لە رۆژئاڤاوە

بەرەو ئاشتەوایی ناوخۆیی لە سوریا

09:49 - 2023-11-13
فەتحوڵڵا حوسێنی
173 خوێندراوەتەوە

لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی سوریا، سەبارەت بە كێشەكانی ناوچەكە، جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە ئەم وڵاتە لەوەهمدا دەژی و هێشتا خۆی بەدەوڵەتێكی كامڵ دەزانێت، كە دەتوانێت تەرازووی هەرێمایەتی بگۆڕێت وەكو جاران، ئەوەی لەبیرچۆتەوە كە لەواقعێكی ئابووری داڕماو و جوگرافیایەكی لەتلەت كراودا دەژی و سەدان میلیشیای سەر بەوڵاتانی هەرێمیش لەو وڵاتەدا هەن.
بەرپرسانی دیمەشق لە شەڕێكی وەهمیدا دەژین لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاواو زلهێزەكانی جیهان و بێ ئاوڕدانەوە لەواقعی راستەقینەی خەڵكی سوریا، ئەو واقیعەی پارەی سیاسیی و سەربازی بەڕێوەی دەبات و چەندین باندی تێدا دەركەوتووە كە شارەكان و دەسكەوتەكانیان لەنێوانیان خۆیاندا دابەش كردووە، باشە بەرپرسانی سوریا بۆ وا لەخۆیان بایی بوون؟ بەجۆرێك كە دەیانەوێت دەستوەربدەن لە كاروباری وڵاتانی تر، لەكاتێكدا وڵاتەكەیان لەناوخۆدا پارچەپارچە بووەو هیچ سیاسەتێكی ستراتیژیشی نەماوە، بە پێچەوانەی سەردەمی حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشوو، ئەمە چ جای ئەوەی هیچ پەیوەندییەكی سیاسیی و ستراتیژیشی نەماوە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی زلهێز، بەجۆرێك سوریا لەنێوان بەرژەوەندییە هەرێمی و جیهانییەكاندا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەرپرسی سوریایی هەیە بەعەقڵیەتی پێش ساڵی 2011 بیر دەكاتەوە، لە كاتێكدا قەیرانی سوریا زۆر پێوەری تێكشاند و لە گرنگی ستراتیژی سوریای كەمكردەوە لەناوچەكە. 
لەم دواییەدا فەیسەڵ میقدادی وەزیری دەرەوەی سوریا، چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانی دا، تێیدا رای خۆی و سوریای سەبارەت بەكێشەكانی وڵاتانی ناوچەكە راگەیاند و وتی «هەموو ئەوەی روودەدات درۆیە و مەبەست لێی تێركردنی خواستی خۆرئاوایە بۆ كوشتنی هاووڵاتیانی عەرەب»، بەڵام سەرۆكی دیپلۆماسیەتی سوریا پێمان ناڵی بۆچی رژێمەكەی ئاوڕ لە كێشەی تائیفیی گەورەی ناو وڵاتەكەی ناداتەوە؟!.
ئەمە لەكاتێدایە كوشتاریکی زۆر لەناوچە جیاجیاكانی سوریا روویانداوە لەسەر دەستی رژێم و ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی، لەبەرامبەریشدا تەنها دەستپێشخەرییەك نییەو نەبووە لەلایەن حكومەتەكەی میقداد، بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی كە سوریای ئەوسا و ئێستاش پێویستی پێیەتی، دوای شكستی هەوڵە دەرەكییەكان بۆ ئاشتەوایی كە كاری بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی هەرێمی و زلهێز دەكرد نەک بەرژەوەندیی سوریاییەكان.
بۆیە بەرژەوەندی گەلی سوریا و هێزە دیموكراتەكانی تەنها لە گۆڕینی هاوسەنگی هێزە لەناوخۆ و پێكەوە كاركردنە بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەكی باشتر بۆ هەموو سوریاییەكان، ئەمەش هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەی دەوێـت لەلایەن رژێمەوە بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری كورد لەو وڵاتە، كە بووەتە پرۆژەیەكی گەورە و كۆكەرەوەی هەموو هێزە میللی و سیاسیی و سەربازییەكانی سوریا بۆ روبەڕوبوونەوەی تەحەدا ئابوورییەكانی ناوخۆ و دوژمنایەتییە هەرێمییەكانی كە سەپێنراوە بەسەر سوریادا.
لەبەر ئەوانە، پێویستە رژێمی سوریا پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی خۆیدا بكات و ئاوڕ لە قەیرانی ناوخۆیی بداتەوە، هەوڵی چارەسەر بدات نەك تیشك بخاتە سەر كێشەی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی، كە هیچ سوودێكی بۆ هاووڵاتیانی سوریا تێدا نییە، كە رووبەڕووی كوشتن و بڕین و ئاوارەبوون بوونەتەوە بێ ئیرادەی خۆیان.

و:گۆران

وتارەکانی نوسەر