یەكێتی چۆن كاری رێكخراوەیی و جەماوەری گەشەپێبدات؟

10:47 - 2022-04-27
نەوزادی موهەندیس
532 خوێندراوەتەوە

وەك دەوترێت هەمیشە جەماوەر سەرچاوەی شەرعیەت و رەوایی هەموو دەسەڵاتێكە و دەسەڵاتەكانیش لە دونیای دیموكراسیدا لە رێگەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانەوە حزب و سەركردە سیاسیەكان دێننە دەسەڵاتەوە، هەر بۆیە جەماوەر رۆڵ و كاریگەری گرنگی هەیە بۆ پشتیوانی و سەرخستن و گەشەكردن و گەیاندنی حزبە سیاسییەكان بەدەسەڵات. 

كۆبوونەوە و پشتیوانیی جەماوەری
بەهەمان شێوە؛ هیچ حزبێكی سیاسی بەبێ‌ بوون و كۆبوونەوە و پشتیوانیی جەماوەری كۆمەڵگەكەی ناتوانێت سەركەوتن و گەشەكردن وەدیبێنێت و بەگەورەیی و دەسەڵاتداری بمێنێتەوە، چونكە هەركات جەماوەر بەهەر هۆیەكەوە پشت بكاتە هەر حزب و سەركردەیەكی سیاسی، ئەوا بەدڵنیایی شكست و بچوكبوونەوە و كەوتن چاوەڕوانی دەكات.
بۆیە هەمیشە جەماوەر وەك دەریایەكی پان و بەرین وایە و لە قۆناغ و وەرزە جیاوازەكاندا توانای شەپۆلدان و راماڵینی گەورەترین بەربەستەكانی هەیە و حزب و شۆڕش و سەركردەكانیش وەكو ماسی وان، ماسی هیچ كات بەبێ‌ ئاو ناژی و هەمیشە هەر ماسی پێویستی بەدەریا و ئاو هەبوووە نەك دەریا. بۆیە پێویست دەكات خاڵی سەرەتا و كۆتایی كار و پڕۆژە و بەرنامە و پلانەكانی بۆ ئایندە لەسەر چەندایەتی و چۆنایەتی جەماوەری دابڕێژێت نەك تەنها ئەندام و دۆست و لایەنگرانی خۆی.
یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێكی سۆسیالیست - دیموكرات كە نوێنەری جەماوەر و كۆمەڵگەی كوردەواری دەكات و ئامانجیشی پێكەوەنانی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەرانە بۆ هەموان بێ‌ جیاواز و چەسپاندنی یەكسانی و وەكیەكی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و دابەشكردنەوەی داهاتەكانە بەسەر هەمواندا لە رێگەی هاریكاریکردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكانەوە، بۆیە ئەركێتی كە زۆر بەجدی و گەرموگوڕیەوە بەرەو پیری جەماوەر بچێت، وەك دەڵێن گەر جەماوەر هەنگاوێك لە یەكێتی بێتە پێشەوە، ئەوا دەبێت یەكێتی دوو هەنگاو و زیاتر بەرەو پیری جەماوەر بچێت.
