باکگراوند

دووفاقی لە قۆناغی بانگەشەدا

10:20 - 2023-12-03
جەمال ئارێز
242 خوێندراوەتەوە

(22)

خۆ دوورەپەرێزکردن لە پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردندا سزادانی لێپرسراوانی گەندەڵ نییە، هێندەی سزادانی خودی دەنگدەر و ئەو  هاووڵاتییانەیە کە دەیانەوێت دۆخی وڵات بەرەو باشتر بچێت.
لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا، سەرەڕای ئەوەی حزب و قەوارەکان سەرقاڵی بانگەشە و کەمپینن، چەند میدیایەکی عیراقی و کوردستانی هانی خەڵک دەدەن بۆ نەچوون بۆ دەنگدان بەوەی هەڵبژاردن و دەنگدان هیچ لە دۆخی خەڵک ناگۆڕێت بەواتایەکی دیکە دەنگی دەنگدەر هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.
ئەگەر بڕوانینە ئەم جۆرە میدیایانە و  باکگراوندی فیکرییان، هەندێکیان هەر لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە دژ بە هەڵبژاردن و کۆی پڕۆسەی سیاسیی بوون، بەڵام بێئاگا لە خیتابی ئیعلامیی پێشووتریان کە لە قۆناغی ئاساییدا تەرکیزیان لەسەر ساردکردنەوەی خەڵک بووە لە حزبایەتی، تەنها لەسەر وەتەری ئەو دەنگ و رەنگانە بینەر و خوێنەریان لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە کە دژی سیاسەت و حزبایەتی قسەیان کردووە و تەنانەت بەشێک لەو لێدوانانەیان دەکردە بنێشتە خۆشەی بن زاریان و ئەوەندەیان لێدەدایەوە تا لە مێشکی وەرگردا بیچەسپێنن گوایە خەڵک دژی پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن و حزبایەتین.
کە دەچینە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، دەبینین زۆرێک لەو میدیایانە دەبنە زمانحاڵی حزب و جووڵانەوەیەکی دیاریکراو و ئەوەیان لەبیر چۆتەوە کە پێش وەزیفە نوێیەکەیان وەک زمانحاڵی حزبێک یان جووڵانەوەیەکی سیاسیی پۆپۆلیستی چییان وتووە لەبارەی هەڵبژاردن و بەشداریی هاووڵاتییەوە، بۆیە بەرلەوەی ئەرکی حزبە سەرەکییەکان قورس بکەن، ئەرکی خۆیان قورسترکردووە، چونکە ئێستا ئەرکی ئەوان بووە بە دوو ئەرک، یەکێکیان چۆنێتی راگەیاندنی پەشیمانبوونەوەی خۆیان لە خیتابی میدیایی خۆیان، لەوەی چۆن بتوانن ئەو خەڵکە لەگەڵ پڕۆسەی هەڵبژاردن ئاشتبکەنەوە کە ساڵانێکی زۆر لەخشتەیان بردوون و هەڵبژاردن و حزبایەتییان لەبەرچاویان قێزەون کردووە، ئەرکی دووەمیشیان هاندانی خەڵکە بۆ بەشداریی گەرموگوڕ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، چونکە سپۆنسەرەکانیان بەشێکن لە کارەکتەرەکانی گەمەکە.
بەگەڕانەوە بۆ ئەو باکگراوندە، هاووڵاتیان دەبێت سەرەتا لە رووی قانوونییەوە ئەو راستییە بزانن کە گۆڕانکاریی بە دەنگی ئەو چۆن روو دەدات؟ 
یەکێک لە گرفتە سیاسییەکان ئەوەیە لە قانوونی هەڵبژاردنی عیراق و زۆر وڵاتی تردا جەخت لەوە نەکراوەتەوە کە دەبێت رێژەی دەنگدان چەند بێت و ئەگەر لەو رێژەیە کەمتر بێت ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەند ناکرێت، بۆیە تا رێژەی بەشداری زیاتر بێت، نرخی کورسی بەدەنگ قورستر دەبێت، ئەوەش وا دەخوازێت کە:
*دەنگدەری قەوارە و هاوپەیمانییە گەورەکان خەمسارد نەبن لەوەی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت حزبەکەی ئەوان هەر براوەیە، بۆیە دەنگدەری حزبە گەورەکان هەوڵبدەن حزبەکانیان بە دەنگ و سەنگی خۆیانەوە دەربچن، نەک بەهۆی کەمیی رێژەی بەشداریەوە.
*هەڵسەنگاندن بۆ ئەو قەوارە و هاوپەیمانییە نوێیانە بکەن کە پێشتر لە هەوڵی بە شەیتانکردنی دەنگدەر و کادری حزبیدا بوون، بەڵام ئێستا خۆیان حزب دروست دەکەن و هانی هاووڵاتی دەدەن بۆ دەنگدان، کەواتە هەر ئەم دووفاقییە بۆخۆی مایەی هەڵوێستە لەسەرکردن و خۆبەدوورگرتنە لەو جۆرە قەوارانەی کە لە سەرەتاوە بە خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک دەستپێدەکەن.

وتارەکانی نوسەر