له ساڵی 1982 له كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان رێكخراوی سلێمانی، ده‌ستم به كاری حزبی كرد و له كاری رێكخستنی نهێنیمدا، ترسم له گرتن و كوشتن نه‌بووە، به دڵسۆزییه‌وه ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانم جێبه‌جێكردووه و كه‌مته‌رخه‌مییم نه‌نواندووه، له‌دوای راپه‌ڕینیش به هه‌مان رۆحییه‌ت كاره‌كانم كردووه و هه‌رگیز له مه‌بده‌ئی خۆم وه‌ك به‌رگریی له نه‌ته‌وه و له چینی ره‌نجده‌ران و فه‌لسه‌فه‌ی فكری خانووه قوڕه‌كان لام نه‌داوه.
له‌و ماوه دوورودرێژه‌دا به‌رزیی و نشێویی زۆرم به‌ڕێكردووه، به‌و هه‌موو ساڵانه‌ی كاری رێكخراوه‌ییم له شانه‌وه تا ئه‌ندام مه‌كته‌ب و به‌رپرسی لیژنه‌ی سلێمانی- مه‌كته‌بی مافی مرۆڤ، ئه‌زموونێكی زۆرم لەلا كه‌ڵه‌كه بووه، هه‌ندێكی ئه‌زموونی خۆم و هه‌ندێكی ئه‌وه‌ی له هه‌ڤاڵه‌كانم بینیومه.
له كاری رێكخراوه‌ییمدا له‌ناو حزب، هه‌ندێ شتی پێویست ده‌بوو بیكه‌م و نه‌مكرد، وامده‌زانی ته‌نها دڵسوزیی و ماندووبوون و قوربانیدان ده‌تگه‌یه‌نێته هیوا و ئامانج، به‌ڵام زۆر بواری تریش پێویستن.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌و ژن و كچه گه‌نجانه‌ی ئێستا به گوڕوتینێكی شۆڕشگێڕانه‌وه هاتوونه‌ته بواری كاری حزبییه‌وه، سوود له به‌شێكی بچووك له ئه‌زموونی نزیكه‌ی 36 ساڵی كاری حزبیم وه‌ربگرن، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیش له‌و بواره گرنگ و پێویستانه‌ی من پشتگوێم خستبوو یان بۆم نه‌گونجا بوو، ئێوه بیكه‌ن.
جێی ئاماژه‌یه كه ژنان له رێگەی كاری سیاسییه‌وه له پاڵ حزبێكی پێشكه‌وتنخواز و پارێزه‌ری مافی مرۆڤ و دیموكراسییه‌وه ده‌توانن به‌هێز بن و به‌رگریی له مافه‌كانی ژنان و نه‌ته‌وه و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگە بكه‌ن.
له‌و روانگه‌وه پێشنیازم ئه‌وه‌یه كه ژن له‌ناو حزبدا ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه له‌به‌رچاو بگرن و تا ده‌توانن له ژیانی سیاسیی خۆیاندا جێبه‌جێی بكه‌ن:
خۆ په‌روه‌رده‌كردن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی
خۆت هۆشیار بكه له بواره فیكریی و ئیداریی و دیپلۆماسی و به‌رنامه و په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبه‌كه‌ت. له هه‌موو هه‌ڤاڵه‌كانت چ ژن بێت یان پیاو دڵسۆزتر و بوێرتر و راستگۆتر و ماندووتر به، به په‌رۆشه‌وه كاره‌كانت هه‌ڵبسوڕێنه، تواناكانی خۆت بسه‌لمێنه تا متمانه‌ی كه‌سانی تر به‌ده‌ست دەهێنیت، به‌ڵام ئه‌وه به‌س نییه، به‌ڵكو پێویسته هه‌وڵ بده‌یت سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه‌ت بتناسێت و بزانێت تۆ كێیت، ده‌روێشانه كار بكه، به‌ڵام چاوه‌ڕێ مه‌كه تا كه‌سانی تر كار و ماندووبوون و دڵسۆزییه‌كه‌ت به ئاستی سه‌ره‌وه بناسێنێت. هه‌ربۆیه خۆت به چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ت بناسێنه و ئامانج و تموحاتی خۆتی بۆ باس بكه و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵدا دروست بكه، به‌و شێوه‌یه له كاته هه‌نوكه‌ییه‌كاندا پشتگیری‌یان به‌ده‌ست دەهێنیت
خۆت به‌دوور بگره
به‌شداریی هیچ كار و گروپێك مه‌كه كه به ناپاك ده‌ربكه‌ویت، پله و پۆستت یان داهاتی حزب كه‌م بێت یان زۆر، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆت یان كه‌سوكارت به‌كاری مه‌هێنه، لینین ده‌ڵێت: "له سیاسه‌تدا جیاوازی نییه له نێوان خیانه‌ت به‌هۆی نه‌زانی و گه‌مژه‌یی یان خیانه‌ت به شێوه‌یه‌كی پلانداڕێژراو و به مه‌به‌ست".
