رێبین عومەر
سلێمانی شاری شاران، شاری هەڵمەت و قوربانی، ئەو شارە پێشەنگ و سەرمەشقی سەرجەم شۆڕش و بەرخودانەکانی ئەم پارچەیەی نیشتمان و هاوکار و پشتیوانی زۆرێک لە شۆڕشەکانی کوردستانیانی پارچەکانی تر بووە.
ئەو شارە شایەنی زیاتر خزمەتکردن و پێبەخشین و بووژانەوەیە، ئەوەی لە رابردوودا سلێمانی بەخشیوێتی بەم ئەزموونەی هەرێم؛ کەمتری پێبڕاوە، بگرە زۆرجار گەمارۆ دراوە و بە مەبەست سکی هەڵگوشراوە و بەهۆی هەڵوێستەکانی باجی نیشتمانپەروەریی داوە.
ئەوەی لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو شارەدا گرنگە؛ ئەوەیە شارەکە زیاتر لەوەی هەیە خزمەت بکرێت و دەسەڵاتی سیاسی خاوەندارێتی جدی لێبکات و رێگە لە فەوزای سیاسی بگیرێت، کە ساڵانێکە گیرۆدەی بووە.
ئەو شارە لە مێژووی کۆن و نوێدا شارێکە بە ئاسانی دەستەمۆ ناکرێت و ناچێتە ژێربارەوە، کەلتوری سلێمانی بە جۆرێکە حەزی بە فرەیی و ئازادییە و کۆت و بەند ناکرێت؛ حەزی بە چەپکە گوڵەکەیە و لەگەڵ فرەیی و تەباییدایە، خەڵکی شارەکە ئارەزووی بەشداریی سیاسی دەکات. «نەریتە لە سلێمانیدا دەست بەکڵاوەوە ناگیرێت»، واتە شارێکی زیندووە، خاوەن دەنگ و بیروبۆچوونی خۆیەتی.
سلێمانی لەگەڵ کەشی مەدەنیدایە و لە سەردەمی رابرووی داگیرکاری ئینگلیزدا هەر دژە و دەستەمۆنەکراوە، بۆ یەکەمین جار لە 1920 ئینگلیز لەبەر هەڵوێستی کوردپەروەرییەکەی ئەو شارەی بە چەکی قەدەغەکراو بۆمببارانکرد، خەڵک زیاتر دژی ئینگلیز وەستانەوە؛ لەو کاتەدا مامۆستایان هەریەک لە ئیبراهیم ئەحمەد و بێکەسی شاعیر رێکخەری ناڕەزاییەکان بوون دژی ئینگلیز، خەڵک زیاتر داوای دەرکردنی ئیستیعماری دەکرد.
سلێمانی شارێکە دەستەمۆ نەکرا، تا تاجی ستەمکاری لە عیراق تێکشکاند و تین و وزەی شۆڕشی پارچەکانی تربووە، ئەو شارە بە هەڵويستەکانی؛ خۆی کردۆتە ناوەندی کوردایەتی.
سلێمانی شارێکە بەردەوام قوربانی دەدات، لە پێناوی ئەوەی وەک خۆی بمێنێتەوە و قڕو قەپ نەبێت، شارەکە بەهۆی هەڵبەزو و دابەزی سیاسییەوە قوربانیی زۆری داوە؛ یان کراوەتە قوربانی، بەڵام ئەوەی گرنگە، سلێمانی وەک شار زیاتر نەگلێ لە کێشمەکێشی سیاسی و بە مەبەست نەخنکێنرێت و زیاتر خزمەتبکرێت، کە خەڵکە ماندوەکەی شایەنی لەوە زیاترە.