باکگراوند

رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن

11:18 - 2023-11-19
جەمال ئارێز
365 خوێندراوەتەوە

(20)

(پێم خۆشە ئەگەر رەخنە لە یەکێتی گیرا، لە کوردستانی نوێدا بڵاوبکرێتەوە)، ئەمە قسەی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بوو کە لە یەکەمین ساڵیادی دەرچواندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ و لەکاتی سەردانی بۆ  بارەگای رۆژنامەکە لە هەولێر لە میانی وتەیەکیدا بەو بۆنەیەوە دەریبڕی.
هەفتەی رابردوو هاوڕێی و هاوکاری دێرینمان د، عەدالەت عەبدوڵڵا لە وتارێکیدا بۆ کوردستانی نوێ لەژێر ناونیشانی (کوا رەخنە و رەخنە لەخۆگرتنتان؟) ئەو دەستەواژەیەی سەرۆک مام جەلال-ی بەبیر هێناینەوە، کە وەک ئەو هەڤاڵەمان ئاماژەی پێکردبوو مام جەلال چەند جارێکی دیکەش لە بۆنەی جیاجیادا جەختی لە بابەتی ئازادیی رۆژنامەنووسی و ئازادیی رادەربڕین لە کوردستانی نوێدا بەتایبەتی و میدیا رەسمییەکانی یەکێتی بەگشتی دەکردەوە و هەمیشە هانی ئەوەی دەدا کە با رەخنە هەبێت بە زمانی گوڵەکە و لاپەڕەکانی کوردستانی نوێ واڵابێت بۆ رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن. 
باکگراوندی ئەم بابەتە خوێندنەوەی دیکەش هەڵدەگرێت، ئەگەر هەندێک بانگخواز و چالاکوانی ئیسلامی  وەڵامەکە بە لاڕێدا نەبەن، ئەوا دەتوانین بە (اسباب نزول الایه‌)ی بچوێنین، چونکە لەو کاتەی سەرۆک مام جەلال لە یەکەمین ساڵیادی دەرچوونی کوردستانی نوێدا ئەو دەستەواژەیەی دەربڕی، هیچ رۆژنامەیەکی سیاسیی رۆژانە تەنانەت هەفتانەش لەئارادا نەبوو.
کوردستانی نوێ ئەگەرچی سپۆنسەری داراییەکەی یەکێتی بوو، بەڵام کەسانێکی غەیرە یەکێتی بۆیان دەنووسی و بگرە کاریشیان تێدا دەکرد، بۆیە سەرۆک مام جەلال وەک هاندانێکی زیاتر بەو رەوتە کراوەیەی رۆژنامەکە دەیویست ببێتە رۆژنامەیەکی نیشتمانی نەک حزبی.
دیارە دۆخی سیاسی و میدیایی هەرێمی کوردستان لەدوای ئەو ساڵانەوە گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات، لە رووی سیاسییەوە ئاشتەوایی سیاسی بەرەو ناسەقامگیریی رۆیشت تا رادەی شەڕی ناوخۆ، کە ئیتر زۆرکەسی رەخنەگر و نووسەر بەهۆی ئەو دۆخەوە هەڵوێستیان گۆڕرا لە نووسین بۆ رۆژنامەکە تەنانەت ئەگەر نووسینەکانیان رەخنەش بێت لە خودی یەکێتی تا ئەو نووسینەیان نەبێتە شایەتی دەستەبەرکردنی ئازادی لای یەکێتی.
لە رووی میدیاییشەوە لەدوای شەڕی ناوخۆ و سەقامگیرییەکی لەرزۆک تا روخانی رژێمی بەعس لە 2003 چەندین هەفتەنامە و گۆڤاری رەخنەیی چاپ و بڵاوکرانەوە لەژێر ناو و تایتڵی (ئەهلی و سەربەخۆ)دا کە زۆرێک لە نووسەران و ئەدیبان و رەخنەگران روویانکردە ئەو میدیایانە و گڕوگاڵی ئازادییان بە رەخنە لە یەکێتییەوە دەستپێکرد کە بێگومان دەیانتوانی ئازادانەتر رەخنە بگرن لەوەی لە کوردستانی نوێدا بڵاویبکەنەوە و زۆرێک لەو میدیا ئەهلی و سەربەخۆیانەش لە رەخنەکاندا کەمتر رەچاوی ئیتیکی رۆژنامەنووسیان دەکرد.
 قۆناغی دواتر ئەوەشی تێپەڕاند بەوەی هێندە رەخنە لە یەکێتی بە هەردوو کایەی حزبی و ئیدارییەوە دەگیرا، هەندێکی راست و هەندێکی بوختان و چەواشەکاری، میدیای یەکێتییان لە واڵاکردنی دەرگای رەخنەوە خستە سەنگەری وەڵامدانەوە و بەرگرییەوە، بۆیە کایەکانی رەخنە لە یەکێتی لە رۆژنامەوە گواستیانەوە بۆ کەناڵی ئاسمانی و دیجیتاڵ میدیا بەهەموو شێوەکانییەوە.
هیوادارم نووسینەکەی د. عەدالەت ببێتە دەستپێکێک تا هەموان ئەو راستییە بزانن، ئەوە کوردستانی نوێ نییە دەرگای لەسەر رەخنە داخستبێت، بەڵکو ئەوە سڵکردنەوەی هەندێک رەخنەگرە لە بڵاوکردنەوەی رەخنە لە کوردستانی نوێدا تا واڵاکردنی دەرگای ئازادیی رەخنە بۆیان، بە قازانجی سیاسی بۆ یەکێتی نەشکێتەوە.

وتارەکانی نوسەر