بۆچی پێویستە پارێزگاری کەرکوک کورد بێت؟

10:31 - 2023-12-10
وتار
321 خوێندراوەتەوە

هێمن مامەند 


کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو، لەهیچ  مێژوونووسێکی کورد نەمان بیستووە نکۆڵی لە نەتەوە و پێکهاتەکانی تری کەرکوک بکات، هەموویان بە ویژدانەوە باس لە فرەنەتەوە و پێکەوەژیان لە کەرکوک دەکەن و دەڵێن: کەرکوک شارێکی فرەنەتەوەیی و  پێکەوەژیانە، بەهەمان شێوە لە هیچ سیاسییەکی کوردیش نەمان بیستووە یان نەووتراوە کە شاری کەرکوک بەتەنیا هی کوردە، بەڵکو زۆرینەی سیاسییە کوردییەکان باس لەوە دەکەن کە شارێکی فرەنەتەوەییە بە شووناسی کوردستانییەوە.

بۆچی پارێزگار عەرەب نەبێت؟ 
لە راونگەی داننان بەو راستییەدا، زۆر جار ئەم پرسیارە رووبەڕووی ئێمەمانان و سیاسییەکانیش دەکرێتەوە: ئەگەر کەرکوک شاری فرەنەتەوەیە، چی دەبێت پارێزگار لە کورد نەبێت؟ 
بۆچی ئاسایی نەبێت کوردێک دەنگ بدات بە عەرەبێک یان تورکمانێک؟ بۆچی کورد هەردەبێت لە خەمی ئەوەدا بێت کە کوردێک بکاتە پارێزگار، هەتاکەی کورد هەر خەریکی نەتەوەپەرستی بێت؟
لە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەدا، دەڵێین (هەموو ئەمانەی دەوترێت دروستە، بەڵام کاتێک گۆڕانکاری لە هزر و ئەقڵیەتی سیاسی و حکومڕانیی هەندێک لە حزبە تورکمانی و عەرەبە شۆڤینییەکانی ئەم شارە و ناوچەکەدا بکرێت، هەرکاتێک ئەوان فاشیزمی نەتەوەیییان تێپەڕاند و وازیان هێنا لە تەعریبکردن و بەتورکمانکردن  و دانیان بەوەدانا کەرکوک شارێکی پێکەوەژیانە بە ناسنامەی کوردستانی، ئەوا زۆر ئاساییە تورکمانێک یان عەرەبێک پارێزگار بێت و کورد دەنگیان بداتێ.
ئەی بۆچی پێویستە پارێزگار لە کورد بێت، ئایا کورد دەیەوێت شارەکە بە کوردی بکات؟

پارێزگارە کوردەکان چییان کردووە؟
بەدرێژایی مێژوو  هەموو  ئەو  پارێزگار و  کاربەدەستانەی  کە  دەسەڵاتیان هەبووە و لە نەتەوەی کوردبوون، نەمان بینیووە خەریکی بە کوردکردنی شارەکە بووبن، کەی و لە کوێ رۆژێک هەواڵێک راپۆرتێکمان بینی یان خوێندەوە لەسەر ئەوەی کاربەدەستێکی کورد لە کەرکوک، خێزانێکی هەڵەبجەیی یان خێزانێکی هەولێریی هێنا بێت و ناسنامە و کارتی خۆراک و  کارتی نیشتمانیی لە کەرکوک بۆ دەرهێنرابێت و جێنشین کرابێت دژ بەتورکمان و عەرەبی شارەکە بە ئامانجی زیادکردنی رێژەی کورد؟
بەڵکو  ئەوەی هەیە نەتەوەی کورد زۆرێنەی شارەکە پێکدێنێت، واتا کەرکوک شاری پێکەوەژیانە بە ناسنامەی کوردستانی، جگە لەمەش  هەمیشە سەرکردە و کاربەدەستانی کورد  لە کورد زیاتر،  رێزی  نەتەوەکانی تریان گرتووە و هەرگیز جیاوازییان نەکردووە و کوردیان بەسەر نەتەوەکانی تردا فەرز نەکردووە. بەنموونە، مام جەلال چ  ئەو کاتانەی وەک سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی شارەکەی دەکرد، چ وەک  سەرۆک کۆماری عیراقی فیدراڵ، لە سەرەتادا پێشوازی لە تورکمان و عەرەبەکانی شارەکە دەکرد ئینجا کورد. 
یان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەمانەی دکتۆر نەجمەدین پارێزگاری کەرکوک بوو، پێش ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەنێتە گەڕەکە کوردنشینەکان، خزمەتگوزاریی دەگەیاندە گەڕەکە عەرەبنشین و تورکماننشینەکان. هەر بۆیە جگە لە کورد،  تورکمان و عەرەبەکانی شارەکەش خۆشیاندەویست و دەنگیان پێدەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم رۆحیەتە لە عەرەبێک یان تورکمانێکی سیاسی و کاربەدەستی شارەکەدا نابینی، هەروەک دەبینیین لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا،  راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەت، چی نەماوە بەرامبەر بە کورد و تەنانەت نەتەوەکانی تری شارەکەش نەیکات لە تەعریب و جیاکارییەوە لە رووی خزمەتگوزارییەوە.
لەسەردەمی بەعسیشدا، چی نەما بەرامبەر بە کورد نەکرێت،  بۆیە پێویستە کورد لەکەرکوک شەڕی پۆستی پارێزگار بکات لەپێناوی مانەوەی کورد و پێکەوەژیان و ئاسوودەیی نەتەوەکانی تریشدا.

خەبات بۆ کوردستانیبوونی کەرکوک، نەوە بە نەوە دەستاودەست دەکات

وتارەکانی نوسەر