75 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له دوای دووه‌مین جه‌نگی جیهانی له 10-12-1948جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ له دووتوێی 30 ماده‌دا راگه‌یه‌نرا، ئه‌و راگه‌یاندنه گشتگیره هیچ ئیلزامییه‌كی قانوونی له‌پشت نه‌بوو تا وڵاتان ناچار بكات پابه‌ند بن پێیه‌وه، هه‌ربۆیه هێدی هێدی زۆرێك له‌و بڕگه و مادانه كرانه رێكه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه واژۆ كرا به واتای ئه‌وه‌ی پابه‌ند ده‌بن به‌و رێكه‌وتنه و له ده‌ستوور و یاساكانی وڵاته‌كانیاندا جێگیری ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش بووه هۆكارێك كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه لێپرسینه‌وه بكرێت.
وێڕای ئه‌و هه‌نگاوانه هێشتا پێشێلكردنی مافی مرۆڤ به‌رده‌وامه، ئه‌وه‌تا جەنگ به‌رۆكی چه‌ندین نه‌ته‌وه و وڵاتی گرتووە و ژن و منداڵ و كه‌سانی به‌ساڵاچووان ده‌بنه قوربانی وه‌ك جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، په‌لهاویشتن و سنوور به‌زاندنی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین شوێنی تر، له میانه‌ی ئه‌و جه‌نگانه‌دا ده‌ستدرێژی سێكسی به‌رامبه‌ر به ژنان ده‌کرێت وه‌ك له رۆژئاوای كوردستان و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، به هه‌زاران منداڵ له مافی خوێندن بێبه‌ش ده‌كرێت.
توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان، توندوتیژی دژ به ئازادیی بیروڕا و رۆژنامه‌گه‌ری له زیادبوونه.
شێوازی نوێی پێشێلكاریشی مافی مرۆڤ
جێی ئاماژه‌یه، ئاسته‌نگی نوێ له‌به‌رده‌م پاراستنی مافی مرۆڤ، ئه‌و پێشكه‌وتنه خێرایه‌ی ته‌كنه‌لۆژیایه كه هه‌موو سنووره‌كانی تاكی به‌زاندووه و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاكی خستۆته ژێر مه‌ترسیی پێشێلكردنه‌وه، كه ده‌بێت له چوارچێوه‌ی جاڕی جیهانی مافی مرۆڤدا به‌دوای وه‌ڵامێكدا بۆی بگه‌ڕێین، بزانین ئایا ئه‌وه ئازادییه یان پێشێلكردنی ئازادییه؟ ئایا ئازادیی به‌ده‌ستگه‌یشتنی زانیارییه؟ یان زیان گه‌یاندنه به ئاسایشی تاك؟
له لایه‌كی تره‌وه ئه‌مڕۆ ترس له پێشكه‌وتنی ته‌كنۆ‌لۆژیای ئۆرگانی له هه‌ڵكشاندایه، جینۆمۆدێرن، وزه‌ی ئه‌تۆمی، نانۆته‌كنۆ‌لۆژیا، ترسێكه له داگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌موان.
ته‌كنۆ‌لۆژیا هاوسه‌نگیی سروشت تێكده‌دات و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژینگه دروستده‌كات، چونكه ئه‌و ته‌كنۆ‌لۆژیایه له ده‌ستی بازرگانانی بێویژداندایه و جیناتی خۆراكییه‌كان ده‌گۆڕن و به یارییه ئه‌له‌كترۆنییه‌كان و رێژه‌ی نه‌خۆشی ئۆتیزمیان زیاد كردووه و په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تییان شێواندووه.
هه‌موو ئه‌وانه و هه‌وڵه‌كانی پاوانخوازیی سیاسیی و چه‌ندین گۆڕانكاریی تر بۆته جێی پرسیاری یاساناسان و پارێزه‌رانی مافی مرۆڤ.
كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یەكگرتووه‌كان
له ساڵیادی 75 ساڵه‌ی جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤدا، كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پلانێكی نوێی هه‌یه بۆ رێگریی له‌و تاوانكارییانه و پاراستنی ژینگه و یه‌كسانی جێنده‌ری كه چۆن بتوانێت پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌می ئێمه دابین بكات و به‌ڵێنی ئازادی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌موان به‌ره‌وپێش ببات.
كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری داوه له یادی 75 ساڵه‌یدا و له ئاهه‌نگێكی مه‌زندا تیشك بخاته سه‌ر سێ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌ویش (گشتگیری و پێشكه‌وتن و به‌شداریكردن)ه و لەلایەن كۆمسیۆنه‌كانه‌وە به‌ڕێوه ببرێت.
بڕیاره له‌و یاده‌دا به‌ڵێن و بیرۆكه‌ی جیهانی سه‌بارده‌ت به دیدگا و تێڕوانینی نوێ بۆ داهاتووی مافی مرۆڤ رابگه‌یه‌نێت.
پێشخستنی جیهانگه‌رایی هه‌مه‌جۆر له خاڵه به‌هێز و ده‌سكه‌وته ناوخۆییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاسته‌نگه جیهانییه بڵاوه‌كانی ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه مافی مرۆڤ بنه‌مای چاره‌سه‌ره ئه‌گه‌رییه‌كانن بۆ ئاسته‌نگ و كێشه هاوبه‌شه‌كانمان.
دیدگا و تێڕوانینی نوێی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌وڵ ده‌دات پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه له سه‌رانسه‌ری جیهان له‌وانه‌ش ته‌كنۆ‌لۆژیا، پێشبینی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه بكات كه ئه‌و ئامڕازانه‌ی ته‌كنۆ‌لۆژیا ده‌هێنن.
هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌دات له ئاینده‌دا به پشتگیریی وڵاتانی ئه‌ندام و هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به مافی مرۆڤه‌وه، پێكه‌وه بیانخاتەگه‌ڕ به‌مه‌به‌ستی بنیاتنانی هێزێكی ئه‌رێنی بۆ گۆڕانكاری و متمانه به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ.
به‌های جاڕی جیهانی مافی مرۆڤ له كوردستان
جاڕی جیهانیی مافی مرۆڤ په‌یامێكه كه ده‌شێت ببێته سه‌رچاوه بۆ پاراستنی سه‌رجه‌م مافه‌كانی مرۆڤ و داڕشتنی یاسا و ده‌ستوور، هه‌ربۆیه ده‌شێت ئێمه‌ش له كوردستان له‌م یاده‌دا به‌و پێشێلكاریانه‌دا بچینه‌وه كه ده‌رهه‌ق به تاك ده‌كرێت، بۆ نموونه ئازادیی راده‌ربڕین له‌ژێر مه‌ترسیدایه، ژنان ناتوانن وه‌ك پێویست به‌رگریی له مافه‌كانیان بكه‌ن، چونكه له‌ڕێی مینبه‌ری مزگه‌وت و سۆشیالمیدیاوه ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشی جنێو و سووكایه‌تی پێكردن، یان به هه‌راسانكردنی ئۆنلاین ژنان بێده‌نگ ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر ئازادی و دیموكراسی له كوردستان هه‌یه، با بۆ هه‌موان بێت و گشتگیر بێت، نه‌ك چین و توێژیك ئازادانه هێرش بكه‌نه سه‌ر رای پێچه‌وانه.
له رووی مافه ئابوورییه‌كانه‌وه، چۆن حكومه‌ت پشتگیریی و هاوكاریی سه‌رمایه‌داران ده‌كات، ده‌بێت به‌دواداچوونیش بۆ بارودۆخی كار و ئاسایشی كار بۆ كرێكاران بكات، مافی نه‌خۆشی و منداڵبوون و خانه‌نشینان بپاریزێت.