فرە بازنەیی، رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری

09:19 - 2022-03-16
ئادەم ئاودەل
357 خوێندراوەتەوە

ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ھەڵبژاردنێکی نوێدایە و تا دێ کاتەکە نزیک دەبێتەوە. کۆمسیۆنیش رایگەیاندووە کە ناتوانن لەو وادەیەی کە دیاریکراوە ئامادەکاریی بۆ ھەڵبژاردن بکەن.
وێڕایی ئەوەی کاتێکی کەم لەبەردەم کۆمسیۆندایە بۆ ئامادەکاریی و فریاناکەوێت، ھاوکات کۆمسیۆنەکە خۆی لە بۆشایی یاساییدایە و شەرعییەتی سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نەماوە.
ئێستا پەرلەمانی کوردستان بەرلە ھەرشتێک دەیەوێت کێشەی کۆمسیۆن چارەسەر بکات، جا یان بە گۆڕینی ھەیکەلی کۆمسیۆنەکە، یاخود بە متمانەدانەوەی بەم هەیکەلەی ئێستا هەیە. بۆ ئەم پرسەش سەرجەم فراکسیۆنەکان بۆچوونی خۆیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی گرنگی و بایەخپێدانە جگە لە فراکسیۆنی پارتی و پێکھاتەکان، سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە داوا دەکەن بەرلە ھەر هەنگاوێک یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربکرێتەوە و لە یەک بازنەییەوە بکرێتە فرە بازنەیی و ژمارەی کورسی پێکھاتەکان بە جۆرێک رێکبخرێتەوە کە بتوانن نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات رێگریی لەو جۆرە ھەمواکردنەوەیە بکات و تا ئەو گورزەی بەر نەکەوێت کە دەبێتە رێگرییەکی باش لە ساختەکاریی.
دیارە ھەموارکردنەوەی یاسای یەک بازنەیی و کردنی بە فرەبازنەیی، بواری ساختەکاریی و گزیی ناهێڵێت و کەس ناتوانێت لە دھۆکەوە دەنگ بۆ نوێنەرانی سلێمانی و هەولێر و کاندیدی پێکهاتەکان بدات، یاخود بەپێچەوانەوە، واتە دەنگی دەنگدەری دهۆک کار ناکاتە سەر دەنگ و سەنگی ھەڵبژاردن لە سلێمانی و ھەڵەبجە. ئەگەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەر لە سەرەتایی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانەوە لە ساڵی 1992 و دواتر دامەزراندنی حکومەتی ھەرێم، سیستمی فرەبازنەیی لەسەر بنەمای پارێزگاکان بە ئۆپشنێکی گونجاو و بگرە لە پێشینەی سیستمی ھەڵبژاردن داناوە، بەڵام هەمیشە ئەو ئۆپشنە لەلایەن پارتییەوە بەتوندی رەتکراوەتەوە و بۆیە بە ناچاریی سیستمی یەک بازنەیی تا ئێستاش پەیڕەو کراوە. کە ئەم جۆرە سیستمە نەک لە وڵاتانی خۆرئاوا و دیموکراسی، بگرە لە وڵاتانی خۆرهەڵات و دراوسێکانیشدا باوی نەماوە و کاری پێ ناکرێت، چونکە بە ھەموو پێودانگێک ھەم شار و ناوچەکە نوێنەری راستەقینەی خۆی ناچێتە پەرلەمان و ئەنجومەنەکانەوە، ھەمیش رێخۆشکەرە بۆ ساختەکاریی و یاریکردن بە دەنگەکانەوە.
ئەوەی جێگەی بایەخ و گرینگییە هەنووکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک سەرمەشقی ئەو کاروانە، پێداگریی لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسایی ھەڵبژاردن دەکات لە یەک بازنەییەوە بۆ سیستمی فرەبازنەیی و چارەسەرکردنی کێشەی یاسایی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی ھەرێم، کە بە گوێرەی بۆچوونی یاساناسان و شرۆڤەکارانی سیاسیش ئەوە رێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاریی و گێڕانەوەی دەنگی راستەقینەی لایەنەکان و ئاشناکردنەوەی دەنگدەر بە دەنگدان کە لەپێشتردا ھۆکارێک بووە بۆ بەرزبونەوەی رێژەی بایکۆتی دەنگدان.
یەکێکی تر لەو خاڵانەی کە یەکێتی و بەشێک لە لایەنەکان داوای دەکەن، ھەموارکردنەوەی رێژەی کورسی پێکھاتەکانە، بەجۆرێک لەگەڵ قەبارەی راستەقینەی خۆیاندا بگونجێت و نوێنەری راستەقینەی ئەوان بچێتە پەرلەمان نەک وەک ئێستا لایەنی سیاسیی دیکە یاری بە دەنگ و سەنگی پێکھاتەکان بکەن و لە خزمەتی پڕۆژە یاسا و خواستە سیاسییەکانی خۆیاندا بەکاریان بهێنن. ئەگەر بێت و ئەم ھەڵوێستەی یەکێتی و لایەنەکانی تر جێگەی خۆی بگرێت، بەدڵنیاییەوە ھەڵبژاردن بۆ کەشێکی لەبارتر و گونجاوتر دەگەڕێنێتەوە و سنوورێک بۆ ساختەکاریی دادەنێت و ھەڵبژاردن بەجۆرێک لە جۆرەکان رێگە دیموکراسییەکەی بۆ دەگەڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە پێداگریی لەسەر خاوێنکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کە گرفتێکی کۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش و کوردستانیشە، بەو پێیەی لە ساڵی 1997ەوە لە عیراق و کوردستان سەرژمێریی گشتیی نەکراوە و ئەوەی هەیە تەنها لەسەر مەزەندە و بنەمای فۆڕمی خۆراک و رێژەی لەدایکبوون و مردنە، ئەوەش جێگەی بڕوا نییە لەکاتێکدا ئێستا خەڵکێکی زۆر هەن کە مردوون یان لە دەرەوەی وڵاتن و بەشێک لەوانە لە فۆڕمی خۆراکدا نەمرێنراون یان لە هەندەرانن و مافی دەنگدانیان نییە، بەڵام لەلایەن کەسوکاریانەوە ناویان نەسڕدراوەتەوە لەبەر بەدەستهێنانی بەشە خۆراک و نەوت و موستەحەقاتەکانیان وەک هاووڵاتی وەردەگیرێت و لە دەنگدان و هەڵبژاردنەکانیشدا وەک بەشە خۆراکەکە مردوون و بەشی زیندوو دەخۆن.

وتارەکانی نوسەر