گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا

10:26 - 2023-11-20
عەتا تەها
862 خوێندراوەتەوە











لە جیهانی دیموکراسیدا، هەڵبژاردن چەکی  یەکلایکردنەوە و بردنەوە و سەرکەوتنە.
 ئەگەرچی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دیموکراسی دەیان سەرنج و پرسیاری لەسەربێت، بەڵام دواجار گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەر هەیە، چونکە دیموکراسی تەنها وابەستە نییە بە ناوخۆی وڵاتێکەوە، بەڵکو جیهانی دەرەوەش چاودێریی وردی پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانیی  وڵاتانی دیکە دەکەن و لەهەر بارودۆخێکی نەخوازراودا قسەی کۆتایی خۆیان دەبێت.  
ئێستا عیراق لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندایە کە هەڵبژاردنێکی گرنگە بۆ  عیراق بە گشتی و تیایدا نەتەوەی کورد بەتایبەتی، بۆیە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە بەشداریکردنی کورد و گرنگی پڕۆسەکە دەکەین.
وەک دەزانین لە مێژەوە کورد خەبات دەکات لەپێناوی رزگاریی نیشتمانی و شوناسی نەتەوەیی و پاراستنی زمان و کەلتور، لە نێویاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وا نزیک دەبێتەوە لە نیو سەدە خەباتی بێوچان و قوربانیدان، هەر لەو پێناوەشدا دەریایەک خوێنی بەخشیوە، سەرباری کەمئەندامبوونی هەزاران پێشمەرگە و کادر و دڵسۆزانی ئەو حزبە تێکۆشەرە، هەموو ئەمانە لە لاپەڕەکانی سەروەریی مێژوودا تۆمارکراون، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە و قۆناغەکان جیاوازن، لە دیموکراسییدا بۆ یەکلایکردنەوە و بردنەوەی هەر پێشبڕکێیەکی سیاسیی و بەدەستهێنانی حکومڕانی، گەورەترین چەکی سەرکەوتن تەنها هەڵبژاردنە.
گرنگە کورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت کە لە مێژووی دوو دەیە لە حکومڕانیی عیراقی فیدراڵدا تەنها دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کراوە و ئێستا وانزیکەی 12 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دوا هەڵبژاردنی ئایندەش کە بڕیاری لەسەردراوە، دەکەوێتە 18ی مانگی داهاتوووە.
 گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە ئەگەر کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان بەشدارییەکی کارای هەبێت لە پڕۆسەکەدا، یاخود روونتر بەشداریی دەنگدان بکات، ئەوا لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکان و لە کۆی پڕۆسەی حکومڕانیی و سیاسی و کارگێڕیی پارێزگاکاندا لە ناوەندی بڕیاردا دەبێت، بەمەش دەتوانرێت سەرجەم مافە نەتەوەیی و یاساییەکان بپارێزێت، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی ترەوە پیشانی هەموو جیهان بدرێت کە کورد لە هاووڵاتیی رەسەنی ئەو خاکەیە و خاوەندارێتی راستەقینەی بۆ بگەڕێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا سیاسەتی شۆڤێنیستانە لەلایەن هەندێک کەسایەتی و لایەنەوە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە بەرامبەر کورد پیادە دەکرێت.

وتارەکانی نوسەر