زەنگێک لە تاراوگەوە

10:50 - 2022-04-25
عەتا تەها
647 خوێندراوەتەوە

 لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە یاوەری وەفدێک گەیشتە بەریتانیا لە کاتی گەیشتنی بە شوێنی کۆبوونەوەکە خۆپیشاندانێکی خۆڕسک لایەن بەشێک لە کوردی تاراوگەوە رێکخرابوو بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرۆکی حکومەت و وەفدەکەی یاوەری لە ئەنجامدا ئۆتۆمبیلەکانی سەرۆکی حکومەت کەوتە بەرهێرشی خۆپیشاندەرانی ناڕازی شەقامی  ئەو وڵاتە و لە ئەنجامی ئەو کارەدا هەندێک گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا روویدا، دواتر لەبەرپاراستن و سەلامەتی گیانی سەرۆکی حکومەت چەند کەسێک لەخۆپیشاندەران دەسگیرکران و پاشان ئازادکران، لە راستیدا ئەوەی روویدا نابێت نادیدە بگیرێت و حساب بۆ ناڕەزایەتییەکانی دەنگی خەڵک نەکرێت و وابیربکرێتەوە ئەمە رووداوێکی لەناکاوە و لەلایەن چەند کەسێکەوە روویداوە و کۆتایی دێت یاخودکۆتایی هاتووە بەڵکو پێویستە بەجدی کارلەسەر هۆکارەکانی دەنگی ناڕازی شەقام و خەڵکی بکرێت کە سەقفی داواکارییەکانیان خۆی لە ناعەدالەتی و قۆرغکاری و گەندەڵی و خراپی لە جۆری سیستەمی حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە. بێگومان هەموو ئەو کاردانەوانەی لەلایەن جەماوەرەوە روودەدات کە پەیوەندی بە شێوازی سێ دەیە لە حکومڕانی ناتەندروستی حکومەتی کوردییەوە هەیە کە ساڵ لە دوای ساڵ ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپترو هەرێمەکەش بەرەو کەناری نائارامی و مەترسی زیاتردەڕوات، ئەوەی گرنگە لە ئێستا بەدواوە حکومەت بیکات ئەوەیە کە بەهەستی  بەرپرسیارێتییەوە پێداچووەنەوە بە شێوازی حکومڕانی و سیستەمی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکات و هەنگاوبنێ بە ئاراستەی چاکسازی و بەتایبەت چاکسازی لە سێکتەرە ئابوورییەکانی وەک نەوت دەرهێنان و فرۆشتن و شەفافیەت لە بودجە و تەواوی داهاتە ناوخۆیی و خاڵە سنووریی و دەروازییەکاندا بکات هاوکات کاربکرێت بە ئاراستەی دامەزراندن و دەرفەتی هەلی کار برەخسێنێت بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و وەگەڕخستنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ترو لە نێوانیاندا چاکردنی رێگاوبانەکان، بێجگە لەوەش کاربکات لەپێناوی کەمکردنەوەی ۆتینی کارگێڕی  دامودەزگا حکومییەکان بە ئامانجی خزمەتێکی شایستەو شیاو کە شایستەی خەڵکی قوربانیدەرو کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت لەگەڵ هەمووئەوانەشدا ئیترکۆتایی بهێنرێت بە سیاسەتی برسیکردن و دواکەوتنی مووچە کە مافێکی سروشتی و یاسایی هەرفەرمانبەرێکی حکومەتە و مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێت لەگەڵ ئەوەشدا هەرهیچ نەبێت پاشەکەوتی زۆرەملێی ساڵانی رابردوو لە قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەرهاووڵاتی لە ئاو و کارەبا و خانوبەرە و کشتوکاڵ و قەرزەکانی تری هاووڵاتیان دابشکێنرێ و چیتر لەمە زیاترخەڵک لە عەزابی جەستەیی و دەروونی و نائارامیدا نەژی خۆ ئەگەرنا رەنگە زەنگی ئایندە ترسناکترو مەترسیدارتربێت روونتربڵێین رەنگە سەقفی سەبر و ئارامی هاووڵاتیان گەیشتبێتە لووتکە و رۆژێک بڕۆخێ بەسەرحکومەتدا.

وتارەکانی نوسەر