شوان کەریم کابان
لە بەشێکی تەمەنم لە ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان لە شاخ، ئەو شانازییەم پێبڕا کە ماوەیەکی باش وێڕای کاری بێژەری لە بەشی عەرەبی، ئامادەکاری بەرنامەی کاروانی شەهیدان بم.
بۆ ئەو مەبەستە لە ئیزگە دەفتەرێکمان هەبوو، رۆژانە هەڤاڵانی بێسیم، لەگەڵ وەرگرتنی هەواڵەکان و چالاکییەکانی پێشمەرگە، ئەگەر شەهیدیش هەبوایە، ناوی سیانییەکەی و شوێنی پێشمەرگایەتییەکەی و رێکخستنەکەیان وەردەگرت، لە هەمانکاتدا، ناوی شەهیدانی زیندانەکانی رژێمیش وەردەگیرا و لەو دەفتەرەدا تۆمار دەکرا و پاش ماوەیەکیش ژیاننامەی تەواوی ئەو شەهیدانە وەردەگیرا و بۆ بەرنامەی شەهیدان سوودی لێوەردەگیرا، جگە لەوەی لە دەفتەری سەروەریدا بڵاودەکرایەوە، ئەگەر هەڵەشم نەکردبێ دوو بەشی لێ بڵاوکرایەوە. بەرنامەی کاروانی شەهیدان هەفتانە بوو، لەهەمانکاتدا رۆژانە ئەگەر شەهید هەبوایە لە ئەنجامی چالاکییەکانی پێشمەرگە، یان هێرش و پەلامارەکانی رژێم، ناوەکان بڵاودەکرانەوە، لەبەرنامەکەش بەپێی مێژوی شەهیدبوون، باس لەو شەهیدانە دەکرا کە لەو ماوەیەدا شەهیدبوون. وەرگرتنی ناوی شەهیدان و ئامادەکردنی بەرنامە لەسەریان، هەموو جارێک ئازارێکی قووڵ و حەسرەتێکی گەورەی لامان جێدەهێشت.
هەموو ئەوان، بەوانەی ئەمانناسین، یان نامۆبوون بۆ ئێمە، یان هاوڕێمان بوون، مرۆڤی بەئەمەک و خۆبەختکەر و پێشمەرگە و رێکخستن وهاووڵاتیی دڵسۆزی کوردستان بوون.
شەهیدان هەموویان ئومێد و ئاواتیان هەبوو، چاویان لە دواڕۆژێکی روون بوو، ئاواتیان کوردستانێکی ئازادی بێ جەور و ستەم بوو. بەشێکیان خاوەن هاوسەر و منداڵ بوون، هەندێکیان نووسەر و شاعیر و هونەرمەند بوون.
یەکێک لەخەسڵەتە هەرە دیار و بەرچاوەکان کە یەکێتی لە حزب و گروپە سیاسییەکانی تری کوردستان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە هەم خاوەنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر شەهیدی سەنگەر و زیندانە، هەم زۆرترین سەرکردە و فەرماندەی شەهیدبوون.
شەهیدانی هەموو کوردستان ئەستێرەی ئاسمانی خەباتی کوردایەتین، بەڵام شەهیدەکانی یەکێتی ئەستێرە گەشەی ئەو ئاسمانەن.
گیان بەختکردنی پێشمەرگە و فەرماندە و سەرکردە و کادری رێکخستنەکانی یەکێتی لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا بێوێنەیە. لە رۆژژمێری خەبات وتێکۆشانی بەردەوام وبێوچانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کەم رۆژ هەیە یادی شەهیدێکی تێدا نەکرێتەوە.
قوربانیدانەکانی یەکێتی لە کاروانی خەباتی بێوچانیدا، دانسقە و هەڵبژاردە و بێوێنەن.
لە سرووتی شەهیدبووندا، یەکێتی داهێنانی کردووە، پێشمەرگە و کادر و فەرماندە و سەرکردە پێکەوە شەهیدبوون، لەو شانازییە گەورەیەدا، جیاوازی نەکراوە.
هاوڕێ و هەڤاڵە شەهیدەکانمان، هەمیشە لەیادماندان، یاد و بیرەوەری و ئاکارەکانیان، بۆ ئێمە رێنیشاندەری ئایندە و مەشخەڵی دەستمانن.
رۆژی ئەوان، رۆژی وەبیرهێنانەوەی سەروەریی و داستان و رۆژانی سەختی خەبات و تێکۆشانە.
لە رۆژی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سڵاو لە گیانی پاکیان و گیانی پاکی گشت شەهیدانی کوردستان، سەربەرزییش بۆ کەسوکار و نەوەکانیان، هەمیشە زیندوو بێ یاد و یادەوەرییان و مەشخەڵی تێکۆشانیش هەر کڵپەسێن بێ .