لە روانگەی یاساوە

فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە قانووندا

10:26 - 2023-12-07
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
474 خوێندراوەتەوە

شۆخان عەبدوڵڵا سەمین*

 

 یەکێک لە دیاردە ناشارستانییەکانی جیهان ئێستا بریتییە، لە فڕێدانی زبڵ و خۆڵ و خاشاک، دەتوانین بڵێین کێشەیەکی جیهانییە و شوێنەواری خراپ و ترسناکی لەسەر گۆی زەوی دروست کردووە.
فڕێدانی زبڵ و خاشاک نابەسترێتەوە بە وڵات و ژینگەیەکی تایبەت بەڵکو بە گوێرەی زانیاری و داتاکان وڵاتانی پێشکەوتوو و دواکەوتوو بەڕێژەی جیاواز گیرۆدەی بوون لە دیارترینیان سویدە بەم دواییانە بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک پەنای بردۆتە بەردەم چەندین هەنگاو لەوانە گۆڕانکاری قانوون و دەرکردنی رێنمایی پێویست و بەشداری پێکردنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەوانە سیستمی کامێرا و بەشداریپێکردنی پۆلیسی تایبەتمەند بە سەپاندنی پێبژاردنی راستەوخۆ لەکاتی فڕێدانی زبڵ و خاشاکدا.
ئەمە بۆ زۆرینەی وڵاتان دروستە لە نێویاندا عیراق و هەرێمی کوردستان، بە زمانی داتاکان رۆژانە هەشت هەزار تۆن پاشماوە و زبڵ و خاشاک فڕێ دەدرێت لە هەرێمی کوردستان لە %50 پاشماوەی خۆراکن و پاشماوەی پلاستیکن باقیەکەی بریتییە لەپاشماوەی هەمە جۆر .
ئەمەش هەم کۆبوونەوەی و فڕێنەدانی هەم فڕێدان و لەناوبردنی دەکرێت ببێتە هۆی مەترسی و زیانی ژینگەیی، چونکە لە هەردوو باردا هۆکاری سەرەکی دەبێت بۆ کۆبوونەوەی مێروو و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگەی وشکانی و ئاوی .

هۆکارەکان
*نەبوونی هۆشیاری یەکێکە لە کاریگەرترین هۆکارەکان بۆ بەڵگەی ئەوەی تائێستا زۆر رێگەی گشتی هەن تەنراون بە پاشماوەی زبڵ و خاشاک. تائێستا دیوارەکانمان پڕن لە نووسراوی(تکایە خاشاک لێرە فڕێ مەدەن)، تا ئەمکاتە زۆر لە ئاوەدانییەکانی نیشتمان پاشماوەی جۆراوجۆری تێدا دەبینرێت و بێباکانە لە ئۆتۆمبێل و باڵەخانە و ماڵەکانەوە خۆڵ و خاشاک فڕێ دەدرێت.
*نەبوونی لێپرسینەوە و سزای توند و ترساندندنی بکەری تاوانەکەن.
* نەمانی وەزارەتی تایبەت بە ژینگە ساڵی 2008 بڕیاری لێدرا، بەڵام دواتر بچووککرایەوە بۆ دەستەو فەرمانگە.
هەرێمی کوردستان خاوەنی دوو قانوونی تایبەتمەند و باشن بە ژینگە بەڕوونی باسی فڕێدانی زبڵ و خاشاک کراوە و سزای پێ بژاردنی بۆ دانراوە کە لە 100هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و بە  10 ملیۆن دینار کۆتایی دێت، بە ئەندازەی رێژە و مەترسی فڕێدانی پاشماوەکە دانراوە. بریتین لە قانوونەکانی ژمارە 8ی ساڵی 2008 قانوونی (پاراستنی ژینگە) و ژمارە 3ی 2010 دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم قانوونانە میکانیزم و هێزی جێبەجێکردنیان لاوازە و نەیانتوانیوە وەک پێویست کاریگەربن.

چارەسەر 

بڵاوکردنەوەی هۆشیاری  پێویست لە رێگەی راگەیاندن و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە و دابینکردنی کەناڵێکی راگەیاندنی تایبەت بە ژینگە، هەروەها سنووردارکردنی هاوردەکردنی مادەپلاستیکەکان. 
ئێستا دەتوانرێت رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک دەستەی ژینگەی هەرێم و فەرمانگە ژینگەییەکان و پارێزگا و شارەوانییەکان چالاک بکرێن و هەماهەنگی تەواو هەبێت لە نێوانیاندا بۆ کاری هاوبەش.
توندوتۆڵکردنی جێبەجێکردنی قانوون و گۆڕانکاری بەجۆرێک رەچاوی پێشکەوتنەکانی وەبەرهێنان و  بیناسازی بکرێت و پێبژاردن و سزای شایستە بسەپێنرێت.
ئەوەی ئێستا هەیە، دەرکەوتنی مەترسییەکانی فڕێدانی زبڵ و خۆڵ و خاشاکە بەبێ پلان ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوە و کارکردنی بە کۆمەڵ و دەستبەجێ هەیە.

*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی 



وتارەکانی نوسەر