ئاشكراشە لە دیدی حزبە سۆسیالیست و چەپەكانەوە جەماوەر یان كۆمەڵگە بەشێوەیەكی گشتی لە چینی كرێكار و سەرمایەدار پێكدێت و  ئیدی توێژەكانی پزیشكان و ئەندازیاران و ژنان و خوێندكاران و جوتیاران و كاسبكاران و لاوان و پارێزەران و مامۆستایان و فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆ و پیاوانی ئاینی و ...هتد بەسەر ئەم دوو چینەدا دابەشبوون. هەریەك لەو چین و توێژانەش داواكاری و پێداویستی خۆیان هەیە كە هەریەكەیان جیاوازترە لەوی تر بەسروشتی كار و پسپۆڕی وتەمەن و..هتد. بۆیە ئەركێكی ئاسان نییە بۆ هەر حزبێكی سیاسی كە بتوانێت زۆرینەی ئەم هەموو چین و توێژانە دابینبكات بەتەنها بۆ هەریەكەیان، بەڵام هەموانیان لە چەند داواكاری و خواست و  پێداویستیەكانیاندا هاوبەشن بۆ نموونە:
1.هەموان داوای ژیان و گوزەرانێكی خۆش و پڕ شكۆ دەكەن بۆ خۆیان و خێزانەكانیان.
2.داوای كار و پیشە و مووچەیەكی بەردەوام دەكەن.
3.داواكاری پێشكەشكردنی خزمەتگوزرایی رۆژانە دەكەن لە ئاو و كارەبا و سووتەمەنی و جێگەی نیشتەجێبوون و رێگەوبان و گەیاندن و مووچەی مانگانە و رەخساندنی هەلی كار بۆ هەموان یان بیمەی بێكاری.
4.داوای پاراستنی سەروەت و سامان و گیانیان دەكەن لەسایەی سیستەمێكی ئەمنی و ئاسایشی توندوتۆڵەوە.
جا هەر حزبێك توانی لانیكەمی ئەم داواكاریان جێبەجێ بكات ئەوا بەدڵنیایی دەتوانێت راوبۆچوون و لایەنگری ئەو چین و توێژانە بۆخۆی رابكێشێت و ئەوانیش ببنە پاڵپشت و پشتیوان و لە پڕۆسەی دەنگدانەكاندا دەنگی پێبدەن و بیكەنە نوێنەری خۆیان و بەرزیكەنەوە بۆ سەر تەختی دەسەڵات.
بنەما سەرەتاییەكانی شۆڕش
كەواتە یەكێتیش پابەند بەپرەنسیپەكانی حزبێكی سۆسیالیست - دیموكراتەوە گەرەكە هەوڵی جدی بدات بۆ وەدیهێنانی ئەو داواكاری و ئامانجانەی چین و توێژەكان، گەرنا ئەوا وەك بینیمان و تائێستاش ئەو حاڵەتی توڕەبوون و لێدوركەوتنەوە و زویربوونەی جەماوەر بەجیاوازی چین و توێژەكانەوە لە یەكێتی بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت. 
یەكێتی ئەركێتی هەرچی كردوە بگەڕێتەوە بۆ بنەما سەرەتاییەكانی شۆڕش و رووبكاتەوە چین و توێژە كەمدەرامەت و هەژارەكان و وەك مامی گەورە دەیووت رووبكەنەوە خانووە قوڕەكان و ماڵە هەژارەكان و گوندنشینەكان، چونكە كۆمەڵگەی كوردەواریمان هێشتا زۆرینەی لەو توێژانە پێكدێن و بۆ هەمیشەش هەر ئەوان پشتیوانی راستەقینەی یەكێتی بوون و بەهەمان شێوەش سووتەمەنی و قوربانی خەباتەكەی یەكێتی بوون و هەر ئەو جەماوەرە بەوەفا و دڵسۆزەی یەكێتییە كە یەكێتی هێشتۆتەوە نەك تەنها سەركردایەتیەكەی. 
گرنگە بۆ یەكێتی كە ببێتەوە بەحزبی جەماوەر و چین و توێژەكان نەك حزبی نوخبە و ئۆفیس و نووسینگەكان، گەرەكە هێندەی خۆی سەرقاڵكردوە بەڕاییكردنی كاری مەكتەبییەوە، نیو هێندە خۆی خەریكبكاتەوە بەوەدیهێنانی داواكاریەكانی چین و توێژەكانەوە و بگەڕێتەوە ناو جەماوەرەكەی و ئاشتیان بكاتەوە.

