مەسەلەکە هەرچۆن بێت

راگواستنی زۆرەملێی کورد و نەکبەی غەزە

10:15 - 2023-11-14
خەڵەف غەفور
282 خوێندراوەتەوە

خەڵەف غەفور

 

 جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەلایەک و هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، دەرەنجامی نەرێنیی زۆری لێکەوتۆتەوە، لەناویاندا کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچەکانی جەنگە کە شوێنەواری خراپ لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت، ئەوە جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە و ناسنامە پێدانی بەشێوەیەکی دیکە.

بەگوێرەی ئاماری پێشووی تیمی کوردستانی رێکخراوی CPTی ئەمریکی، تەنها لە سنووری ناحیەی کانی ماسی و دەوروبەری، نزیکەی 100 گوند بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵکراون و دانیشتوانەکەی ئاوارەی شوێنەکانی دیکە بوون، بەوەش زیانی زۆر بەر ئابووریی ناوچەکە و ژیانی دانیشتوانی گوندەکان کەوتووە، کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی بەتەواوی نامێنێت و بێکاری زۆر دەبێت. 
لە رۆژئاوای کوردستان بەهەمان شێوە گۆڕینی دیموگرافیا و کۆچی زۆرەملێ هەیە، بەگوێرەی لێدوانی ئیبراهیم شێخۆ، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بۆ راگەیاندنەکان، بارودۆخی عەفرین بەم شێوەیەی لێهاتووە "رێژەی کورد پێش داگیرکردنی هەرێمەکە  98 ٪ بووە، بەڵام ئێستا لە 25 ٪  کەمترە، ئەوە جگە لە شەهیدکردن و بێسەروشوێنبوونی سەدان دانیشتووی دیکەی هەرێمەکە".
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، زیاتر لە 300 هەزار کورد کە دانیشتووی عەفرین بوون، ئاوارە و دەربەدەر بوون و عەرەب و تورکمان لە جێگەیان نیشتەجێکراون و دیمۆگرافیای عەفرین گۆڕدراوە.
رێكخراوەکە، ئاماری وردی زیاتری بەم شێوەیە خستۆتەڕوو: "پێش داگیرکردنی عەفرین نزیکەی 95 بۆ 98 ٪ی دانیشتوانی عەفرین کورد بوون، هەروەها نزیکەی 2 ٪ بۆ 5 ٪ی دانیشتووانەکەی لە نەتەوەی عەرەب بوون، بەڵام ئێستا رێژەی کورد کەمترە لە 25 ٪"، هەروەها نزیکەی 400 هەزار داری زەیتوون لەلایەن سوپای تورکیاوە لە هەرێمی عەفرین بڕراونەتەوە، نزیکەی 15 هەزار دار زەیتوون سووتێنراون و هەزاران دۆنم زەوی جینۆسایدی کشتوکاڵییان لەسەر جێبەجێکراوە، ئەمە جگە لە هەڵکەندن و دزینی بەشێک لە دار زەیتوونەکان، هەروەها نیشتەجێکردنی تورکمان و عەرەب لە هەرێمی عەفرین بەتایبەتی عەرەبە فەلەستینییەکان. ئەو کۆچپێکردنە زۆرەملێیە لەسەر کوردستان سێ رەهەندی مەترسیداری هەیە:
یەکەم: نەخشەی دیمۆگرافی کوردستان لە رووی دانیشتووانەوە دەشێوێنێت، پڕۆسەی تەتریک مەترسیدارە و ئاسان شوێنەوارە نەرێنییەکانی لانابرێن.
دووەم: دەستدەگیرێ بەسەر شادەماری ئابووریی خەڵکەکە، ئیتر یان دەبێ لە بارودۆخی سەختی هەژاریدا بمێننەوە، یان کۆچ بکەن، تورکیا ئەوەی دووەمیانی مەبەستە. سێیەم: نیشتەجێکردنی عەرەبی فەلەستینی و تورکمان مەترسیی گەورەن بۆ داهاتوو، پێکەوەژیان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر هەر راپرسی و دەنگدانێک بکرێ لە داهاتوودا، کورد دەبێتە کەمینە و دەیدۆڕێنێ، ئەوە شەرعییەتی هەڵبژاردن و دیموکراسیی ساختە وەردەگرێ.
ئێستا کەوا ئیسرائیل هەمان سیاسەت لەسەر غەزە پەیڕەو دەکات، دووڕووییەکی سیاسی، ئایینی و مرۆیی دەبینرێ بەم شێوەیە:
یەکەم: نەتەوە یەکگرتووەکان "بەشێکی زۆری ئەندامەکانی، بەتایبەتی عەرەبی و ئیسلامی"، داوای راگرتنی داگیرکاری و کۆچی زۆرەملێ لە غەزە دەکەن کە ناویان لێ ناوە "نەکبەی دووەم".
دووەم: نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەی دیکەش لە ئاست کۆچپێکردنی زۆرەملێی کورد بێ هەڵوێستن و "نەکبەی کورد" بە ئاسایی وەردەگرن.


وتارەکانی نوسەر