لەناو رووداوەکاندا

زمانی کوردی و پەیامی سەرەتاتکێی داعش

10:27 - 2023-11-20
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
267 خوێندراوەتەوە

زمانی کوردی و پەیامی سەرەتاتکێی داعش

هەر کاتێک چەمکی تیرۆر دەبیستین، واتا تیرۆر لە بەرگێکی بێناسنامەی جیهانیی و بێ نیشتمان و نامۆراڵدا دەبینین، بەڵام مەترسی گەورەتر لە خودی مەترسی تیرۆر ئەوەیە ئەم بکەرە تیرۆریستە ببێتە هەڵگری بەشێک لە ناسنامەی زمان و لە رێگەی زمانەوە خۆیمان پێبناسێنێت و راڤەی ویست و ئامانجەکانیمان بە زمانی کوردی بۆ بکات، وەک ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا بینیمان ئەو تیرۆریستانەی دەستگیرکران، کوردزمان بوون.
ئەم گروپە تیرۆریستە کە زیاتر لە تەرزێکی فیکری دەچوون، نەیاندەشاردەوە کە لە دۆخێکی گونجاو گەڕاون بەسەر ناوچەکە و کوردستاندا بێت و ئەوانیش ئامادەبن و بێنەدەست.
ئەم پەیام و سیگناڵە بە کوردییەکی روون و رەوان، پێماندەڵێت گەرای تیرۆر لە وەرزێکی دیکەی پیتاندندایە، چونکە ژینگەی سیاسی و تا ئەندازەیەکیش ئەمنی و ئابووریی ناوچەکە گونجاوە بۆ ئەم پیتاندنە نوێیە و ئەم دووبارە دەرکەوتنەوەیەی تیرۆری داعشی. 
ئەم پەیامە کوردییەی تیرۆریستەکان هەموو تاکێکی کورد ئەرکدار دەکات کە پێویستە کورد فۆرمی خەبات لە هێرشەوە بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە چیاکاندا، بگوازێتەوە بۆ ناو گوتار دژ بە بیری داعش و هاوئاوازەکانی، پێویستە سەنگەری چەک بگۆڕدرێت بۆ سەنگەری فیکری کراوە و لۆژیک و رۆشنگەر دژ بە بیرێکی داخراوی دۆگمای توندئاژووی وەک داعش و تیرۆر بەگشتی.
لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دێتەگۆڕێ: چی وادەکات ئەم تەرزه داعشییە لە سلێمانی و هەڵەبجە و کەلار و چەمچەماڵ و کەرکوکدا هەبن و راستەوخۆ پەیام لە شاخ وەربگرن و زمانی گەیاندنیشیان زمانی کوردی دایک بێت؟
پێمانوایە، ئەم گەراخستنە نهێنییە، مەترسیدارە و دەبێت لە چاوگەکەیەوە وشک بکرێت، دەبێت هەموو ئەو هۆ و ئامڕاز و ناوەندە کوردییانەی لە کوردستاندا هۆکارن بۆ لە دایکبوونی فیکری داعشی، لەناوببرێن یان بخرێنە ژێر چاودێریی وردەوە، هاوکات پێویستە لەلایەکەوە رێنوێنی و هۆشیاریی و زانیاریی ئەمنیی زیاتر بە تاکی کورد بدرێت، تاکو بە ئەمانەتەوە پاراستنی دۆخی ئاسایشی کوردستان لەبەرچاو بگرن، لەلایەکی دیکەشەوە خەمخۆرانی کورد شرۆڤەی دەرکەوتەیەکی لەم شێوەیە بکەن کە زمانی کوردی وەک چۆن لە رابردوودا زمانی دیکتاتۆرەکان نەبووە، ئێستاش زمانی تیرۆر و تۆقاندن نابێت و نییە.
لەدوای ئەم دەرکەوتەیەوە، مەترسییەکە بەوە کۆتایینایەت کە هەر تیرۆریستێک دەستگیر دەکرێت ئیدی ئامانج و مەرامەکەیشی کۆتاییدێت، بەڵکو لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە ئەم پەیامە تیرۆریستییە کە هەڵگری وشە و دێڕ و فۆنەتیکی کوردییە، ئاسانتر لەهەر زمانێکی دیکە دەگاتە ناوخۆی کوردستان و لێکەوتەی خراپی بۆ سەر دۆخی کۆمەڵایەتی و ئەمنی وڵات دەبێت. 
پێویستمان بە گۆڕینی کاریگەریی ئەم پەیامەیە لەسەر تاک و کۆمەڵگە، لە کورتترین مەبەستیشدا، پێویستە ئەم زمانەی تیرۆریستان خاڵی بکرێتەوە لە جوانی و مانا و کاریگەریی کوردیانە، ئەمەش بەوە دەبێت هەرکەس لەلای خۆیەوە بگەڕێتەوە بۆ بەرگری و بە پیرۆزکردنی زمانی کوردی لە دەرەوەی ئەو بە کوردکردنەی تیرۆریستان بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکاریدەهێنن.

وتارەکانی نوسەر