ئەگەرچی ئێمە لە هەرێمێکی پڕ قەیراندا ژیان دەکەین و کۆمەڵانی خەڵکیش لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان بێ ئومێد بوون، بەڵام هێشتا ئەو بێ ئومێدیە دەرگا و بواری بەخۆداچوونەوەی بەڕوماندا دانەخستووە، خۆ ئەگەر حزب و دامەزراوە سیاسییەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن، بێگومان بنەماکانی بەدیهێنانی سیستمێکی دیموکرات و خزمەتگوزار کە ماف و ئازادییەکانی تێدا پارێزراو بێ ئەستەم نییە، نیەت و ئامرازی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەش بە دانانی بەرنامە و پلانێکی گشتگیریی ناوخۆیی «چ ئاسۆیی بێ و یا ستونی» بۆ کایەی حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا رۆڵێکی گەورەیان دەبێ .
ستراتیژیی حزبی سیاسی بۆ پاڵپشتی پرۆژەی دیموکراسی و بەدیهێنانی خواستی کۆمەڵانی خەڵک لە چوارچێوەی کارنامەی سیایدا بۆ هەر وێستگە و قۆناغێک گرنگی خۆی هەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر راسپاردە و رێنمایی ئاراستەکراوی ناوخۆییە بۆ رێکخستنەوەی پێکهاتە و هەیکەلی رێکخراوەیی، هەروەها راهێنانی رێچکەی دیموکراسیش لە دەستاودەستکردنی بەرپرسیارێتی نێوخۆیی یەکێکە لە باشترین هەنگاوەکان بۆ دەربازکردنی سلوکی حزبی لە چەقبەستوویی سیستمی سیاسی و بەهەند وەرگرتنی دامەزراوەکان و رێگریکردن لە بە شەخسەنەکردنییان، هەروەها تەوزیفکردنەوەیان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا کۆڵەکەیەکی پتەوی دانەبڕانی حزبە لەجەماوەر و پێویستی بەگەشەپێدانە.
بۆ ئەم ئامانجانە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پاڵ ئامادەکارییەکان بۆ پێداچوونەوەی ئەدای سیاسی و حکومڕانی لە چوارچێوەی بەشداریی هەمەلایەنەی «دیداری یەکێتی»دا، واخەریکە بە وەزیفەی حزبیشدا دەچێتەوە، ئەوەتا لەسەر ئاستی مەکتەب و مەڵبەند و ئۆرگانە جیاجیاکان دەستی داوەتەوە گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕیی بەرپرسیارێتی کاراکتەرە سیاسییەکانی، دەیەوێ لەم رێگەیەوە کلتوری سیاسی بۆ بەهێزکردنەوەی رایەڵەکانی بە جەماوەر جارێکی تر ئەبدەیت بکاتەوە.
ئەم پێشوازیی و جۆش و خرۆشەی جەماوەر و کادر و لایەنگرانیشی کە لەم چەند رۆژەی رابردودا لە سنور و پێگە جوگرافیەکانی کوردستاندا لە ساتەوەختی گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕی بەرپرسیارێتی لە بۆرد و مەڵبەند و ئۆرگانە باڵاکاندا بینرا، زیاتر سەلمێنەری ئەوەن کە دیدگای بڕیار بەدەستانی یەکێتی بۆ ئاراستەکردنی رەفتار حزبیانە و نەش و نمای رێکخراوەییانە، تەواو راستەڕێیە و دەشێ ئەم هەنگاوانە بۆ بەرژەوەندیی و خزمەتی گشتی وەگەڕبخرێنەوە، وە روانگەیەکی هاوبەشیش پێک بێنن بۆ گۆڕانکاریی لە فۆڕمی ئیدارەدانی حکومڕانی و دەستنیشانکردنی کەم و کوڕیەکان و دواجار پێشنیازکردنی چارەسەر و دانانی ستراتیژی دور مەودا بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و گێڕانەوەی بەها و ماف و پرەنسیپە گشتییەکان لە واقعی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمدا.