جیهان لەبەردەم جەنگێكی مەترسیداردایە

10:19 - 2023-11-12
عەتا تەها
429 خوێندراوەتەوە

لێكەوتە و دەرەنجامەكانی جەنگ كارەساتی  ماڵوێرانكەری مرۆیی و ئابووری بەدوادا دێت، جا وێرانكردنەكە دەكەوێتە سەرچۆنێتی و شێوازی جەنگەكە، لەو نێوەندەشدا هێزی سەربازی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا  رۆڵ دەگێڕن لە یەكلایكردنەوەی جەنگەكە لە بەرژەوەندی لایەك و بە پێچەوانەوە. 
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل كە ئێستا لە دۆخێكی  سەختدایە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا و لە سەرەتای جەنگەكەدا كوشتارێكی زۆر لە هەردوولا هەبوو، بەتایبەتی لە حەماس و خەڵكی مەدەنی و بێتاوان کە بوونەتە قوربانیی سەرەکی.
ئەوەی ئێستا سەرنجی راكێشام، مەترسی جەنگەكەیە و گەورەكردنی ئاگرەكەیە بە رووی جیهاندا، بەتایبەتی جیهانی سێیەم كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگرێتەوە، هەر لەو روانگەیەوە، پێموایە ئەم هاوكێشەیە تەنها جەنگێك نییە لە نێوان دوو لایەن، بەڵكو زیاتر لە دوو لایەن لە پشتەوەی هەڵگیرسانێتی، هەڵبەتە هەر لەو روانگەیەوە، بەردەوامبوونیشی بەشێك لە وڵاتانی زلهێزی خۆرهەڵات و بەشێك لە وڵاتانی خۆرئاوای زلهێز پەلكێشی ئاگرەكە دەكات، بێگومان دەستوەردانی هەریەك لەو وڵاتانە لە روانگەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئیتر شێواز و جۆری بەرژەوەندییەكە تائیفی و مەزهەبی بێت یاخود سەربازیی و ئابووریی، دوور نییە هەردووكیشیان بێت، بەڵام سەرەنجام هەرچییەك بێت، ئەوا بە زیانی ئەو وڵاتانە دەشكێتەوە كە پڕیشكی ئەو ئاگرەی بەردەكەوێت. 
سەرەنجام بەشێك لە خۆرئاواش پەلكێش دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هیوایەك ماوە بۆ ئاگربەستی جەنگ و كۆتایهێنان بە مەترسییە پێشبینیكراوەكان، ئەمەش ئیرادە و بڕیار و نێوەندگیریی جدیی وڵاتانی دەوێت.

وتارەکانی نوسەر