تیرۆریستەکانی داعش لە خێوەتگاکانی هۆل، کە45 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی باکووری حەسەکەوە دوورە، بەهەزاران کەس دەبن و بە دیاریکراویش بە پێی دوایین ئاماری مانگی کانونی دووەمی 2021، شەست هەزار کەسن، کە 80 ٪ یان ژن و منداڵن! هەڵبەت ژنەکان، باوەڕی تەواویان بە جیهاد هەیە و منداڵەکانیش جیهادیستی دواڕۆژن.
بەندکردن و سزادان بە هێشتنەوەی کەسانی تاوانبار لەنێو بەندیخانەدا مەبەست لێی چاکسازییە و ئەو لایەنەی ئەو کارە دەکات دەیەوێت تاوانباران لە نێو بازنەی تاوان بهێنرێنە دەرەوە و بکرێنەوە بە کەسانی ئاسایی لەنێو کۆمەڵدا، بەڵام ئایا ئەم تێزە راستە و تائێستا کاری خۆی کردووە؟ نەخێر.
لە مێژووی پتر لە نیو سەدەی رابردووی گەلی کورددا، رژێمەکانی عیراق، بەتایبەتی رژێمی بەعس، هەزاران کوردی خستە نێو زیندانەکانەوە، بە خۆشمەوە کە لە 1ی تشرینی دووەمی 1989 دا گیرام و 10مانگ لە بەندیخانەی ئەمنی هەولێربووم و پاشان تا 23ی 12ی1991 یش لە بەندیخانەی بەدناوی ئەبوغرێب بووم، بەبێ ئەوەی ئەو زیندانیکردنە، بەقەد سەرە دەرزییەک، وا لەو کوردانە بکات بڕوایان بە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەق ببێت!
توێژەری سیاسیی فەڕەنسایی هۆگۆ میشیرۆن، هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیسلامییەکان بۆسەر بارەگای گۆڤاری تەنزئامێزی شاڕل ئیبیدۆ، سەرنجی راکێشا و کەوتە دوای بابەتی جیهادییەکان و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی پشت چوونیان بەرەوپیری جیهاد و کاری تیرۆریستی و بۆ ئەو مەبەستە چاوپێکەوتنی لەگەڵ 80 جیهادیست لەنێو بەندیخانەکانی فەڕەنسادا کرد و لە چاوپێکەوتنێکیدا میشیرۆن لەوەڵامی پرسیاری ئایا بەندیخانەکان چ رۆڵێکیان لە پەیدابوونی رێکخستنەکانی جیهادی هەیە دەڵێت: ( کۆمەڵی ئێمە وا تەماشای مانەوە لە بەندیخانە دەکات کە گەورەترین سزای شیاوە، بەڵام مەسەلەکە لە لۆجیکی جیهادیستەکانەوە وا نییە. ئەوان سزای بەندکردن وەک تاقیکردنەوەیەکی خودایی و وەک دەرفەتێک بۆ خۆ رۆشنبیرکردن لێکدەدەنەوە، چونکە (بەندی) کاتی زۆرە بۆ خوێندنەوە. ئەو جیهادییانەی من چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کردوون وا تەماشای کات بەسەربردن لە بەندیخانەدا دەکەن کە هەلێکە بۆ پێگەیشتنی فیکری و عەقیدەیی).
ئەو قسانەی میشیرۆن بۆ هەموو بەندیخانەکانی دیکە راستە و لەماوەی رابردوودا بینیمان ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە رۆژئاوای کوردستان بەندن هەوڵیکی ترسناکیان بۆ دەستگرتن بەسەر بەندیخانەکەدا داو بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئاژاوەیەکی چەکداریی ترسناکیان لەنێو بەندیخانەکەدا نایەوە، ئەمەش بەڵگەیە کە بەندیخانە هەم شوێنێکە بۆ هەل رەخساندن بۆ تیرۆریستان تا پتر خۆیان لەڕووی عەقیدەوە رۆشنبیر بکەن، هەم شوێنێکیشە بۆ خۆڕێکخستنەوە و پتر پەرەدان بە رێکخستن.
هەر لەماوەی رابردوودا لەنێو ژنانی داعش لەنێو ئەو خێوەتگایانەدا چەندین جار پەلاماری تیمەکانی کۆمەکی مرۆیی دراوە و زەبریش لەو ژنانە وەشێندراوە کە پێیانوابووە باوەڕیان بە جیهاد لاوازبووە!
من خۆم، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەزموونی بەندیخانەم هەیە و ئەو ماوەیەی لە بەندیخانەی ئەبوغرێب بووم گەلێ کتێبی بەسودم خوێندنەوە و ئاسۆی زانین و زانیارییان فراوان کردم، بۆیە دەڵێم ئەگەرچی بەندیخانە، کە دواتر ناوینرا چاکسازیخانە، وەک شوێنێک بۆ کات بەسەربردنی تاوانباران و چاککردنیان و پاشان گێڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵ دانراوە، بەڵام واقیع دەریخست نەیتوانیووە ئەو رۆڵە ببینێت!