گەیشتنە بنبەست

08:59 - 2022-03-15
ئیدریس جەبار
389 خوێندراوەتەوە

هیچ هیوایەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت لە عیراق لە ئاسۆوە دیارنییە، هەموو دەستەواژەكان روو لەوەن پرۆسەی سیاسی وڵات گەیشتبێتە بنبەست، لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان لەنێوان لایەنگرانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی و حكومەتی تەوافوقی.
هاوپەیمانی سێ‌ قۆڵی كە لە سەدرییەكان و پارتی و سوننەكان پێكدێت، بەبێ‌ لایەنەكانی تر ناتوانن بە تەنیا رێژەی یاسایی بۆ بەستنی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواوبكەن كە 220 پەرلەمانتارە، ئەمەش وادەكات پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دوورەدەستبێت و ئەو پرۆژەیەكی سەدرییەكان خەونییان پێوەدەبینی هاتنەدی قورس بێت.
لەڕووی سیاسییەوە، عیراق لەسەر رێڕەوی بە لوبنانبوون دەڕوات، هەرچەندە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر دەستپێشخەریی كرد و پەیوەندی بە مالیكی و لایەنەكانی تری نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە كرد، لەپێناو كرانەوە و رێكەوتن لەسەر دەرچەیەكی شیاو بۆ رزگاركردنی پرۆسەی سیاسی لەم رەوشەی تێیكەوتووە.
كرانەوە و دەرچوون لەم تەنگژەیە، دەستبەردانە لە خەونی حكومەتی زۆرینە و تاكڕویكردن بە دەسەڵات، چونكە عەقڵی سیاسی و رەوشی سیاسی ئێستای عیراق، نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە و دەبێت سەدرییەكان و لایەنەكانی تری نێو هاوپەیمانی سێ‌ قۆڵی بە باشی درك بەم راستییە بكەن و مل بۆ واقیعە رەخساوەكە كەچ بكەن.
واقیعی سیاسی ئێستای عیراق، یان رێكردنە بەرەو گەیشتن بە بنبەست، یان كرانەوە و رازیی بوونە بە بەشداریی هەموان لە حكومەت، جگە لەم دوو رێڕەوە، رێڕەوی سێیەم بەردەست نییە و دەبێت سیاسەتوانان بگەنە ئەو بڕوایەی كە باشترین رێڕەو بۆ رزگاركردنی پرۆسەی سیاسی بگرنەبەر و بەرژەوەندییە باڵاكان بخەنە سەرو بەرژەوەندییە لاوەكییەكان.
دواجار لەڕێی خوێندنەوەی هەلومەرجە رەخساوەكان و لێكدانەوەیان بۆ رەوشی سیاسی ئێستای وڵات، سەدرییەكان گەیشتنە ئەو ئاكامەی كە دەبێت دەستبەرداریی كۆمەڵێك پرەنسیپی كۆنكریتی پێشوویان ببن لەڕووی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و وەلاوەنانی لایەنەكانی تر كە ناكرێت بۆیان سەربگرێت، و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بنەمای بەشداریپێكردنی هەموان و رێكردن لەسەر هەمان رێڕەوی سیاسی ساڵانی رابردوو.
پرۆسەی سیاسی عیراق گەیشتۆتە بنبەست و لەنێو بازنەیەكی داخراودا دێت و دەچێت، هەر جموجۆڵێكیش بكرێت، یان دەبێت روو لە پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی بێت، یان ئاكامەكەی گەڕانەوە دەبێت بۆ چوارگۆشەی یەكەم.

وتارەکانی نوسەر