی کورد و هەدەپە، ناکرێت دۆزی کورد و چارەسەرکردنی تەنها لە دەمیرتاش و زیندانیکردنیدا کورتبکرێتەوە، ئەوە کارتێکی سووتاوە.
زۆر پرسیار سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەن: کێ دەبێتە هاوپەیمانی کێ؟ بنەمای هاوپەیمانییەکان چی دەبن؟ پرسی نووسینەوەی دەستووری نوێی تورکیا کاریگەریی چی دەبێت؟ کورد لە کوێی هاوکێشە سیاسییەکانی هەڵبژاردنەکەدایە و دەستکەوتی چی دەبێت؟ 
کورد کە دەزانێت دەنگەکانی تاڕادەیەک بۆ سەرکەوتنی سەرۆکەکانی شارەوانیی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە یەکلاییکەرەوە دەبێت، چۆن و بەرامبەر چی خۆی دەخاتە سەنگی سیاسیی هەر لایەنێکی گەورەی کێبڕکێکەوە؟

هاوپەیمانیی مێزی شەش کورسی هەڵوەشاوەتەوە، ئی پارتی کە مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکایەتی دەکات دەمێکە وتوویەتی بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات، هاوپەیمانیی جمهوری ئەکەپە و مەهەپە تائێستا یەکگرتوون، جەهەپە بەتەنها ناتوانێت پارێزگاری لە شارەوانییەکانی ئیستانبووڵ و ئەنقەرە بکات، کورد لە شارە گەورە تورکییەکان کارەکتەری سەرەکی نییە، بەڵام دەنگی ئاڵتوونیی هەیە، ئاسان نییە ئەمجارە بێ بەرامبەر بیبەخشێ، ئەگەر ئەوە بکات، ئەوا بەدەستی خۆی مەرگی سیاسیی خۆی دەنووسێتەوە.
ئۆزگور ئوزەل دەبێت وەرەقەی سیاسیی بخاتە بەردەم کورد، بەشێوەیەک دەستکەوتی باش لەخۆی بگرێت، ئەوەش ئاسان نییە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەریخست کێرڤی دەنگدەری نەتەوەیی و ئایینیی توند هەڵکشاوە، ئەوە گرفتی سەرەکی بەردەم هەر لایەنێکە تەمای ئەوەی هەبێ دەنگی چەپی کورد ببات.

وتارەکانی نوسەر