یەك دوو وشە بۆ شەهید ئەحمەد

09:48 - 2022-05-01
محەمەد كەریم
726 خوێندراوەتەوە

هاوڕێم، ئای برا رەشتاڵە باڵابەرزەكەم! دوو رۆژی تر (3ی ئایارە)، یانی (28) ساڵ بەسەر شەهیدبوونی تۆدا دەگوزەرێ و من هەتا ئێستا یەك وشەم بۆ نەنووسیویت. لەبەرئەوە نا كە ناتوانم بنووسم و نەهاتی وشەیە لای من. لەبەرئەوەی وشە دەرەقەتی جوانی و جوامێریی تۆ نایەت. وشە لە ئاستی وەسفی جەربەزەیی تۆدا كاڵ و لاڵە! چی بنووسم ناگاتە قولەپێی ئازایەتی و بەخشندەیی تۆ، تۆ گیانت بەخشی بۆ ئەوەی سەری خەڵك و خاك بڵند بێت. مشتێك وشەی سواو لە ئاستی چیای هەڵوێست و لەخۆبردوویی تۆدا لە بنچكێك زیاتر نییە. كەواتە چی بنووسم؟ بۆ بنووسم؟
دوای (28) ساڵ دیسان هیچم نییە، تەنیا چەند وشەیەكە كە دەمەوێت هەروا بە ئاماژە پێت بڵێم، یان وەكو جارانی رێكخستن بیچرپێنم بە گوێتدا، یان وەكو كاتی جەولە بڵێم بیگەیەنە. دوای ئەم ساڵانە كاكمان كۆچی كرد و هات بۆ لای تۆ، منیش رۆژگار سەری سپی كردم، كەچی تۆ 27 ساڵ، هەر گەنج و جوانی، هەر كوڕە قژ رەش و سمێڵ رەشەكەی جارانی! تۆ هەر زیندووی، لەناو دڵی ئێمە و خەڵكدا دەژیت، تابلۆیەكی تا ئەبەد رۆژگار ناتوانێت كاڵت بكاتەوە، ژیانێكی هەمیشەییت قەت قەت مەرگ ناتوانێت گرەوت لێ بباتەوە. ئارام بنوو، ئاسوودە بە، لە رۆژگاری بێبەهاییشدا تۆ هەر بەهادارترینی، لە قات و قڕیی وەفاشدا تۆ هەر وەفادارترینی.

وتارەکانی نوسەر