باکگراوند

مورافەعەکە و 140

09:50 - 2024-02-11
جەمال ئارێز
175 خوێندراوەتەوە

(31)

هەنووکە کورد و حزبە کوردستانییەکان لەبەردەم هەمان ئەزموونی 2003 – 2005دان بۆ سەلماندنەوەی کوردستانیبوونی کەرکوک لەسەر ئەرزی واقیع، بەڵام پێدەچێت قۆناغی ئێستا زۆر سەختتر بێت لەوێ رۆژێ، هاوکات زۆر ئاسانتریش بێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رۆژی 9ی شوباتی 2004 کە سەرۆک مام جەلال مورافەعە گەورەکەی کرد لەناو مەجلیسی حوکمدا، ئەوا دەزانین ئەوە جگە لەوەی ئەزموونێکی نوێ بوو، کارێکی سەختیش بوو، بەڵام هەلومەرج و دۆخ و سەنگ و پێگەی کورد لە هاوکێشەی ئەو رۆژگارەی عیراقدا کارەکەی ئاسان کرد.
بە گەڕانەوە بۆ ئەو باکگراوندە مێژووییە، دەبێت زەحمەتی و سەختیی مورافەعەکە لەلایەک و ئاسانی و سانایی کارەکە بۆ سەرۆک مام جەلال شرۆڤە بکەین و لەوسەریشەوە گرێی بدەینەوە بەمڕۆی پڕ لە گرفتی سیاسیی عیراقەوە.
قسەکردنی سەرۆک مام جەلال لە مورافەعەکەدا کارێکی سەخت بوو، چونکە بە درێژایی مێژووی دانوستانەکانی سەرکردایەتیی کورد لەگەڵ بەغدا کە زۆربەی قۆناغەکان سەرۆک مام جەلال سەرۆکی تیمی دانوستانکاری کورد بووە، دانوستانی لەگەڵ لایەنێکی حوکمڕاندا کردووە، جا یان رێکەوتوون لەسەر خاڵ و بەندەکانی وەرەقەی دانوستان، یان رێکنەکەوتوون، کە زۆربەی جارەکان دانوستاندنەکە لە بابەتی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری (ئۆتۆنۆمی)دا شکستی هێناوە، بەڵام جیاوازیی مورافەعەکەی نۆی شوبات لەوەدا بوو کە لایەنی بەرامبەر بڕیار بەدەستی تێدا نەبوو، بگرە هەموویان لە رووی پێگەی سیاسییەوە لەیەک ئاستدا بوون، ئەوەی جیای دەکردنەوە پێگەی مێژووی خەبات و سەنگ و قورسایی کەسایەتی بوو.
یەکێکی دیکە لە سەختییەکانی دانوستانەکە، دۆخی دوای رووخانی رژێم بوو کە سەرۆک مام جەلال هیچ داتایەکی نوێ و سەرژمێرییەکی نوێی لەبەردەستدا نەبوو تا لەسەر ئەو بنەمایە مورافەعەکە بۆ بەرگریی لە کوردستانیبوونی کەرکوک بکات، چونکە هێشتا نە بەشی زۆری ئاوارەکان لە هەرێمەوە گەڕابوونەوە و نە هیچ کام لە هاوردەکانیش کەرکوکیان بەجێ هێشتبوو، بۆیە بە ناچاری پەنای بردە بەر بەڵگەنامە و نەخشە مێژووییەکانی سەردەمی داگیرکاریی عوسمانییەکان و ئینگلیز و نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان پاشای عیراق و مەندوبی سامی بەریتانیا لە عیراق لەگەڵ لەندەندا.
ئەو بەڵگانە ئەگەرچی بەڵگەی کۆن بوون، بەڵام لەو دانیشتنەی مەجلیسی حوکمدا بوونە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەوتۆ کە باقی ئەندامانی مەجلیسی حوکمی غەیرە کوردیشی ئیقناع کرد بەوەی ئەگەر نەتوانن لەوێدا رەتی بکەنەوە، بەڵام لانیکەم ببێتە ناوکی مادەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی کاتی و دواتریش هەمان مادە بە ژمارەی 140 بخرێتە ناو دەستووری هەمیشەییەوە کە لە 15/10/2005دا راپرسی لەسەر کرا.
مورافەعەکە توانی بەرلە هەڵبژاردن و زانینی قەبارەی راستەقینەی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکاندا مادەی 140 بچەسپێنێت وەک مادەیەک کە بە یەکێک لەو مادانە هەژمار دەکرێت قابیلی هەموارکردنەوە نییە تا جێبەجێکردنی قۆناغەکانی.
ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە لەدوای 2005-ەوە چەند هەڵبژاردنێکی دیکە کراوە و لە هەموویاندا کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە پشتڕاست کراوەتەوە، ئاخۆ سەرکرایەتی سیاسیی ئێستا چۆن دەتوانێت دەست بە ناوەڕۆکی مورافەعەکە و لێکەوتەکانییەوە بگرێت و ئەوەی ماوە تەواوی بکات؟

وتارەکانی نوسەر