له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له ده‌رگادان و سه‌ردان و داوای ده‌نگكردن و هه‌وڵی ئاشتكردنه‌وه‌ی كه‌ركوكییه دڵشكاوه‌كانی ده‌ستی سته‌م و دیرۆك و نادادی، جگه له‌وه‌ی ئه‌ركه، ده‌بێت بكرێته پڕۆژه‌ی به‌رده‌وامی دروستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه نوێنه‌ری خه‌ڵك و خه‌ڵكیش به‌گشتی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی لێره‌دا من گه‌ره‌كمه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌مه‌یان نییه، كه پێموایه ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌بێت و به‌رده‌وام نه‌بێت، كه‌واته درز و كه‌لێنی گه‌وره له په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵك و نوێنه‌ردا هه‌یه، قسه‌كردنی من له‌سه‌ر گره‌وی شه‌ڕكردنه بۆ جوانكردنی كه‌ركوك، جوانكردن به‌و مانایه‌ی له دوای ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كانی شار هه‌ر ساڵێك و چ جیاوازییه‌ك ده‌بینین، ئه‌مه گره‌وی راستییه.
كه‌ركوك یه‌كێكه له‌و شارانه‌ی ده‌كرێت به‌رده‌وام جوانكاریی تیابكرێت، شارێكه دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێشی هه‌یه، شارێكه قه‌ڵا و دیرۆك و شارستانییه‌ت و نه‌وت و هه‌مه‌چه‌شنی و هه‌مه‌ڕه‌نگی و هه‌مه‌زمانی هه‌یه و به درێژایی سه‌دان ساڵ رێ رووبارێكی بێ‌ناز و زۆربه‌ی كات وشك و زستانان به لرفه و ناڵه به ناوه‌ڕاستیدا ده‌ڕوات، رووبارێك كه ئێستا له ناوشوان به‌نداوێكی بۆ كراوه و رژاوی هه‌موو سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی له گوندی برایمئاغاوه تا كۆچه‌ك ده‌ڕژێته ناو، بێگومان له‌م سه‌رزه‌مینی خودایه زۆر شار و شارۆچكه ئاو به نێویدا رێ ده‌كات و ژیان و به‌رده‌وامی پێده‌به‌خشێت، ئه‌گه‌ر دیجله نه‌با به‌غدا چی بكردایه، ڤینیسیا بێ كوچه و كۆڵانه ئاوییه‌كانی له‌كوێ وه‌ك ئێستا جوان ده‌بوو، كه‌ركوك گره‌وێكی گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو به‌رپرسێك و هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان بۆ نوێنه‌رایه‌تی كردنی هه‌ڵده‌بژێرن، ئایا ده‌توانن ژیان بكه‌ن به‌به‌ر خاسه‌دا؟
خاسه ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هه‌بێت رێگه زۆره بۆئه‌وه‌ی ژیانی بكرێت به‌به‌ردا، جگه له به‌نداوی خاسه خۆی، له‌و نزیكه‌وه دوبز هه‌یه كه ده‌كرێت به پێچ و ده‌وری ئاوه‌ز نه‌ك زه‌مان تینوێتی كه‌ركوك بشكێنێ، كه‌مێك دوورتر گۆپته‌په هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر ئاوه‌زی ده‌وڵه‌تداری هه‌بێت، ده‌كرێت به ناو شوان‌دا نه‌ك هه‌ر خاسه ماڵئاوایی له بێئاوی بكات، بگره ته‌كیه و چه‌مچه‌ماڵ و ته‌نانه‌ت گونده بێئاوه‌كانی شوانیش ژیانیان به‌به‌ردا بكرێت، ده‌كرێت خه‌ڵك هه‌بن بڵێن بابه ئه‌مه كارێكی قورسه و تێچووی زۆره و هه‌تا دوای لێ نه‌كرده نییه، هه‌رگیز مه‌رجیش نییه په‌له‌پڕوزێ نانه‌كه بكات به خه‌ڵوز.
بۆ من گرنگه به‌ربژێره‌كان داكۆكی له ژینگه و جوانی بكه‌ن، با نه‌ڵێن واده‌كه‌ین و وا ده‌چین، لانیكه‌م پڕۆژه و خه‌ونیان هه‌بێت، پڕۆژه و خه‌ونی گه‌وره ئه‌گه‌ر به‌دیهاتنیشی كاتی زۆری بوێت، به‌ڵام ئومێد ده‌به‌خشێت به مرۆڤ.
كه‌ركوك پێویستی به‌وانه‌یه ئومێدی پێببه‌خشن، به‌ڵێنی قه‌به ئه‌وه‌یه تۆ بڵێی كه‌ركوك ده‌گه‌ڕینمه‌وه ئامێزی كوردستان، یان یه‌كی دی بڵێت ده‌یكه‌مه بووكی به‌غدا، ئه‌وه مه‌ڵێ، ئومێدی پێببه‌خشه، گه‌لۆ كه‌س خاسه‌ی له بیره، خاسه‌كه‌ی خۆمان.