باکگراوند

جەنگ، جەنگێکی تر لە بیردەباتەوە

10:26 - 2023-11-26
جەمال ئارێز
271 خوێندراوەتەوە

(21)

هێشتا دوو ساڵ بەسەر جەنگی روسیا - ئۆکرانیادا تێنەپەڕیوە، جەنگی حەماس - ئیسرائیل شوێنی بە دیمەن و مەرگەساتەکانی جەنگی یەکەمیان لێژکردووە.
مەینەتییەکانی مرۆڤایەتی هەمیشە لە دووبارەبوونەوەدایە، ئەوەی لەم جەنگەیاندا دەبێتە مرۆڤدۆست و پارێزەری مافی مرۆڤ، لەوی تریاندا بۆخۆی مرۆڤکوژە، یاخود پاڵپشت و پشتیوانە، جا راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ لەوەش مەترسیدارتر، دەسخەڕۆبوون و هەڵخەڵەتانی قوربانییەکان و پەند وەرنەگرتنە لە مێژوو.
لەگەڵ هەموو کارەساتێک کە بەسەر گەلی کورددا دێت، ئەو دەستەواژەیەمان بەرگوێ دەکەوێتەوە کە دەڵێت: «کورد پەند لە مێژووی خۆی وەرناگرێت»، بەڵام ئاخۆ ئەوە هەر کوردە کە پەند لە مێژووی خۆی وەرناگرێت، یان هەموو ئەو میللەتانە بەو جۆرەن کە ناتوانن لە هاوکێشەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان تێبگەن؟
باکگراوندی جەنگ و نەهامەتییەکان لەدوای جەنگی دووەمی جیهان و بەتایبەتیش لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردووەوە کە لە جەنگی گەرمەوە چووە قۆناغی ساردەوە، زۆربەیان لە رێگەی شەڕی وەکالەتەوە بەڕێوەچووە، ئەنجامی هەمووی دووبارەبوونەوەی تراژیدیایە بۆ گەلانی بەشمەینەت و دەستەبەربوونی ناوچەیەکی نفوز بۆ یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان.
لە هاوکێشەی جەنگی ڤێتنامدا، ئەمریکا دڕندە و هێرشبەر و مرۆڤکوژ، سۆڤیەت و وڵاتانی (بەرەی سۆشیالیستی!) مرۆڤدۆست و فریادڕەس، قوربانییەکانیش ڤێتنامییەکان.
لە جەنگی یەکەمی ئەفغانستان و روخانی حکومەتەکەی نەجیبوڵڵادا سۆڤیەت و (بەرەی سۆشیالیستی!) دڕندە و هێرشبەر و مرۆڤکوژ، ئەمریکا و وڵاتانی (بەرەی دیموکراسی!) مرۆڤدۆست و فریادڕەس، قوربانییەکانیش ئەفغانییەکان.
لەوێوە بۆ جەنگی عیراق – ئێران و جەنگی داگیرکردنی کوێت، جەنگی دووەمی ئەفغانستان لە 2001  و جەنگی سێیەم لە 2021 دا کە جیاوازییەکان تەنها گۆڕانی رۆڵی وەکیلەکانە.
شوباتی ساڵی 2021، جیهان شایەتی خوێناویترین جەنگ بوو لە ئەوروپادا لەدوای جەنگەکانی یۆگۆسلاڤیای جارانەوە لە (1991 - 2000)، ئەویش جەنگی روسیا – ئۆکرانیا بوو، لەو جەنگەشدا ئەگەرچی روسیا بە مرۆڤکوژ و دوژمنی سەرسەختی مرۆڤایەتی وێناکرا و زۆربەی هەرە زۆری ئەوروپا و جیهانی (دیموکراتخواز و مرۆڤدۆست!) هاتنە سەر خەت بۆ هاوکاریی سەربازیی و مرۆیی بۆ ئۆکرانییەکان، بەڵام دوو ساڵ کەمتر لەدوای ئەو جەنگە خوێناوییە بۆ گەلانی روسیا و ئۆکرانیا و فرمێسکاوی بۆ گەلانی ئەوروپا، کە جەنگی نوێی حەماس و ئیسرائیل هەڵگیرسا لە حەوتی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، ئیدی هەموو دروشمەکانی ئەوروپا و جیهانی دیموکرات پووچەڵ بوونەوە، کاتێک کاردانەوەکانی ئیسرائیل زۆر لە شێوازی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نامرۆڤانەتر بوو کە تەڕ و وشکی پێکەوە سووتاند و نەخۆشخانە و کەمپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لێ بەدەرنەبوو، بەڵام فرمێسکڕێژەکانی ئەوروپا نەک نقەیان لێوە نەهات، بگرە بە پاساوی مافی بەرگری لەخۆکردن پشتگیریی ئیسرائیلیشیان کرد، کە هێشتا دیارنییە لەدوای ئاگربەستە چوار رۆژییەکە چ مەینەتییەکی تر چاوەڕێی ناوچەکەیە؟ گرفتەکە ئەوەیە قوربانییەکانی جەنگەکە هەر خەڵکی  فەلەستین و ئیسرائیلن و لەبەرئەوەش کە هیچ لایەکیان جەنگەکە بۆ خۆیان ناکەن، دیارنییە کەی مەینەتی بەرۆکیان بەردەدات و دیاریش نییە کە چەند گەڕی تر ئەم جەنگە لەو پانتاییە بەرتەسکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە دەبێتەوە و بە چ جەنگێکی نوێ ئەمەی ئەمجارەیان لە بیر دەبەنەوە؟

وتارەکانی نوسەر