به پاساوی ئه‌وه‌ی ژنیت خۆت له ئه‌ركه‌كان مه‌دزەرە‌وه و خۆت لاواز پێشان مه‌ده، چونكه كاری سیاسیی بۆ ژن و پیاو وه‌ك یه‌كه و هه‌میشه ئاماده و خزمه‌تگوزار به.
رێكخراوی ژنان به هه‌ند وه‌ربگره
به‌شداربه، ئه‌ندام به، له‌و رێكخراوه‌ی ژنان كه له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌ته‌وه دروستكراوه و دانیپیانراوه، چونكه ئه‌وان هه‌میشه ده‌بنه پاڵپشتێك بۆ تۆ، هه‌روه‌ها ده‌توانیت به كاركردنت له‌ناو ئه‌و رێكخراوه‌دا ئه‌زموونی سه‌ركرده به‌ده‌ست بهێنیت، پاشان به‌ره‌و پۆسته سیاسییه‌كان هه‌نگاو بنێ و له‌وێوه پشتیوانیی ئه‌و رێكخراوه بكه، چونكه دروست نییه هه‌موو پۆسته سیاسییه‌كان له حزبدا ته‌نها به‌ده‌ست پیاوه‌وه بێت.
ئێستا نموونه‌ی له‌و ژنه‌مان هه‌یه له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، كه له‌وێوه پێگه‌یشت و بووه سه‌ركرده‌یه‌كی به‌توانا.
هه‌روه‌ها هاندانی ژنان بۆ به‌شداریی له كاری حزبیدا یه‌كێك بێت له كاره سه‌ره‌كییه‌كانت، پشتیوانی‌یان بكه بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی له لیژنه جیاوازه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی و داموده‌زگا حكومی و حزبییه‌كاندا. دڵنیابه كه نموونه و راهێنه‌ر بیت بۆیان و پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ بنیاتنانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی ژنان.
راگه‌یاندن به‌كاربێنه
كاتێك كاندید ده‌بیت بۆ هه‌ر لیژنه و بوارێك به شاراوه‌یی مه‌مێنه‌رەوه، با حزبه‌كه‌ت و ده‌نگده‌ره‌كانت بزانن له كۆمه‌ڵگەكه‌تدا چی ده‌كه‌یت، چیت كردووه و تواناكانت چین؟
بانگه‌شه بۆخۆت بكه، پێویسته خۆت به بچووك نه‌بینیت و ئه‌وه‌ی شایا‌نته به‌ده‌ستی بهێنیت، له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا ده‌نگت هه‌بێت و راوبۆچوونه‌كانت ده‌رببڕه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پشت به كه‌سی تر مه‌به‌سته، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك بانگه‌شه‌ی كار و چالاكییه‌كانت بۆ بكات، ئه‌وا سه‌ركه‌وتنێكی تره بۆت.
به‌شداریی له لیژنه حزبی و رێكخراوه‌ییه‌كاندا
به‌شداریی له لیژنه و كاری حزبیدا بكه چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی حزب یان نیشتمانی، یان ناوچه‌یی، به سه‌ركه‌وتنت له‌و لیژنانه‌دا، ده‌شێ له ئاینده‌دا بۆ لیژنه‌ی باڵاتر به‌شداریت پێبكرێت.
خۆشبه‌ختانه به‌رپرسیارێتی وه‌ربگره و ئه‌ركی جیاواز له ئه‌ستۆ بگره، دڵنیابه له پیشاندانی توانا و ماندووبوونت و به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری و ئه‌زموون.