 


هەڵوێستێكی خەمخۆرانە
رەنگە بووترێت داواكاری جەماوەر كۆتایی نایەت و یەكێتیش لەم قۆناغەدا ناتوانێت ئەو هەموو داواكاریانەی جەماوەر وەدیبێنێت، چونكە لە لایەك داهات و دارایی دیاریكراوە و لە لایەكی تریشەوە بەتەنها نییە لە دەسەڵاتدا و دەسەڵاتی رەهاشی لەلا نییە.. بەڵام هەموو ئەم بیانوانە وەك دەڵێن شەفاعەت بۆ یەكێتی ناكەن، چونكە بەداخەوە متمانەی جەماوەر بەیەكێتیەكەی خۆیان لاواز و خاوبۆتەوە و تۆكمەیی و راستگۆیی جارانیان لە نێواندا نەماوە، چونكە جەماوەر زۆر هوشیار و چاوكراوەیە و هەموو راست و هەڵەكان لە یەكتر جیادەكاتەوە و دەزانێت چ هەنگاوێك بە بەرژەوەندی جەماوەرە و چیش دژیەتی. 
بۆیە وەك دەبینین كاتێك یەكێتی هەڵوێستێكی خەمخۆرانە بۆ خوێندكاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و .. هتد. دەنێت یەكسەر كێرڤی لایەنگریی بۆ یەكێتی لە ناوخۆی خۆی و لە دەرەوەشیدا بەرزدەبێتەوە، هەركاتێكیش بۆنی نەرمی نواندن و تەسلیمبونی ئیرادەی لێدەكەن جەماوەر لە پەرۆشیانەوە دەكەونە راز و گلەیی و یەكێتی رەخنە باران دەكەن.
لە كۆتاییدا راستە رێگەكەی خەباتی جەماوەری یەكێتی دەكرێت لە رێگەی:
1.بەكردارەكی و راستەقینە، لە هەر چین و توێژێك نوێنەری راستەقینە نەك دەستكرد، هەڵبژێرێت و بەردەوامیش هەڵبژاردن و گۆڕانكاریان تیادا بكات و راوێژ و پرسیان پێبكات و كاری جدیشیان بۆ بكات.
2.بەپێی توانا داواكارییە زۆر هەنووكەیی و گرنگەكانیان بۆ جێبەجێبكات.
3.یەكێتی سووربێت لە خەباتی راستگۆیانەی خۆی لە ناو هەرێم و عیراق و ناوچەكە و دونیا لەسەر بنەما فكری و گوتارە سیاسییە نیشتمانی و نەتەوایەتیەكانی خۆی بۆ گەڕانەوەی متمانەی زیاتری جەماوەر بەكار و گوتارە و بەرنامەكانی.
4.پێگەیاندنی كادری هوشیار و خوێندەواری جەماوەری گەڕۆك لە ناوچەكانی خۆیاندا نەك مەكتەبیی ئەوتۆ كە جێگە متمانەی توێژ و چینەكانی خۆیان بن نەك بەسەریاندا بسەپێنرێن.
5.رووكردنەوەی یەكێتی بەلای زۆرینەی چین و توێژەكان و جەماوەردا نەك دەستگرتن بە كەمینەیەكی خۆپەرست و بەرژەوەندپەرستی تەنها بۆ خۆی.
6.وەك بنەمایەكی كاری حزبە سۆسیالیست - دیموكراتەكانی دونیا، پێویستە یەكێتی گرنگی زۆر گەورە بدات بەخوێندكاران و لاوان و ژنان بەپلەی یەكەم، چونكە زۆرینەی كۆمەڵگەكەمانن لە رووی هێز و توانای كاركردن و ژمارەشەوە، هەر ئەوانن كە ئایندەی یەكێتیش مسۆگەر بكەن.
بەهیوای ئەوەی لەم دیدارەی یەكێتیدا كاری گەرموگوڕی زیاتر بكرێت بۆ چاكسازی و نوێبونەوە و گەشەكردنی یەكێتیەكەی هەموان كە خەون دەبینین بەگەڕانەوەی سەردەمە زێڕێنەكەی جەنابی مامی بەهەشتی.

* ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاری
مەكتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیاری

وتارەکانی نوسەر